پارتی گەر رێكەوتنی دەوێت!

‌کەمال رەئوف

خۆێندەنەوەی پارتی بۆ واقیع تائێستا، لەخوێندنەوەی زۆربەی لایەنەكانی تر سەركەوتووتر و بەدیقەت تر بووە، بەڵام ئەوەی ئەوا دەكات پارتی نەتوانێت سود لەم خۆێندنەوەیە وەك پێویست وەربگرێت، ئەوەبووە لای ئەم حیزبە بەردەوام ئەركی دەوڵەتداری‌و حیزبایەتی تێكەڵبووەو نەیتوانیوە فاسیلەیەك لەنێوانیاندا دابنێت.

پارتی دەبوو بۆئەوەی رێز لەمۆدێلی سیستەمی بنەماڵەیی بگرێت‌و ریسكی پێوەنەكات‌و نەیخاتە بەردەم رەخنەی نەیارەكانی، دەبوو خۆی بەدور بگرتایەو هیچ هەوڵێكی نەدایە بۆ حوكرانییەكی بنەماڵەیی‌و هەیمەنەی حیزبی بەسەر دەستەڵاتەوە، چونكە گەر هەقی خۆی بێت لەحیزبدا بەلۆژیكی بنەماڵەیی ئیدارەكەی رێكبخات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەهیچ هەڵبژاردنێكدا متمانەی زۆریینەی كۆمەڵگەی بەدەستنەهێناوە، ئەوا هەمان مافی نییە لەحوكمرانیدا كۆپی ئیدارەی حیزبەكەی دووبارەبكاتەوە، چونكە ئەوە گوناهی خەڵك نییە ماڵباتی بارزانی ئێستا جیلی سێیەم‌و چوارەمیان پێگەیون‌و ئەوانیش بخوازن لەحكومەتدا پشك‌و پۆستیان هەبێت‌و جێگەی هەموویان ببێتەوە.

پارتی گەر رێككەوتنی دەوێت‌و لە رێككەوتنیشدا پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەلاوە گرنگە، دەبوو نیەتی رادەستكردنەوەی هەندێك پۆستی تری هەبووایە بەتایبەت لەو پۆستانەی ماوەیەكی زۆرە لای ماڵباتی بارزانییە، چونكە ناكرێت پارتی رێككەوتنی بوێت بەپۆستی سەرۆكی هەرێمەوەو مەرجی ئەوەشی هەبێت تەنیا گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی لایەنەكانی تر بكرێت، یان بۆ رازیكردنیان پۆستی تر بۆ ئەوان داتاشرێت. 

دیارە داتاشینی پۆست وەك رێگاچارەیەك بۆ قوتاربوون لەم چەقبەستنە سیاسییە جگە لەوەی نابێتە چارەسەرو نەنگییەكی گەورە دەبێت بۆ شێوازی حوكمرانی، لەهەمانكاتیشدا دەبێتە عەیبەیەكی گەورەش بۆ ئەو لایەنەی ئەو پۆستە قبوڵ دەكات.

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت بەراستی قەبارەی گرفتەكان وەك خۆی ببینن‌و دەیانەوێت دەریچەیەك بدۆزنەوە بۆ سوككردنی ئەركی سەرشانی خەڵك، یان دەیانەوێت كێشەكانی نێوانیان هاوتای گشت كێشەكانی حوكمرانی ئەم وڵاتە بكەن‌و بەداتاشین‌و گۆڕینی چەند پۆستێك پینەو پەرۆی وەزەعەكە بكەن؟

پارتی گەر رێككەوتن‌و تێپەراندنی ئەم قۆناخەی كردۆتە ئامانج، پێویست نەبوو نەخشەرێگاو دەستپێشخەرییەكەی بۆنی تێكدانی پەیوەندی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی لێبێت، نەدەبوو لەو شوێنەوە لەدەرگای گفتوگۆ بدا، كە جارێكی تر تۆخكردنەوەی كێشەكانی نێوان خۆیی‌و لایەنەكانی تر پیشانبدات‌و ئەوە نیشان بدات، كە ئەوەی لەخەیاڵدانی پارتیدایەو ئەوەی ئامانجە، تەنیا درێژكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمە لەبەرانبەر داتاشین‌و جێگۆركێی چەند پۆستێكی تردا، چونكە لەئاكامدا وادەر دەكەوێت ئەم هەوڵەش ئەوەندەی ئامانجی تێكدان‌و لێڵكردنی ئاوەكەیە، ئەوەندە پرسی چاككردنی وەزعەكەی نەكردووەتە ئامانج.


PM:06:30:10/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 3218 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی