رێككەوتنەكە ئەركی نەوشیروان مستەفای قورستركرد

‌کەمال رەئوف

رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی قۆناغێكی نوێی سیاسی، بەهاوكێشەیەكی جیاوازی هێزەوە هێنایە ئاراوە، لەم رێككەوتنەدا شێوازو مۆدێلێكی نوێ‌ پیادەكراوە لەرێككەوتن، شێوازێك كە چیتر مۆدێلی رێككەوتنی شەفەیی‌و شاراوەی تێپەراندو پرسیاری لەسەر هەموو ئەو رێككەوتنانەش دروستكرد، كە پێشتر لەنێوان لایەنەكاندا هەبوون. 

تێپەراندنی قۆناغێك لەمۆدێلێكی رێككەوتنەوە بۆ مۆدێلێكی مەدەن‌و شەفاف، بێ‌ هیچ دوودڵییەك جگە لەوەی جێگای رەزامەندی خەڵكە تارادەیەكیش زەمانەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەبێت.

لەم رێككەوتنەدا كەسایەتی نەوشیروان مستەفا دەبێتە میحوەر بۆ سەركەوتن‌و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، هەر بەو پێیەش ئەركی ئەو لەجاران قورستر دەبێت‌و واپێویست دەكات ئەو چیدی بەتەنیا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكەی نەبێت، ئەوەندەی گرنگی بدات بەرێكخستن‌و فۆرمۆڵەكردنەوەی ئەو شوێنەی پێش رێككەوتنەكە پێدەوترا زۆرنی (نیلی‌و سەوز)، كە باشترە چیتر زۆنی نیلی‌و سەوز لەئەدەبیاتی سیاسی خۆیاندا بسرنەوە، چونكە لەم دەڤەرەدا جگە لەو دوو لایەنە، لایەنی ترو خەڵكی بێ‌ لایەنیش هەیە، بۆیە كاك نەوشیروان ئەركی ئەوەشی دەكەوێتە سەرشان، كە زۆنەكە بكاتە زۆنی دانیشتوان‌و خەڵكەكەی نەك تەنیا دوو حیزبی دیاریكراو.

نەوشیروان مستەفا لەم قۆناغەدا پێمانخۆش بێت یانا، پێگەی ئەو هاوشێوەی مەرجەعێكی لێدێت تا لەگەڵ شەریك‌و لایەنەكانی تریش، پێكەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی خەڵك بدەنەوە، كە پێشتر كەس نەیدەزانی ئاراستەی كێیان بكات، هەر ئەمەش وا لەبەرێزیان دەخوازێت جیاوازی گەورە بكات لەگەڵ قۆناغی پێش واژووكردنی رێككەوتنەكە. 

ئەمەی ئێمە دەیڵێن تەحسیل حاسڵی پەكخستنی پەرلەمان، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئیفلیج كردنی حكومەت‌و ئەو تەنگژانەیە، كە قورساییان بەسەر خەڵكەوەیەو بەبێ‌ چارەسەر ماونەتەوە، واتە ئەمە بەرئەنجامی رێكنەكەوتنی لایەنەكانە لەسەر قاعیدە كۆنەكە، كە بڕیاربوو گەمەی دیموكراتی بكرێت مۆدێلی كێبەركێ‌و دەستاودەستكردنی دەستەڵات لەبەرێوەبردنی وڵات بچەسپێنرێت.

پارتی دیموكرات، كە هێزێكی كارای ناو مەیدانەكەیە، پێویستە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا بكات، بۆیە هەق وایە پارتی دیدی خۆی لەهەندێك رووەوە بگۆرێت‌و مامەڵەیەكی جیاوازی ئەرێنی لەگەڵ ئەم قۆناغەنوێیەدا بكات، چونكە هەڵەیەو  ناكرێت چیدی بەلۆژیكی قۆناغی پێش ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.



PM:04:36:20/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3982 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی