كاتی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتە..

‌کەمال رەئوف


  ئێستا لەهەمووكات گونجاوترە، ستافی حكومەت دەستلەكار كێشانەوەی خۆیان تەسلیم بكەن و شكستی حكومەتەكەیان راگەیەنن، ئاشكرایە حكومەتێك كە لە رابردوودا نەیتوانیبێت بەو داهاتە قەبەیەی بەردەستیەوە ئەم وڵاتە بخاتە سەرسكە، بەو هەموو ساڵە نەیتوانیبێت كێشەكارگێری و ئیدارییەكانی رێكبخات، گەر نەیتوانیبێت تائێستا متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێت و  نەبوبێتە حكومەتی هاوڵاتیان، ئەبێَت ئێستا خەڵك چۆن ئومێد بە پرۆژە چاكسازییەكانی بكات. سەرۆكی حكومەت كە نزیكەی پانزە ساڵە لەو پۆستەدایە، لەسەرگوڵی تەمەنی سیاسی خۆی سەرگوڵی حوكمەتداری لەهەموو كەس زیاتر كەوتە بەر دەست، ئێستا هەق وایە بەجەرائەتەوە بەرپرسیارێتی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقی ئەم شكستە لەئەستۆ بگرێت لەپێش كەسێك، خۆی شكستی حكومەتەكەی راگەیەنێت و چاوەرێی لەوەزیاتری رەحمەتی حیزب نەبێت پشتیوانی بكات، ئێستا تاكات درەنگتر نەبووە هەق وایە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و پۆزش بۆ جەماوەر بهێنێتەوە، ئێستا پێش ئەوەی كارلەكار بترازێت، پێش ئەوەی بێومێدی زیاتر، وابكات خەڵك راپەرین بكەنە تاكە رێكچارە، واباشترە حكومەتەكەی بەكۆلێك مەلەفی نارۆشنی نەوت و قەرزاری رادەست بكات و كەنار بكەوێت.

 ئێستا لەهەموو كاتێك گونجاوترە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەرپرسە باڵاكان، بیر لەهەنگاوی گەورەبكەنەوە، چونكە چیتر دروشمی چاكسازی لای خەڵك بووەتە دروشمێكی گاڵتە جاریی و ناتوانێت ئومێد بەخەڵكێك بداتەوە. قۆناغەكە هەستیارە، ناكرێت سەرۆكی حكومەت و ستافەكەی كە بەشێكی زۆری خەڵك بەسەرچاوەی نەهامەتییەكانیان دەزانن، ئەوان لایان وابێت تەنها خۆیان دەتوانن فریادرەسی ئەم قۆناغە بن، ناكرێت، هەموو دەستكەوتەكانی 25 ساڵی رابردوو بخرێتە بەردەم مەترسی لەپێناو رازیكردنی دڵی چەند كەسێك، كە لەرابردوودا بۆ حكومەت و خەڵكح شكستیان زۆرتر تۆماركردوە لەسەر كەوتن، بۆیە زۆریینەیەك لایان وایە تا ئەوان لەو پۆستانەدابن، هیچ هەنگاوێكی بەرەوپێشچوون نایەتەدی وهیچ شتێكیش ناگۆرێت جگە لە تۆخكردنەوەو بێئومێدی زیاتری جەماوەر.

ئێستا كاتی ئەوەیە تاكار لەكار نەترازاوە حكومەت هەڵوەشێتەوەو حكومەتێكی كاربەرێكەر دامەزرێت، حكومەتێك بتوانێت پەنجە بخاتە سەر برینەكان و دەستكراوەبێت لەتێپەربوونی هەموو ئەو ناشرینیانەی ئەمرۆیان دروستكرد، خۆگەر وانەكرێت، كەس زەمانەتی ئەوەناكات، تورەبوونی خەڵك سبەینێ‌ بەكۆیی ئەگات.


AM:10:07:08/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3401 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی