نامەكانی شاسوار عەبدولواحید و كۆمەڵ و یەكگرتوو

‌کەمال رەئوف

ناوەرۆكی نامەكانی مامۆستا عەلی باپیرو و مامۆستا سەلاحەدین بۆ نەوەی نوێ‌ و كاك شاسوار، پێشبینیكراو بوو، ئەوان بەوەڵامەكانیان شاسوار عەبدولواحیدیان بێئومێد كرد لەوەی بەم حاڵەیانەوە بتوانن كاری هاوبەش بكەن، دیارە پێشتریش لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، شاسوار عەبدولواحید تاسەر ئێسك ئەوان و بزووتنەوەی گۆرانیشی لەكارێكی پێكەوەیی نائومێد كرد.

دەبوو نامەو پەیامەكەی نەوی نوێ بۆ كاری هاوبەش پێش هەڵبژاردنەكان بوایە، چونكە كەس نییە لەم وڵاتە ئەوەنەزانێت بۆ رزگاربوون لە دۆخی چەقبەستوی هەرێم، كاری هاوبەش پرۆژەی هاوبەش دەبوو ئەولەویتی بێت. مامۆستا عەلی لەنامەكەیدا دەڵێت" كاری هاوبەش و هەرەوەزی پێویستی بە یەكخستنی هەڵوێست و متمانە بەیەككردن هەیە".

دیارە ئەو دوو پایەیی باسكراوە ئێستا نەك لەناو هێزەكاندا نییە، تەنانەت لەناو یەكهێزیشدا كەمە، هەربۆیە كورتی دەستدەنێت بەروویەوەو دەلێت متمانە نییە.

هەڵەی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات بەگشتی ئەوە بوو نەیانویست، یان نەیانتوانی متمانە بەیەك بكەن و هەڵوێستەكانیان یەكبخەن و هاوپەیمانیەكی تۆكمەی خاوەن پرۆژە راگەیەنن.

ئێستا ئەوان لەبەردەم رەحمەتی پارتی و یەكێتی بەپەرتەوازەیی ماونەتەوە، پارتیش باش لەوە تێدەگات، مانەوەی ئەم ئیدارەو حكومەتە بەستراوەتەوە بە شەراكەتی یەكێتییەوە، نەك ئەوان، ئەوەی ئێستا تەنها شتێك كە لە خولەكانی پێشوو جیایی بكاتەوە ئەوەیە، كەپارتی دەتوانێت لەناو پەرلەمان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و یەكێتیش ئەتوانێێت، لەپەرتەوازەیی هێزەكانی زۆنەكەی، براوەی یەكەم بێت.

هەر بۆیە هەردولا خۆیان بەبراوە ئەزانن، چونكە نەپارتی ئەیویست بەبێ‌ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت، نەیەكێتیش ویستویەتی یەكەمی كوردستان بێت، لەرابردووشدا ئەوان دووكۆڵەكەی ئاسۆیی بوون بۆ راگرتنی یەكتری، پرۆژەكەی شاسواریش وەك لەنامەكەی مامۆستا سەلاحەدین دا هاتوە،  جارێ‌ با "زەمینە ساز بكەن و رێگە خۆش بكەن"، ئەوكاتە بابەتی كاری پێكەوەیی بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ، چونكە وەك بەرێزیان ئاماژەیان بۆكردوە، "ئەوان هەم بەشێكن لەهۆكار و هەم لەقوربانی".


AM:08:35:14/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 3240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی