دوای سەر زەوی و ژێر زەوی، کارەباش بۆ هەڕاج

‌پەروا علی


زۆر قسە لەسەر بەهەدەر دانی سەروەت و سامانی هەرێم کرا، زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە  هەردوو حیزبی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە نە ئەویان دیموکرات خوازە و نە ئەمیشیان یەکێتیان لە نێواندایە. وەک برا سەر زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان قۆرغ کرد،  بەشی حەوت پشتیان کۆکردەوە و لە شوێنی ئەمین پاراستویانە، هەرکات ترسێک هەبوو وەک ئەو شەوەی داعش لە هەولێر نزیک بۆوە، بەپەلە لە فڕۆکەخانەکانەوە هەڵدێن. ئەوەی ئێستا لەسەری ڕێناکەون و خستویانەتە سەر ویل، هەڕاجی ئەکەن! کوردستان بۆتە هەڕاجخانەیەکی گەورە و هەنگاو هەنگاو وێران دەکرێت.

 لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەوکاتەی خەمی هەموان ڕزگاری کوردستان و بونیات نانەوەی بوو، بەرژەوەندیەکان نیشتیمانی بوون هیوا هەبوو، دەتوانرا بناغەیەکی پتەو دابنرێت بۆ هەموو کەرتەکان، پەیڕەو و پرۆگرامی هەموو حیزبەکان جوانترین و پتەوترین بون بۆ خزمەتی گەل، هەرچەندە ئێستاش هەرهەمان پەیرەوە، بەداخەوە جێبەجێ نەکرا وهەر لەوکاتەوە تاڵانی دەستی پێکرد. ئەوکاتە خەڵک لە دوای دەسەڵاتەوە فێری تالآنکردنی کارگە و کێبڵ و فنجان و وایەری کارەبا و شۆڤڵ و سەیارەی جۆراو جۆر بوو. حیزبەکان  و ئەندامەکانیان  بونە خاوەنی بەرژەوەندی تایبەت چونکە ئەرکی ئەوان بەخێوکردنی حیزب بو نەک هاوڵاتی بێلایەن.

 ئەوکاتە کێشمە کێشی بەرژەوەندی هاتە کایەوە بە ئاشکرا سامانی ماددی و مەعنەوی بەش بەش و تاڵان کرا، تەنانەت بۆ گەورەکردنی خۆیان، مێژووش تاڵان کرا. ڕەمزە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیش بەش بەشکران! سەنگەرەکان، ناوی پیرۆزی شەهیدان شێوێنراو، جاشەکانی سەردەمی بەعس چونە ڕیزی شەهیدانەوە و وێنەکانیان لە سەرو وێنەی شەهیدە قارەمانەکانەوە هەڵواسران.

قۆناغ قۆناغ تالآن کردن و هەڕاجکردنی  کەرامەت و ڕوح دەستی پێکرد،  ئەوەی پارەیەکی باش و پەیوەندییەکی باشی نەبو لەگەڵ حیزب و بنەماڵەی سەرەک حیزبەکان، خزمەت و ڕابردوشیان تاڵان و هەڕاج کرد، هەمیشە لە خزمەتی خانەوادە دەست ڕۆشتوەکانی شار و لادێ کاندا بون، هەژار و بێکەسەکان  بێ مێژوو مانەوە، کەسوکاری شەهیدانیش جیاواز مامەڵە کران.

دوای شارەکان بەرەو دەرەوەی شار وهەڕاجکردنی هاوینەهەوارەکان ڕۆشتن، بە سەدان دۆنم لەسەر بەرپرسانی حیزب و هاوەڵ و دەست و پێوەندەکانیان تاپۆکرا و لادێ نشینەکانی کاتی خۆی خزمەتیان دەکردن وەک پاداشت کران بە پاسەوانی باخەکانیان، هەڵمەتی دابەشکردنی زەوی بەسەر برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان دەستی پێکرد، پیت وبەرەکەتی خاک هەڕاجکرا..

کە ڕەحمەتی نەوتی نەفرەتی دەرکەوت، ئەوکاتە هەڕاجکردنی سامانی وڵات بو بە کلتوری حیزب، مەخابن کێڵگە نەوتیەکان بەشکران ولەلایەن پارتیەوە بە عەقدی پەنجا ساڵە هەڕاج کران..

لە سایەی ئەو پلانەی بۆ بێپلانی دانرا لەلایەن ئەم دەسەڵاتە مافیایی و تاڵانچیە، مافی هەموان لەبەرامبەر ئەرکەکاندا، مەخابن تاڵان و هەڕاج کرا، قوتی کەم ئەندامان، مناڵی شەهیدان،  پێشمەرگە گیان بەختەکان و هەموو چین و توێژەکان، ئەمجارە لە سایەی حکومەتی شکستخواردو بەناوی پاشەکەوت تاڵان کرا، کەرامەتی ئینسان لەم هەرێمە هەڕاج کرا وبەردەوامە، هەرێم بۆتە هەڕاج خانەی ڕوح..

هیچ حیزبێک زاتی ئەوەی نەکرد بە شکۆوە بکشێتەوە دوای ئەوەی شکۆی پەرلەمان هەڕاج کرا لەلایەن پارتیەوە و مانەوەیان بە پاساوی ناوبژیوان هەڵبژارد، کە ئەو دەمێکە شکۆی هەڕاج کردون..

حوکمڕانی دەمێکە هەڕاج کراوە لەم هەرێمە، دواینیان فرۆشتنی وەزارەتی کارەبایە بە کەرتی تایبەت،  کارەبا کە لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک و حکومەتە، وەزارەتێک کە  هەموو کەرەستەکانی هی حکومەتە و فەرمانبەران و پسپۆران بوونیان هەیە تاڵان فرۆش دەکرێت، لەم بڕیارە نا بەرپرسەی حکومەت کە فرۆشتنی ئەم وەزارەتەیە، بە پلەی یەکەم هاوڵاتیان زەرەرمەندی گەورەن، بەڵام وەک هەمیشە پاساوی پارتی قەیرانە.

ئێستا کە هیچ نەماوە بۆ دابەشکردن لە دوای ئەوەی  سامان ودەسەڵات هەمووی بەشکرا ودەوڵەتداری و حکومەت و پەرلەمان هەڕاج کران. دورنیە ئێوەی دەسەڵات پێتان وابێ باشترین هەنگاو هەڕاجی خودی کوردستانە بە مێژوو کلتور ومرۆڤ و خاک و ..  دوا جار ئێوەش شکۆ و کەرامەتتان لەمێژوی هاوچەرخ دا نەک هەر هەڕاج، بە نەفرەت ئەکرێن.





AM:11:44:10/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 4193 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی