سیسرک و کلتوری کوشتن...

‌پەروا علی

پەروا علی


بارو دۆخی کۆمەڵگای کوردی وبەتایبەت باشور زۆر جار لەبار بووە تا کاری قێزەون و ناشرینی تیا ئەنجام بدرێت، تیرۆری مرۆڤەکان خەریکە لەرادە بەدەر دەبێت و دەگاتە ناشیرینترین ئاست. ژن کوشتن بێت یان پیاو کوشتن، کێن ئەوانەی ڕۆژانە دەمانکوژن؟!


ئەوانە کاریگەری و ترسیان لەو سیسرکانە زیاترە کە دەگوترێت هێنراون بۆ گەرمیان و هێشتا پشتراست نه‌کراوه‌ته‌وه‌، ئەو سیسرکانە ئەمنی قەومی و ئابوری هەرێم تێک دەدەن، خاک و تاک و ژیان دەشێوێنن، ڕاستی تیایە کە هەر دۆخێکی نامۆ جا بۆ هەر بوارێک بێت کاریگەری نیگەتیڤی خۆی هەیە، بەڵام کوشتنی کەسێک زۆر بە ئاسانی لە هەمو شارەکانی کوردستان بە پاساوی بی مانا و هیچ ! جگە لە بیروڕای ئازاد و تەماعی پارە و سەرمایە، جارێ بە هۆی داگیرسانی فوللایت و جارێ بە پاساوی کێشەی کۆمەڵایەتی و نەگونجاندن، جارێک بە ....و ... و ..جارێک بە بارانی پەڵە!!! ..


ئەو سیسرکە ناوخۆییانەی بونەتە مۆتەکەی سەر ژیانی تاکەکان گەلێ لە سیسرکە دەرەکیەکان خەتەرتر و قیزەونترن. زۆر جار چالاکوانای ژنان و خەمخۆرانی پرسی ژن باس لە کوشتنی ژنان دەکەین ، باس لەو کلتورە ناشرینەی بەردەوامە لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژییەکان دەکەین، بەڵام دوا جار هەموو انی گرتۆتەوە.


ئەو سیسرکانە بە ئاسانی لەناو دەبرێن وەلێ سیسرکە مرۆڤ کوژەکان بەهیچ زەهر و شەکر و دەرمانێکی کیمایی لەناوناچن و بەردەوام لە زیاد بوندان و زیادیان دەکەین..


هەڵکشانی رادەی توندوتیژی و بێ بەهایی مرۆڤ لەم هەرێمەی من بۆتە دیاردەیەک کە یان دەبێت بەدڵی من بیت یان دەبێت بتکوژم.. ئەوە جگە لە کوشتنی بەردەوامی ڕوح ..کوژرانی کەسێک ، کە جاران ژنان قوربانی سەرەکی بون بەلام ئێستا پیاوانیشی گرتۆتەوە ، هێندە ئاسان بووە کەی و لە کوێ و چۆن؟ هیچ بیرکردنەوەیەکی ناوێت بەڵکو زۆر بە ئاسانی لەسەر شەقامی گشتی، قەرەباڵغترین بازاڕ، بەردەم حەرەمی زانکۆ و تەنانەت چەند سەد مەترێک لە نزیک ئاسایشیش ئەنجام ئەدرێت !


ئەوەی جێگای نیگەرانیە بەکلتورکردنی توندوتیژییەکانە، وەک هەمیشەش پاساوی نەخۆشی دەرونی یا کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دەهێنرێتەوە ، لە غیابی یاسا و سەربەخۆبونی دادگاکان، هێز و منی مەزن بۆتە یەکلاکەرەوەی کێشە هەمەجۆرەکان. بەرەو هەڵدێر چونی کۆمەڵگا بەم شێوەیەی ئێستا هەیە، هیچ مانایەکی بۆ ڕێزی ئینسانەکان نەهێشتۆتەوە ، چەمکی پیرۆزیەکان، خۆشەویستی و میهرەبانی و لێبوردن . چ ڕەشبینیەکە ئینتیمابون و بەستنەوەی تاک بە جوانییەکانی ژیان و خاکەوە تەنها پێڵاوەکانت بێت!!..

زۆربەی حیزبە سیاسییەکان لە خراپترین سیسرکەکانن، ئەوان هەمەچەشنن بەردەوامن و هەمیشە هەن..


AM:11:24:14/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 4186 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی