گردی سەیوان جێ نزرگەی عەرەب ..

‌پەروا علی

نا بۆ بە عەرەب کردنی سلێمانی.. لە میانی ئەو فەرمانەی پارێزگاری سلێمانی ژمارە ٦٤٤٨ لە ٦\٦\٢٠١٦ بۆ سنوری پارێزگای سلیمانی دەرکراوە ، غەیرە کوردەکان بۆیان هەیە خانو و شوقە بکڕن و لەسەریان تاپۆ بکرێت هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی.

بڕوامان بە مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن هەیە لە بەهای مرۆڤ، بەڵام هەنونی ئەم جۆرە فەرمانە لە کاتێدا دەبێت کە ئێمە خاوەنی کیانی خۆمان بین و توانیبێتمان ناوچە دابڕێنراوەکان بگەڕێنیەوە سەر هەرێمی کوردستان، سەربەخۆبین و خاوەنی دەستور و ئاڵای خۆمان بین، ئەوکات وەک دەوڵەت هەلسوکەوت دەکەین.

پاساوی ئەم فەرمانە هێنانی سەرمایەیە بۆ ناو کوردستان بەمەبەستی گەشەی ئابوری و گەشتیاری،،، بۆ چەند ساڵێک دەچێت زیاد لە ملیۆنێک ئاوارەی عەرەب نیشتەجێی کوردستانن، ئەی کوا پارە و سەرمایەکانیان؟ جگە لە تەنگهەڵچنین بە هەمو بوارەکان، لەم قەیرانە داراییەدا چ سودێکیان هەبووە؟ دەرئەنجام تێکجونی دیمۆگرافیای کوردستان و بە عەرەب کردنی هەمو ناوچەکان دەبێت. جێبەجیکردنی ئەم فەرمانە هەمو ناوچەکان دەگرێتەوە و جوانترین و گەشتیارترین ناوچە دەدریتە عەرەبە چاوڕەشەکانی برامان، کە زۆریان بەرهەمهێنی داعشن. لە ئێستادا کە ئەو فەرمانە نیە چەندین بەرپرسی عەرەبی شۆڤێنی خانو و زەویان پێدراوە لە هاوینەهەوارەکانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی نا بەرپرسی کوردەوە، هاوڵاتیانی کوردیش وەک کرێکار و پاسەوان لە باخ و ڕەزەکانیاندا کاردەکەن. هیچ دورنیە ناوجەکانی سەرسنوری قەندیل و زەڵێ و بەرگەڵوشیان پی بدرێت.

بێ متمانەیی بەدەسەڵاتی کوردی وای کردووە لەهەمو هەنگاوێکتان بە گومان بین، هەمیشە دەسەڵاتی کوردی پاساوێکی هەبووە بۆ گەندەڵی و گیرفان پڕکردن و شەرعیەتیشی پێ دەدات، دەنا چ هاوڵاتیەک هەیە خوازیاری چاکسازی و دەرچون نەبێت لەم بارودۆخە ئاڵۆزە، ئەوە چ پاساوێکە کە بەهۆی ئەوانەوە سەرمایە بێتە ناو کوردستان؟ بۆ ئەوەی ئەو داهات و سەرمایە زۆرەی ئەدزرێت لە کوردستان زیاتر بڕواتە دەرەوە و داوای گەڕانەوەی نەکرێت؟

 ئەگەر پرسی نەتەوەیش بخرێتە لاوە، پێمان ناڵێن ئەو پارە زۆرەی چەندین ساڵە دێتە کوردستانەوە چی لێهات؟ ئەم هەرێمەی ئێمە وەک دەفرێکی کون وایە هەرچی تێبکرێت نابێتە هۆی کەڵەکەبونی سەرمایەو  وەبەرهێنان و خێر و خۆشی بۆ هەرێم، لەچەند ساڵی ڕابردودا زیاد لە ١٢٠ ملیار دۆلار هاتۆتە هەرێم چی بەسەرهات؟ ئەمە جگە لەوەی ساڵانە بە دەیان هەزار گەشتیاری عەرەب دەهاتنە هەرێم ، چەند سود لە هێنانی ئەو سەرمایانە وەرگیرا، هەرێم پێش ئەوەی پێویستی بە هێنانی عەرەب بێت پێویستە کونی ئەو خەزنەیە بگرێت کە هەرجەندی تێکەیت بەهۆی گەندەڵییەوە تیا نامینێت.

لەبری ئەو ڕێگەچارە خراپە پڕ موجامەلەیە، باشترە هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەری گەندەڵی و کۆمەڵگایەکی شەفاف و کراوە دروست بکرێت ،تا فشاری زیاتر بکرێت بۆ گەڕانەوەی سەرمایە دزراوەکانی حیزب و کۆمپانیا گەندەڵەکانی سێبەریان لە ناوە و دەرەوەی کوردستان ، نەک هێنانی عەرەب بۆ کڕینی دەیان خانو و شوقە و باخەکانی بەرپرسان بەناوی رزگارکردنی هەرێم لەقەیرانی دارایی...

سڵ ناکەنەوە لە دەرەنجامی بەعەرەب کردنی سلیمانی بەتایبەت و شارەکانی تری کوردستان کە سیمای نەتەوەیی بگۆڕێت ؟ توانەوەی خەسڵەتەکانمان نابێت لە چەندین ساڵی داهاتودا؟
دڵنیابن پاش ماوەیەکی تر گردی سەیوان و شەهیدان دەبێتە جێ نزرگەی باوک و باپیری عەرەبی برا.. شەقامی سەهۆڵەکە و ئەزمڕ و گۆیژە پڕدەبێت لە عەگال بەسەر لە جەژنی نەورۆزدا، دەبنە شەریکەبەش لەو تۆزە جوانییەی باشور کە تەنها لە بواری سروشتی و کلتوریدا ماویەتی ، پاش ئەوەی سیاسەت تەواو دۆڕا لە هەرێم.

کەرکوک و خانەقین و شەنگال و هەمو ئەو ناوچانەی تری کوردستان سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان خۆیان بە کوشت داوە لە پێناویدا ،دەتانەوێت ئەو بستەخاکەی کە ماوە وەک فریادڕەس بۆ خۆشگوزەرانی ببەخشن؟؟؟؟ چ نابەرپرسیارێتیەکە گەلۆ؟؟؟
بەگژداچونەوەی ئەم بڕیارە سەد ئەوەندەی گەندەڵیەکانی تر ڕەوایە، پاساوەکانتان بۆ خۆتان هەڵگرن دەسەڵاتدارانی نابەرپرس .
 ئێمە ماڵمان لە خۆیا نیە و میوانیشی بۆ دەهینین...



PM:10:27:14/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4123 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی