لە یادی ٨ی مارس دا، ئەمساڵیش نەگۆڕاین !

‌پەروا علی

ئێمە وەهاین ناگۆڕێین و نامانەوەێت لە ٨ ی مارسی ئەمساڵیشدا بگۆڕێین، هەروەک نەنکمان (حورمەت و خۆشەویستیم بۆ نەنکی من و ئێوەش)، کونجی قەناعەتی ئایدیۆلۆژیامان گرتووە ولەو نیوەندە دا  لە نێو تەمی ترس و ئەوی دی قبوڵ نەکردن دا ئەگوزەرێین.

ئێمەی ژنان و کچان و هەموو دەستەواژەکانی تری مێینە بوون لەم هەرێمەی من  لە باشور نەمانتوانی گووتارێکی یەکگرتوومان بۆ ژنان هەبێت، ژنانی تێکرای حیزبە سیاسییەکانی ناوەوەو دەرەوەش خۆمان بەتەنها لە کێبڕکێی چالاکیداین بۆ ئەم یادە، دەیان چالاکی جۆراو جۆر ئامادە کراوە کە لە زۆرینەی چالاکییەکاندا پەنجە بۆ بەرامبەر ڕادەکێشین بۆ پیاوانی دەسەڵات و دین و کلتورن و بە عەقڵییەتی پیاوانەوە کە نەیانهێشتووە مافەکانی ژنان دەستەبەر بکرێت یا تەنانەت  ڕێزی لێبگیرێت، لای زۆرینە باوەڕیان وایە ژنان هەمیشە  چقڵی چاوی خێزان و خێڵ و عەشرەت بن، کە تەواوی سیستمی سیاسی لای ئێمە سیستمی خێلە و گەڕانەوەیە بۆ ئەو قەدەرەی کە باوە و باوبووە.


ئەوەی ئەگوزەرێ و ئەم دۆخە چەق بەستووەی هێشتۆتەوە پشکێکی بەر خۆمان دەکەوێت ئێمەی ژنان، گەر باسی پێش راپەرین نەکەین و خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان  لە دوای راپەڕینەوە بەرچاو بگرین، دەیان و سەدان ژنی چالاک و لێهاتوو هەبوون و هەن جگە لە چەندین ڕێکخراوی حیزبی و سەربەخۆ کە لەم بوارەدا کار دەکەین، بەڵام بەداخەوە نەگۆڕاین و نامانەوێت بگۆڕێین، بەهەمان ڕیتمی ساڵانی زوو هەرگروپەی بەتەنها و لەنێو چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای خۆی بەدەر لە ژن بوون وەک پرسێکی گەورەتر هەول ئەدەین، دەربڕینی ئازارەکانمان بە تەنها و تاکلایەنە ئەخەینە ڕوو، ئەگەڕێین بۆ میکانیزمی جیاواز بۆ شێوازی ناوازەو تایبەت،  نامانەوێت کەسمان لەوی دی بچین خۆمان بە باشترین دەزانین لەوانی تر، لەکاتێکدا من هەر ژنم لە هەرکوێ بم هەر تەمەنێک و هەر ئاین و نەتەوەیەک بم ئازارەکانمان هەمان ئازارە لە بنەڕەتدا.

ژنانی باشوریش وەک پارچەکانی تر کەمیان نەکردووەو هاوشانی پیاوان، ئەگەر وەک پێویستیش نەبوبێت، هەوڵیان داوە و بەردەوامن، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە هەروەک چۆن حیزبە سیاسییەکان نایانەوێت بگۆڕێن و لە سەر کلتوری باپیرانیان بەردەوامن لەگەڵ جیاوازی زەمەن، ئێمەش هەمان دەستوری نەنکمان ترسمان هەیە لە ئەوانیتر ئەمە پارادۆکسی کەم بینین و قبول نەکردنی بەرامبەرە، ترسە لەوەی کە منیش هەم و باشترم لە تۆ.!

هەموان شانازی بە ڕوڵی قارەمانانەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان دەکەین کە هەموو هەڵسەنگاندنە شێواوەکانیان بۆ ژن تێپەڕاند، ئەوان لە دۆخی ئێستادا وەک ئازاترین جەنگاوەر خۆیان سەلمان کە خوازیارین لە قۆناغی داهاتودا وەک ژنێکی لیبراڵ لە هەموو بوارەکانی تریش ئەوە بسەلمێنن، ئەوان توانیان مێژوو تێپەڕێنن و لە ئەمڕۆدا بژین.

ئاواتم بوو ئێمەش ئەو مێژووەی چەندین ساڵە دووبارە دەبێتەوە بەتایبەت لە ٨ ی مارس دا تێیپەڕێنین، هەموان یەک هەڵوێست و یەک گووتارمان هەبوایە،  پێکەوە بە زمانی سیاسەت و ئەدەب و هونەر بەگژ نا داد پەروەری و نایەکسانی جێندەری و پەرت پەرت بووندا بچینەوە،  ئەو هەموو چالاکیەمان یەکخستایە لە یەک جێگا و لە یەک کاتدا بوایە، نەک تەنها لە رۆژی ٨ ی مارس دا زیاد لە دە چالاکی هەیە کە هەر یەکەو سەر بە حیزب و لایەن و گروپێکی جیاواز، نە کەس دەنگی ئەوی تر دەبیستێ و نە کەسیشمان ئامادەی گوێگرتنی بۆچونی ئەوی ترین.
 وێرای پیرۆزباییم بۆ هەموو ژنان لەهەرکوێ بن،  درود  بۆ روحی هەموو ئەوژنانەی تیرۆرکران، سڵاو بۆ ئەوژنانەی باجی ژن بوون ئەدەن. دەرئەنجام هەمووان بەرپرسین و ئەمساڵیش نەگۆڕاین.!



PM:08:58:07/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 3853 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی