نازانم ئێمە فەرمانبەری خوداین، یا حکومەتی هەرێم؟!

‌پەروا علی

پاڕانەوە بۆ مووچە چ کارەساتێکە لەم هەرێمەی ئێمە، سەرۆکی حکومەت و یاوەرەکانی مامۆستایانی ئاینی کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی دوعایان بۆ بکەن بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، بەڵکو خودا لەم قەیران و زوڵمەتەی ئێستا ڕزگارمان بکات، ئاخۆ ئەمە بڕوا بوونیان بێت بە قەدەری خودا و زەفەر پێبردنی شەیتان کەوا بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتبێت؟

یا مایە پوچی حکومەت و حیزبە گەندەڵەکانمانە؟

ئەوەی چەندین ساڵە لە خێر و بێری وڵات و قوتی خەڵکی دەشاردرێتەوە، بێ گوێدانە چارەنوس و ئایندەی هاوڵاتیان، ئەوە ئێوەن کە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پێشبڕکێتان بووە بۆ چونیەتی زۆرترین بە تاڵانبردنی سامانی ئەم هەرێمە.
دەیان کۆمپانیای حیزبیتان لە سێبەر و لە ڕوناکیدا دامەزراند کە قازانجەکەی تەنیا بۆ بنەماڵەکانتان بوو، نەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە. ئەوە قەڵەو کردنی ئەندامان و لایەنگرانتان بوو لە ڕێگەی حیزبەوە کە مانگانە هەردوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکی ٣٥ ملیۆن دۆلارتان بۆ تەرخان کردبوو، ئەوە ئێوە بوون دەیان و سەدان و هەزاران کەسی بندیوارتان دەوڵەمەند کرد و موچەی خانەنشینیتان بۆ بڕنیەوە، ئەوە ئێوە بوون سەدان ڕاوێژکارتان بۆ وەزارەتەکان و پەرلەمان دانا بوو کە زۆربەیان خۆیان پێویستیان بە ڕاوێژکار هەبوو بۆ ڕاییکردنی کارە ئاساییەکانی خۆیان نەک ئەو ئەرکە گرنگەی دەبوو جێبەجێیان بکردایە، ئەوە ئەرکی ئەوان بوو چەندین توێژینەوە بکەن و پلانی کورت خایەن و درێژخایەن بۆ هەرسێکتەرێک لە هەرێم دابنێن.

شکستی ئێوەیە هەرێم کەوتووەتە ئەم دۆخەوە، شکستی بێ پلانی و نابەرپرسیارێتی ئێوەی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدار بەرامبەر خەڵک و خوێنی شەهیدان.

باروخۆخی هەرێم لە ئێستادا ٢٢ ملیار قەرزارە، ئەوە داهاتی نەوت و چۆنیەتی فرۆشتنی بە عەقدی پەنجا ساڵ، بە بۆری و تانکەر بە قاچاخ و بە ئاشکرا، وێرانەیەکە مەگەر هەر لەم هەرێمە وێرانکراوەیا ببینرێت.
لە ئێستادا نزیکی شەش هەزار پرۆژە وەستاوە، هەموو بانکەکان زیاد لە ساڵێکە بەتاڵن، مووچەی پێنج مانگی فەرمانبەران نەدراوە.

نەبوونی هیچ کاڵا و هیچ کەرەسەیەکی کشتوکاڵی و بازرگانی خۆماڵی، هەمووی لە تورکیا و ئێرانەوە دێن و بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن کە هیچ بەدواداچونێک بۆ نرخەکان و کوالیتی کۆنترۆڵیان بۆ ناکرێ، ئەمە ڕاگەیاندنی ئابوری ئازادتان بوو کە جگە لەبازاڕێکی مافیایی هیچی تر نەبوو.

هەرچەندە داهاتی هەرێم مانگانە زیاد لە یەک ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلارە، تەنها داهاتی ساڵانەی تەنکەرەکانی نەوت کەهەناردەی ئێران دەکرێن لە سنوری سلێمانی ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار و سەد ملیۆن دۆلارە، داهاتی خاڵە سنورییەکان کە هیچ کاتێ شەفاف نەبووە و وەک برا بەشکراون، جگە لە باج کە داهاتەکەی دیار نیە، کەس نازانێ چەندە.

ئەوە خودانیە غەزەبی لێگرتبن، ئەوە ئێوەن فرمێسکی تیمساحی ئەرێژن بۆ گوزەرانی خەڵک و ئەگەڕێن بەدوای چڵە پوشێکدا کە دەمێکە غەرق بووە.

گەر ئەتانەوێت چارەسەری قەیران بکەن، پێویستە ملیۆنەها دۆلاری بانکەکانی دەرەوە و ژێرزەمینەکان بهێننەوە، کۆمپانیاکانی حزب بوەستێنن بۆسودی حیزبی و داهاتەکانی ڕادەستی دەستە ئەمینەکان بکەن، مەسروفاتی لق و ناوچەو مەڵبەند و کۆمیتەکانتان کەم بکەنەوە، کەناڵە میدیاییەکانتان سنوردار بکەن کە ملیۆنەها دۆلاری بۆ تەرخان کراوە تا بە شان و باهوی گەندەڵییەکانتانا هەڵبدەن.

پێویستە چاکسازی ڕیشەیی لە دۆسیەی نەوت و باج و خاڵە سنورییەکاندا بکەن.

پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینێت و چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە بەهێزتر بکرێت.

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە متمانەی خەڵک بەدەست بهێننەوە، ئەوکاتەی متمانەتان هەبوو خەڵکیش ئەتوانێ باوەڕ بە بەڵێنەکانتان بکات و بەرگەی قۆناغە سەختەکانیش بگرێت.

دیارە حکومەت ناتوانێ و نایەوێت ئەمانە بکات، بۆیە پێویستە هەموان سەرە بگرین بۆ لای شێخ و مشایەخ (لەگەڵ ڕێزم ) و قاوەگرەوەکان تا دوعا بکەین بۆ بەختی ڕەشمان.

بەڕاست ئەوەی ئێوە دەیکەن یا ئەبا میحجەل گەڕانەوە نیە بۆ زەمانی ئەوس و خەزرەج؟


PM:05:39:03/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 4153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی