هێزێک پەرلەمان وێران بکات ناتوانێ چاکسازی بکات..

‌پەروا علی


بەشداری کردنی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، یەکگرتووی ئیسلامی و  کۆمەڵی ئیسلامی و لیژنەی دارایی و یاسایی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سەبارەت بەو جاکسازییەی حکومەت رایگەیاندووە و تاتوتوێکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان . ئەو بەشداریکردنەی ئەو هاوڕێیانە بەرە بەرە خۆخزانە بەرەو ئەو سیاسەتە دیکتاتۆریانەی پارتی کەلە ١٢ ی ئۆکتۆبەردا پەیرەوی کردووە و سەپاندی بەسەر پەرلەمان دا،کە تاکە دەزگای شەرعی خەڵکی کوردستانە.

ئەم بەڕێزانە پێچەوانەی هەڵوێستی  پێشوویان  بەشداری پرۆژەیەکن کە ئامانجەکەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بوو، هاوکات لە کاتی کودەتاکەی پارتی بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا و  ڕێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی گەراندنەوەی بۆ هەولێر . ئەگەر هەڵوێستیان لە گۆڕان توندتر نەبووبێت، هاوشانی هەڵوێستی گۆڕان بوون.

هەر ئەم  هێزانە بوون کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەگەرییەکان و چاوپێکەوتنی بەرپرسەکانیان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارتی کودەتای بەسەر شەرعییەتدا کردووە، یان لایەنی کەم دژی ئەو رەفتارەی پارتی بوون، پێشتریش بەدرێژایی ئەم خولەی پەرلەمان تێڕوانینی ئەم لایەنانە بەوشێوەیە بووە کە پەرلەمان باڵاترین دەزگای هەرێمی کوردستانەو  هەر ئەویشە متمانە ئەدات بە حکومەت و هەر پەرلەمانیشە دەبێ چاودێری کار و چالاکیەکانی حکومەت بکات، ئەی ئێستا خێرە حکومەت لە ناو چەندین پرۆژەی چاکسازی پەرلەماندا (ئینتیقائی) چەند بڕگەیەکی پرۆژەیەک وەردەگرێت و ناوی دەنێ چاکسازی و ئێوەش شەرعییەتی پێ ئەدەن؟ لەکاتێکدا چ لە ناو حکومەت، چ لەناو پەرلەمان پرۆژەی گشتگیرتر و هەمەلایەنە تر هەبوون، نەک پرۆژەیەک کە تەنها " کەمکردنەوەی خەرجیە" نەک رووبەروو بونەوەو دژایەتیکردنی گەندەڵی.

پارتی دیموکراتی کوردستان توانی پەرلەمان پەکبخات ، هەروەها وەزیرەکانی گۆڕان دەربکات ،بەڵام گۆڕان توانی پیشانی هەموو خەڵکی کوردستان بدات کە پارتی نە هێزێکە بڕوای بە چاکسازی هەیە و نەهێزێکیشە بڕوای بە دیموکراسییەت و پرنسیپەکانی هەیە.

ئایا دەزانن ئێوە ئابەم سیاسەتە پلەبەپلە سازشکردنە لەگەڵ پارتی بەچی دەگەن؟ ئایا پێتان قبووڵە پەرلەمان ببێتە دەزگایەکی پاشکۆی حکومەت، ئایا پێتان قبووڵە ببن بە جەند پارچە ئامێرێکی مەکینەکەی پارتی؟
هاوڕێیان ڕەنگە ئێوە بەم سیاسەتەتان پارتی ڕازی بکەن و کەمێکیش دوربکەونەوە لەوململانێیەی پێویستە لەگەڵ پارتی دا بکرێت، بەڵام هەرگیز ویژدانتان ئاسوودە نابێت، چونکە ئێوە چەند حیزب کردوونی بە ئەندامی پەرلەمان، هێندەش خەڵک ئێوەی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، خەڵکی کوردستان کە سەدەیەکە قوربانی دەدات، بۆ ئەوە قوربانی نەداوە کە پەرلەمانێکی کارتۆنی و پاشکۆیی هەبێت کە ئێستا خەریکە بەبەشداری ئێوە بەرەو ئەو پاشکۆیەتییە دەبرێت.
دەمەوێت زۆر راشکاوانە پێتان رابگەیەنم، هێزێک کە پەرلەمان وێران بکات، هەرگیز ناتوانێت چاکسازی بکات.  




PM:09:03:29/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3663 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی