بۆمبەکەی خالد العبیدی لە پەرلەمان ‌

‌ د.بەختیار شاوەیس

لەدوا کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کەتەرخانکرابوو بە مەسەلەی پرسیارلێکردنی وەزیری بەرگری عیراق سەبارەت بەو گرێبەستی کرینی چەک و تەقەمەنی و ئۆتومبێل و پێداویستی سەربازیانەی کە وەزارەتەکەی بە تۆمەتی مەلەفی گەندەڵی تێوەگلاوە ، رووداوێک کەوتەوە کە چاوی شرۆڤەکاران و ھێزەسیاسیەکان و میدیا و لایەنە دەرەکیەکانیشی بۆخۆی راکێشا و ھەروەھا رێچکەی دانیشتنەکەشی بەئاقارێکی تردا برد و دووریخستەوە لە مەغزاکەی خۆی ، ئەویش کاتێک کە خالد العبیدی ناوی شەش پەرلەمانتاری بەسەرۆکی پەرلەمانەوە ھێنا بەوەی کەداوایان لێکردوە لەگرێبەستی دەیان ملیۆن دۆلار یەوە بەشداریان پێبکات یان ھەندێکیان داوای رەشوەشیان کردوەبەوەی کە مەسەلەی پرسیارلێکردنەکەی پەردە پۆش بکەن.

ئەوناوانەی کەوەزیری بەرگری بە رۆشنی و بەبەرچاوی کامێراکان و رایگشتی ئاماژەی بۆکردن ، کۆمەڵێک بۆمب بوون لەناو ھۆڵەکەی نوێنەرانی خەڵک تەقاندیەوە و وەک دەڵێن پیاوە سەربازیەکە ھەمیشە پیلانی پێشوەخت و بۆسەی کوشندەی بۆ نەیارەکانی ھەیە و لەمەشدا بەسووتانی خۆی ، کۆمەڵێک لەوانەی سووتان کە بەردەوام وەک پاڵەوانی نیشتمانی یەکپارچەیی عیراق و سمبولی چاکسازی و خەمخۆری ھەژاران خۆیان ناوزەند دەکرد.

سەرباری ئەمە لەکرۆکی مەسەلەکەدا ولەشرۆڤەکردنی ھێنان و بەردەکانیدا لەئێستا و ئایندەی کاری پەرلەمانی و پرۆسێسی سیاسی دەکرێ بگەینە کە ناری چەند راستیەک بەوەی:

١) دوای دیارنەمانی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار ، لەماوەی ساڵانی رابردوو و بە بیانووی پرۆژەی وەھمی و خەیاڵی کەھەندێک لەسەر وەرەقەش بوونیان نیە، دۆخەکە لە رووی گەندەڵیەوە گەشتوەتەئاستێک کە بە ئاشکراو بەبێ پەردە ناوی پەرلەمانتار دەھێنرێت کە تێوە گلاوە لە خواردنی پارەی خەڵک و بەتاڵانبردنی موڵک و سەروەتی ھاوڵاتیان، کەئەمەش دوو خاڵی گرنگتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت بەوەی:

٢) کوردەواری دەڵێت (کەچەڵ حەکیم بوایە تیماری سەری خۆی دەکرد) ، ھەربۆیە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان کە دەبێت ئەوان سەروەتی گشتی و موڵکی ھاوڵاتیان لە دزی وگەندەڵی بپارێزن ، خۆیان ئەم کارە بکەن ئیتر چۆن دەوڵەت لەم شێرپەنجە کوشندەیە دەپارێزرێت، ھەروەھا لە رەھەندێکی دیکەوە:

٣) ناوھێنانی تێوەگلاوانی گەندەڵ و وەرگری رەشوە ، دیوێکی پۆزەتیڤی ھەیە بەوەی کە پەرلەمانتاری پاک و بێگەرد لەوەی گەندەڵ و بازرگان جیابکرێتەوە و ئەمەش بۆ ئێمە بەتایبەتی کە ئەندامی پەرلەمانین دڵخۆشکەرەیەو دەبێت قۆناغی بە گشتی باسکردنی گەندەڵکارو کەموکورتیەکان تێپەرێنین و بگوازینەوە بۆ قۆناغی تایبەتی و دەستخستنە سەر ھۆکاری برینەکان. ھەروەک لەلایەکی دیکەوە ئەمەش بۆ ئێمەی نوێنەرانی کورد زیاتر دڵخۆشکەرە ، چونکە:

٤) ئەوانەی کە وەزیری بەرگری ناویھێنان( حنان فتلاوی ، عالیە نسیف، تالب معماری،حیدرمولا، سلیم جبووری، محمد کربولی ) بەتایبەتی یەکەم تا چوارەمیان لەوانەن کە سەری زمان و بنی زمانیان قسەکردنە لەسەر کورد و پێشمەرگە و کەرکوک و مادەی ١٤٠ و بە ھاشوھوشە بەردەوامەکانیان شەقامی عەرەبیان گەوجاندبوو بەئاراستەی ھەرێمی کوردستان.

٥) لەرووی ململانێ تائیفی و سیاسیەکانی عیراقەوە کە ماوەی ١٣ ساڵە دەوڵەتەکە پێوەی دەناڵێنێت ، عوبێدی بەم کارەی ئەوەندەی دیکە ململانێی سونی_سونی تۆختر کردەوە و بەرەی سەلیم جبووری و ئوسامە نوجێفی لەدوو سەنگەری دژ بەیەکدا قایمکرد و پێدەچێت لە دوای بریارەکانی دادگا پەرچەکرداری توندی چاوەرواننەکراو بەدوای خۆیدا بھێنێت و شەقامە داگیرکراوەکەشیان لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەوندەی دیکە چانسی ھەڵتۆقینی گروپ و ھێزی دیکەی سەربازی و سیاسی توندرەو بەخۆیەوە ببینێت وەک بەدیلی ئەمان و لەدواجاردا وەک ھەوێنی دابەشکردنی عیراق وێنا بکرێت.

٦) سەندنەوە و نەسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان ئەو گێرمە و کێشمەیە دەبێت ، کەلەم ھەفتەیەی گەرانەوەمان بۆ بەغداد رووبەروومان دەبێتەوە لە پەرلەمان و رێگریکردن لە سەفەرکردنی سەلیم جبووری بۆ دەرەوەی وڵات لەگەڵ نۆمەتبارانی دیکە پێدەچێت یەکەم ھەنگاوی ئەم پرسە بێت.

٧) ماوەتەوە بڵێین: ھەموو رووداوە چاوەرواننەکراوەکان کە لەدوای بۆمبەکەی خالد العییدی یەوە دەرکەوتن، سەرباری گەندەڵی و ئاستەنگەکان ، ئەوەمان پێدەڵێت کە لەعیراقدا پەرلەمانێکی زیندوو و کاریگەر نەک کارتێکەر ھەیە کە دەتوانێت سەرۆکەکەی لەسەر کورسیەکەی داگرێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروستبکات، کە تاکە ئومێدی ئێمە ئەوە بوو کە لەھەولێریش پەرلەمانێکی لەوشێوەیەمان هەبوایە.


PM:11:05:08/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 2494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی