دۆخی کورد لە یەکەم تاقیکردنەوەی بەغداد

‌ د.بەختیار شاوەیس

دوای چاوەروانیەکی زۆر سەرەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق توانی یەکەم پەیکەری دەسەڵاتداری بۆ چوار ساڵی ئایندەی دەوڵەتەکە دابڕێژێت و بەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتەکەی دەرگای لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ کردەوە و ئاوێکی بەسەر ئەو ئاگرەدا کرد کە زیاتر لە سەد رۆژە بەھۆی کێشمەکێشی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کەوتبویەوە و زۆرجار مەترسیەکەی پەلیدەکێشا بۆ ھەڵوەشانەوەی دام ودەزگا دەستوریەکان و گەرانەوە بۆ چواگۆشەی یەکەم.

لەم دانیشتنەی پەرلەماندا لەروانگەی لایەنەکانی دەرەوەی کورد کۆمەڵێک دیدی واقعی دەرکەوتن، کە سەرەتاکەی بە رێزگرتن لە دەستور دەستپێدەکات و ئەویتر بەسەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی بەرەی فەتح و دەوڵەتی قانون تێپەر دەبێت.

لەیەکەمدا، دەرکەوت کە لەبەغداد ھەرچەندێک گرژی لە پەیوەندیەکان ھەبێت، ھەرچۆنێک ململانێ لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەبێت، ھەرچۆنێک دەستێوەردان لەلایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەولی ھەبێت، بەڵام دواجار سنورێک ھەیە بۆ پابەندبوون بەدەستور و سەروەریەکەی تارادەیەکی باش پارێزراوە ھەروەک ئەوەی لەدانیشتنەکەدا تا درەنگانی شەو کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران درێژەی کێشا بەڵام نەھێڵرا لەو رۆژە دوابکەوێت .

لە دووەم دەرکەوتەدا، بەرەی سائیرونی مقتدی ێدر سەرباری براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بەڵام لەیەکەم تاقیکردنەوە دەرنەچوو، حاجی ھادی عامری و تیمەکەی بە جوڵەکانیان لەناو ھۆڵی پەرلەمان بۆ کافتریاکە توانیان کاندیدی پەسەندکراویان بۆ سەرۆکی پەرلەمان جێگیربکەن و پاسێکیشیان دایە سائیرون بۆ دانانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەمەش بە بەردێک دوو چۆلەکەیان پێکا چونکە لەلایەک ماڵی شیعیان کۆکردەوە و لەلاکەی تر ھەنگاوێکیان نا بۆ نزیکبونەوە لە پێکھێنانی کابینەی وەزاری.

لە پەیوەندیدا بە دۆخی کوردەوە، سەرەتایەکی باش نەبوو بەسێ کاندیدی جیاواز کە لە سێ فراکسیۆنی جیای کوردیەوە ھاتبون وێنەی واقعی پەرتەوازەی ماڵی کوردی نیشانی لایەنەکانی تر درا کە بەردەوامبونی بەم چەشنە ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا دەھێنێت. ئەم جۆرە تێڕوانین و ئەم شێوازە لەکارکردن نەک ھەر ناتوانێ پۆستە ئستیحقاقیەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت بەڵکو ئومێدی ئەوەی لەسەر ھەڵناچنرێت کە داخوازیە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی داھاتوو جێبەجێ بکات.


PM:03:00:18/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی