كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەپەرلەمانی عیراق ‌

‌ د.بەختیار شاوەیس

هەفتەی رابردوو لەدوو دانیشتنی یەك لەدوای یەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، گفتۆگۆ لەسەر پرۆژەیاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا و زۆربەی پەرلەمانتاران دید و سەرنجەكانیان سەبارەت بەم پرسە خستەروو، كە بریارە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا جگە لەهەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق ئەنجامبدرێت.

ئێمەی نوێنەرانی كوردیش، سەرباری هەبوونی سەرنج و تێبینیمان لەسەر كۆی پرۆسەكە بەتایبەتی لەمەسەلەی دواخستن یان دەمجكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لەگەڵ هەڵبژاردنە گشتیەكانی پەرلەمانی عیراق لەساڵی ئایندە و هەروەها ئەو لێكەوتانەی كە بەهۆی ناكۆكی لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە لەنێوان لایەنە سیاسسیەكانەوە كەوتونەتەوە، زۆرترین فۆكەسی موداخەلە و قسەكانمان لەسەر كەركوك ‌و هەڵبژاردنی ئەو شارە چركردبویەوە. فاكتەری ئەم گرنگی پێدانەش هەر بەتەنها لەوەوە سەرچاوەی نەگرتوە كە كەركوك بۆ ئێمەی نوێنەرانی كورد هێڵی سوورە و رەهەندێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە و سیمبولی چەوسانەوەی خەڵكی كورد و داگیركاری خاكی كوردستانە لەلایەن رژێمی بەعسی فاشی، هێڵە گشتیەكانی ئەم سیاسەتەشی لە هەڵمەتەكانی تەعریب و تەبعیس و تەرحیلی هاوڵاتیانی كوردی كەركوك رەنگرێژكردبوو و دواجار قەزاكانی چەمچەماڵ و كفری و دووز و كەلاری لەپارێزگای كەركوك دابریبوو و دیمۆگرافیاكانیانیشی شێواندبوو، هەروەك ناوەكەشی گۆریبوو بۆ تەئمیم بەڵكو لەمانەش زباتر جدیەتی ئێمە لەناو هۆڵی پەرلەمانی عیراق بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، وەك :

*هەبوونی دەنگی ناشاز بەتایبەتی لە راپۆرتی تایبەتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بەوەی كە داوای یاسایەكی تایبەت دەكات بۆ هەڵبژاردنی كەركوك، وەك ئەوەی پارێزگای كەركوك بەشێك نەبێت لە عیراق و دەبێت جیابكرێتەوە و حاڵەتی تایبەتی پێبدرێت. ئەمە لەكاتێكدا هەر ئەو دەنگانەی كە داوای ئەمە دەكەن سەری زمان وبنی زمانیان ئەوەیە كە كەركوك بەشێكە لەعیراق و نابێت بەهیچ شێوەیەك لەدەرەوەی حكومەتی عیراق مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و تەنانەت لەگەڵ دەستورەكەشدا نین و نایانەوێت مادەی ١٤٠ جێبەجێبكرێت.

*دواخستنی هەڵبژاردن لەكەركوك بۆماوەی سێ‌ خولی هەڵبژاردن ، كەئەمەش ئەوەندەی داواكاری هێزی دەرەكیە و بەیارمەتی دەستەكانیان لەناوخۆ ئەم مەرامە جێبەجێدەكرێت، بەنیو هێندە داواكاری دەستەجەمعی زۆرینەی كەركوكیەكان نیە و بوەتە هۆكاری قوڵكردنەوەی كێشە سیاسیەكان و پەرێزخستنی پرۆسەی خزمەتگوزاری و دەستگرتنی ئەنجومەنی پارێزگاكە، بۆئەوەی نەتوانن لەئاستی پێویستدا خزمەتی هاوڵاتیانی شارەكە بكەن، هەروەك بووەتە هۆی مەحرومبونی هاوڵاتیان لە دەنگدان و شەلەلبوونی دیموكراسیەت و دەساودەسكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و دەركەوتنی دەرهاویشتەی نێگەتیڤ لەسەر رێچكەی دیموكراسیەت لەتەواوی عیراقدا. هەربۆیە زۆر بەرۆشنی دەركەوتوە ئەوانەی كە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ درێژكراوەی ئەو سیاسەتە نادەستووری و ناقانونیە دەگرنە بەر كەلەتەمموزی ٢٠٠٨ بەكودەتا یاسای ٢٣ یان دەركرد و دواجار ڤیتۆی سەرۆك مام جەلال مەرامەكانیانی پوچەڵ كردەوە.

هەروەها :
*ئەگەر بریار وایە لەدوای داعشەوە كەركوك ناوچەیەكی گەرم و تایبەتە و پێویستە یاسای تایبەتی هەبێت، ئەوا بەرلەكەركوك دەبێت موسڵ و سەلاحەدین و دیالی و ئەنبار یاسای تایبەتی بۆ دەركرێت و ئەم بیانوە نالۆژیكیە نەكرێتە پەیخۆری  ئەجێندای سیاسەتی دەرەكی و دەوڵەتانی ئیقلیمی.

سەرەرای خاڵەكانی سەرەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كەئەوانەی داوای یاسای تایبەت یان دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بەهەمان رێوشوێنی یاسایی و بەسەرپەرشتی هەمان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەرێگەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لەكەركوك هاتونەتە پەرلەمان و نوێنەرایەتی پێكهاتەی خۆیان دەكەن، بەڵام  پرسیارێكی سادەیان لەخۆیان نەكردوە دەبێت بۆچی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەكەركوك وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق بكرێت و كێشەی نەبێت بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان شتێكی دیكە بێت؟

كەركوك لە ئاستی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەوە بچوكراوەی عێراق و چاوی دەوڵەتانی دەرەكی وەك چۆن لەسەر پرۆسێسی سیاسی لەبەغدا دەگێڕرێ‌ ، بەهەمانشێوە پیلانی ئەم دەوڵەتانە لەناو كەركوك و ئایندەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بونی هەیە و لەم ئان و ساتەدا لەرێگەی ئیفلیجكردنی  هەڵبژاردنی پارێزگاكانەوە دەیانەوێت ئەم پیلانانە بخەنە بواری پراكتیزەكردنەوە ، بێئاگا لەوەی كە كەركوكی دوای داعش كەركوكی پێش داعش نیە و پێویستە هەموو لایەك لەم حەقیقەتە تێبگات.


PM:02:55:05/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2961 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی