بەیاع سەرەتای كۆتایی داعش !!! ‌

‌ د.بەختیار شاوەیس

خوێناویترین تەقینەوەی تیرۆریستی لەمساڵدا لەناوچەی بەیاعی باشووری بەغداد روویدا و سەرەنجام  55 هاوڵاتی كوژرا و و 65 برینداریشی لێكەوتەوە ، ئەمە لەكاتێكدا رۆژانە هاوكاتی خۆپیشاندانەكانی لایەنگرانی رەوتی سەدر تیرۆریستان بەتەقینەوە خۆكوژیەكانیان بەغدای پایتەختیانكردوەتە تابلۆیەكی نەخشێنراو لە دیمەنی كوشتن و سوتاندنی گۆرەپانەكان و وێرانكردنی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان.

دیمەنی تێكەڵاوبوونی خۆپیشاندان و تەقینەوەی تیرۆریستی جگە لە مه‌غزا ئەمنیەكەی كە مانایی لاوازی دام و دەزگاكانی ئاسایش و پاراستنی ئارامی هاوڵاتیانی لەخۆگرتوە ، لە سادەترین لێكدانەوەیدا شلۆقی سیاسی لێدەخوێنرێتەوە بەچەشنێك كە ئەم شلۆقیە لەئاستی نێوان پێكهاتەكان تێپەریوەو شۆڕبوەتەوە بۆ ئاستی ناوخۆی پێكهاتەیەك و لەمەش زیاتر رەهەندی ململانێی شەخسی لەناو خودی یەك پێكهاتەی لێكەوتەوەتەوە. هەروەك لەلایەكی دیكەوە هەڵكشانی كێرڤی تەقینەوەی تیرۆریستی بەمانای لاوازی توانا سەربازیەكانی داعش دەگەیەنێت لەسەر زەمینی واقع. بەشێوەیەك ئێمە دەتوانین دەستوپەنجە لەگەڵ ئەم هاوكێشە دراماكیەدا نەرم بكەین بەوەی كە هەتا كردەوەی تیرۆریستی زیاد بێت ئەوا داعش زیاتر لە دەركردنی پراكتیكی لەعیراق نزیك دەبێتەوە و زیاتر ناوچەو شوێنی داگیركراو لەدەست دەدات.

بۆئەوەی بەدیدێكی عەقڵانی لەم هاوكێشە بگەین و سەرەداوەكانی هەڵدەینەوە ، پێویستە بەرۆشنی بڵێین حاڵی حازر ئێمە لەبەردەم ئەم لۆژیكەداین ( كردنە دەرەوەی داعش لەدەرگاوە و هاتنە ژورەوەیەتی لە پەنجەرەوە)
گرنگ ئەوە نیە كە بەهەرناوێكەوە بێت جگەلە دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شام (داعش) بەوپێیەی كە بەر لە حوزەیرانی رەشی 2014 گوێمان راهاتبوو بەناوە مورادیفەكانی داعش و سەركردەكانیان كە ئەوكاتە لەپەنجەرەی ماڵە عیراقیەكەوە هاتبوون و بەردەوام خوێن و سەرو ماڵی هاوڵاتیانیان حەڵاڵ كردبوو، بەڵكو ئەوەی گرنگ و شوێنی هەڵوێستە كردنە ئەوەیە كەبەچركردنەوەی تەقینەوەكان داعشی دەرگا كۆتایی دێت و داعشی پەنجەرە دێتەوە ، واتایی لەودەرگاوەی كە هاتبونە موسڵەوە دەگەرێنەوە و لەپەنجەرەكانی بەغداد و شارەكانی دیكە دێنە ژوورەوە ، كە ئەمەش خۆی لەگۆرینی تەكنیكی كاركردنیان دەبینێتەوە.

لەپەیوەندیدا بەمەسەلەی هاتنەوەی داعش و دەستەخوشكەكانی لە پەنجەرەوە، كۆمەڵێك فاكتەری سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان مەڵاسداوە كەهەندێكیان هەڵدەدەینەوە:

یەكەم / لەرووی سیاسەوە: نالەباری سیاسی لەنێوان پێكهاتەو هێزەكان و رێككنەكەوتنیان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان. بەشێوەیەك كە ئەوەندەی هێزە سیاسیە عیراقیەكان سەرگەرمی پیلان دانان دژی یەكتر بەنیو هێندە خەریكی دانانی پلانێكی ستراتیژی نیشتمانی دوورمەودا نین بۆ روبەرووبونەوەی داعش و پەراوێزخستنیان و كۆنگرەكەی جنێفی سونەكان پێدەچێت لەئایندەی نزیكدا ئەوەندەی تر ناكۆكیە سیاسیەكان قوڵتر بكاتەوە. ئەمە نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە ماڵی شیعەی حوكمرانیش لە پەرتەوازەییەكی كوشندەدا دەژی و مەسەلەی گۆرینی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە سیاسیەكان لەمەیدانی تەحریر و دیسانەوە هەوڵدان بۆ هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز هێندەی تر ناكۆكیەناوخۆییەكانی هاوپەیمانی شیعەكانی تۆختر كردوەتەوە.

دووەم / لەرووی ئەمنیەوە : فشۆڵی و لاوازی دەزگائەمنیەكان و بەئاسانی دزە پێكردنی تیرۆریستان بۆ ناوچە قەرەباڵغ و كاریگەرەكان ، هەروەها بێهێزی ئەم دامەزراوانە لە دۆزینەوەی سەرچاوەكانی تیرۆر ئەوەندەی دیكە گەرانەوەی داعشی ئاسانكردوە و هەبوونی گەندەڵی و رۆتینی لەرادەبەدەر لەم دامودەزگایانە و هەروەها نەبوونی هه‌ماهەنگی و كۆنتاكی بەردەوام لەنێوان هاوڵاتیان و هێزە ئەمنیەكان  كاری كەشفكردنی گەراكانی داعش و تیرۆری قورس كردوە و تارادەیەكی زۆر هاوڵاتیان لەسەر شەقامەكان هەست ناكەن كە ئەم هێزانە موڵكی ئەوانن و پێویستە هاوكاریان بكەن.

سێیەم / لەرووی كۆمەڵایەتیەوە : دەرفەتی لەبار نەرەخساوە بۆ روبەرووبونەوەی ئایدیای تیرۆریستی و بیری توندرەوی، بەڵكو زەمینی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی عیراقی كێڵگەیەكی لەبارە بۆ نەشونماكردن و گەشەكردنی ئایدیای توندڕەوی و هزری ترس و تۆقاندن، ئەمە سەرباری ئەوەی كە بەهۆی داعشەوە ، وەك سەرۆك وەزیران حه‌یدر عەبادی ئاماژەی بۆ كرد بری 35 ملیار دۆلار زیان بە توانای دارایی دەوڵەت گەیەنراوە و بوەتە داتەپینی ژێرخانی ئابووری و بڵاوبوونەوەی هەژاریەكی سەخت كە ئەمەش هۆكاری سەرەكیە بەتایبەتی لەناو چینی گەنجاندا بۆ نزیكبوونەوە لە باند و گروپە تیرۆریستیەكان.

 چوارەم / لەرووی دەرەكیەوە : دەستی دەرەكی و بەرژەوەندی دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەرەكی زۆر بە رۆشنی لەسەر گۆرانكاریە سیاسی و سەربازی و ئەمنیەكانی پرۆسەی سیاسی عیراقی دیارە و ئەمەش بوەتە خاڵێكی نێگەتیڤ و ئەوەندەی دیكە یارمەتی مانەوەی تیرۆر و بەردەوامی داعشی داوە.

ماوەتەوە بڵێن : هێزەعیراقیەكان لەهەوڵی دەرپەراندنی داعشن لە دوابەشی موسڵ كەبەری خۆرئاوایە و پێدەچێت لەمەشدا سەركەوتوبن ، بەڵام بۆئەوەی بەشێوەیەكی كۆتایی لە داعش و دەستە هاوبیرەكانی ڕزگارمان بێت، پێویستە بەلایەنی كەمەوە ئەو هۆكارانەی سەرەوە چارەسەربكرێت ئەگەرنا داعش لە پەنجەرەوە هاتوەتە ژوورەوە و دەبێت چاوەرێبین كەرۆژانە به‌یاعە خوێناویەكان دووبارە ببنەوە.


PM:04:04:19/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 2975 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی