پركردنەوەی وەزارەتەكان و غیابی كورد ‌

‌ د.بەختیار شاوەیس


لەدوا ساتەكانی دوا دانیشتنی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، حەیدرعەبادی هاتە هۆڵی پەرلەمان و لەماوەی كەمتر لە كاتژمێرێكدا هەریەك لە قاسم ئەعرەجی كە نوێنەری هاپەیمانی شیعەكانی دەكرد، بۆ وەزیری ناوخۆ و عیرفان حەییالی كە نوێنەرایەتی یەكێتیی هێزە سونیەكانی دەكرد بۆ وەزیری بەرگری، هەردووكیان دەنگی زۆرینەی فراكسیۆنەكانیان هێنا و توركمانەكانیش بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی خۆیانەوە نەیانتوانی كاندیدەكەیان بگەیەننە وەزارەتی پیشەسازی ئەگەرنا سەرۆك وەزیران ناوەكەی پاڵاوت، بەڵام ئەوەی كە بەغیابی مایەوە نەبوونی كاندیدە كوردەكە بوو بۆ پڕكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی كە پشكی ئێمەیە و لەناو كوردیشدا شوێنەكەی بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە.

رۆژێك بەر لەهاتنی عەبادی  بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پركردنەوەی وەزارتە بەتاڵەكان، لەدواهەمین لێدوانی فراكسیۆنی زەرد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  ئاماژەیان بەوە كرد كە پركردنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی مافی ئێمەیە و نابێت كەس خۆی لەتوخنی ئەم مەسەلەیە بدات، بەڵام پێیان نەوتین كامەیە كاندیدیان بۆ ئەوەی هەموان وەك فراكسیۆنە كوردستانیەكان پشتیوانی بكەین و دواجار یبكەینە ئەڵتەرناتیڤ بۆ خزمەتی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان.

نزیكەی چوار مانگە بەرێز وشیار زیباری وەزیری دارایی عێراق لەپۆستەكەی دورخراوەتەوە و زیاتر لە مانگێكیشە دادگای ئیتیحادی وەڵامی تانەكەی زیباری داوەتەوە و ئیقالەكردنەكەی لەلایەن پەرلەمانەوە بەراست و دروست و یاسایی داناوە و ئەو بیانوەی برادەرانی پارتی نەماوە بۆ ئەوەی چیدیكە كات بەم مەسەلەیەوە بكوژن، بەڵكو لەمەش زیاتر هێشتنەوەی بەهەڵپەسێرراوی كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ئاستەجیاوازەكانی كورد جێدەهێڵێت، كە هەندێكیان هەڵدەدەمەوە:

یەكەم : لەناو ئەنجومەنی وەزیران دەنگی كورد لاواز و كپ دەكات ، بەوەی كە زۆربەی بریارەكان بە وەرگرتنی دەنگ و را و بۆچوونی وەزیرە كوردەكان وەك نوێنەری پێكهاتەی كورد وەردەگیرێت و بەدڵنیایەوە لەدەستدانی دەنگێك بەتایبەتی كە وەزیری داراییە و پۆستێكی سیادیە ئاسەواری نەرێنی دەبێت.

دووەم : پۆستی وەزارەتی دارایی ، جگە لەسیادیەكەی لەم قەیرانە داراییەی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە گرنگی بنەرەتی هەیە و لەمەش بترازێت بۆ پێگەی كورد لەبەغداد زیاتر لێكەوتەكانی دەردەكەوێت، بەتایبەتی كە كرۆكی كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغداد رەهەندی ئابووری هەیە و ئەوەی كەپێیی دەوترێت برینی موچەی فەرمانبەران و فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، كە گێرمە وكێشەی نێوان هەردوولایە كۆتاییەكەی لە پارە و دۆلار و وەزارەتی داراییدا كۆدەبێتەوە. ئەمەسەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵێك كێشەی هاوڵاتیانی كوردستان پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیە وەك پارەی گەنمی جوتیاران.

سێیەم : لێرە ولەوێ‌ هەندێك جار رەخنەوگلەیی و گازەندە دەكرێت لە دەسەڵاتدارانی بەغداد بەوەی كە پۆستەكانی كورد بەبێگەڕانەوە بۆ ئێمە پردەكەنەوە و پشكی كورد دەخۆن، بێئاگا لەوەی  كە بەشێكی زۆر لە هۆكاری ئەمە پەیوەندی بەكەمتەرخەمی یان بێموبالاتی یان ململانێنی نێوان هێزە كوردیەكان، یان زۆر جار ململانێی ناوخۆیی حیزبێك و ناكۆكی ناوەكی هۆكار بووە بۆ لەدەستدانی پۆستی هەستیار و دواتر كێشەكانی خۆمان هەڵواسیوە بە عەلاگەی بەغدا و دەستمان لەهەمانەكە دەرچووە.

ئەوەیش كە شوێنی هه‌ڵوێستە كردنە و دەبێت پارتی و فراكسیۆنەكەی بەبایەخەوە وەریبگرن ئەوەیە كە عەبادی وەزیرێكی كابینەكەی بە وەكالەت راسپاردوە كە وەزراەتی دارایی بەرێوەببات، كوردەواریش دەڵێت دیوار لەگەڵ تۆمە و پاسار گوێت لێبێت.

سەرباری گەندەڵی و نائارامی ئەمنی و هەبوونی تەقینەوە و كاری تیرۆریستی لەبەغداد، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین كە دیموكراسیەكی رێژەیی لەپایتەختی عێراق و لەناو پرۆسە سیاسیەكەی هەیە و ئەمەش لەناو دامەزراوەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێەجێكردندا ڕەنگی داوەتەوە و لە پەرلەمان وەزیری هەستیار لەسەر گەندەڵی ئیقالە دەكرێت و لەحكومەتیش گۆرانكاڕییەكان بەرۆحی وەرزشی وەردەگیرێت و بریاری كۆتایی لەم گۆرانكاریانەدا وەك ئەوەی كە دەستوور بنەماكەی داڕشتووە، لە دواجاردا دەهێنرێتەوە بۆ نوێنەرانی خەڵك.

ئەوەی گرنگە بۆئێمەی كورد خۆمان گێل نەكەین و خۆڵیش نەكەینە چاوی یەكتر ، بەشێوەیەكی خێرا جگە لەرێكخستنەوەی ناوماڵی خۆمان و كاراكردنەوەی پەرلەمان ،پێویستە  هەزمی ئەوە بكەین كە پێشكەوتنی پرۆسەی دیموكراسی لەبەغداد چاوەرێی یەكلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە ناكات و دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان  لەخەیاڵی مانەوەی بەرێز وشیار زیباری  بێتە دەرەوە و بەواقعی و بەپەلە كاندیدێكی دیكە بۆ پركردنەوەی وەزارتی داریی ئاراستەی پەرلەمان بكات و لەمە زیاتر ئێمە لە ئیحراجی نەهێڵێتەوە.


PM:03:33:05/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 2531 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی