‌كەیسی خاشقچی و چارەنوسی میر محەمەد
AM:11:34:07/11/2018
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

پاش 18 رۆژ لە ونبوونی و پاش نكوڵی كردن لە لەناوچوونی، سعودیە لە كۆتاییدا دانی بەوەدا نا كە جەمال خاشقچی لە ناو بینای كۆنسۆڵگەرییەكەی لە ئیستانبوڵ گیانی لەدەست داوە. ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی كە پێشوازییان لە راگەیاندراوەكەی سعودیە كردووە، زۆر كەمە.

زۆربەی دەوڵەتان و سیاسەتمەداران و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە میدیاییەكان متمانەیان بە لێكدانەوە و شرۆڤە فەرمییەكانی سعودیە نییە.

چیرۆكە فەرمییەكەی سعودیە پڕ كەلێن و كەموكوڕییەو مەبەستەكەی نیشاندانی بێ‌ تاوانیی میر محەمەدی كوڕی سەلمانە. ئێستا پاش ئەوەی كە سعودیە بە شێوەیەكی فەرمی دانی بە كوژرانی خاشقچیدا نا، پێویستە لەسەری شێوەی كوژرانی روون بكاتەوە و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرا بكات.

مەلیك دەیەوێ‌ وای نیشان بدا كە هەندێ‌ كارمەندی فەرمی لە خۆیانەوە یاخود بە بەكارهێنانی دەسەڵاتێكی زۆرتر لەوەی كە پێیان دراوە، یاخود بەهەڵە خاشقچییان كوشتووە.

بەڵام ئەم چیرۆكە لەگەڵ ئەوەدا وێك نایەتەوە كە تێوەگلاوەكان لە ناو دەزگایەكی سەر بە وەزارەتی دەرەوە تاوانەكەیان ئەنجام داوەو فەرمانی كەسێكی بەدەسەڵاتتر لە وەزیری دەرەوەیان پێ‌ بووە، بۆیە كونسۆڵ رێی پێ‌ داون كارەكە بكەن و باڵیۆزو وەزیری دەرەوەی ئاگادار نەكردۆتەوە.

تا ئێستا 18 كەس دەستگیر كراون و پێنج كەسیش لە كارەكانیان لابراون لەوانە ئەحمەد عەسیری جێگری بەرپرسی هەواڵگریی سوپا و سعود قەحتانی راوێژكار لە دیوانی شاهانە كە هەردووكیان لە میر محەمەدەوە نزیكن. ئەمە دەری دەخات كە مەلیك بەنیازە تاوانەكە بخاتە ئەستۆی ئەو كەسانەوە كە تاوانەكەیان ئەنجام داوەو وای نیشان بدات كە ئەمانە بە بێ‌ ئەوەی فەرمانیان لە سەرووی خۆیانەوە وەرگرتبێ‌، كارەكەیان ئەنجام داوە.

لە رووی یاساییەوە، سعودیە بەم فڕوفێڵە دەتوانێ‌ خۆی لەم تەڵزگەیە رزگار بكا، بەتایبەتی كە دەتوانێ‌ بە رێوشوێنی جیاواز وا لە تێوەگلاوەكان بكا خۆیان تاوانبار بكەن و ناوی میر محەمەد نەهێنن. بەڵام ئەمە هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە كە ئایا چارەنوسی میر محەمەد چی دەبێ‌؟ لەم رووەوە لە دوو سیناریۆ بەولاوە سیناریۆی تر نییە.

سیناریۆی یەكەم، هێشتنەوە میر محەمەدە وەك جێگرەوەی باوكی و بەردەوامبوونی وەك ئەوەی كە هیچ شتێك رووی نەدابێ‌، كە ئەمەش بەم واتایە دێت كە دەوڵەت رادەستی كەسێكی هەڵەشەو بێ‌ ئەزمون و سەركێش دەكرێت و ئەمەش لە ئایندەدا رەنگدانەوەی زۆر مەترسیداری دەبێ‌. سیناریۆی دووەم، هێشتنەوەی میر محەمەدە لە پۆستەكەی خۆی لەو ماوەیەدا، چونكە لابردنی، داننانێكی ناڕاستەوخۆیە بە تێوەگلانی لە كوشتنی خاشقچیدا.

ئینجا، پاش چەند مانگێك، بیانوویەكی بۆ دەدۆزرێتەوە، لەكار دەخرێ‌ و كەسێكی تر جێی دەگرێتەوە. لە راستیدا دیار نییە مەلیك چ رێگایەك دەگرێتە بەر.

راسپاردنی میر محەمەد بە پەیكەربەندكردنەوەی دەزگای هەواڵگریی، پەیامێكە بۆ هەموو جیهان و ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كە میر محەمەد دەستی لە تاوانەكەدا نیەو هەندێ‌ فەرمانبەری بەڕەڵای ناو دەزگای هەواڵگری بە ئەنقەست و نائەنقەست لە تاوانەكەدا تێوەگلاون. ئەو راستییەی كە هێشتا سعودیە دانی پێدا نەناوە ئەوەیە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی متمانەی بە تواناو لێوەشاوەیی میر محەمەد نەماوە، تەنانەت كەناڵە دۆستەكەی ترەمپیش، فۆكس نیووز، لە بەرنامەكانیدا زۆر هێرش دەكاتە سەر میر محەمەد.

زۆرترین ژمارەی ئەو كۆنگرێسمانانەش كە تاوانەكە سەرزەنشت دەكەن و بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، میر محەمەد تاوانبار دەكەن، سەر بە حزبی سەرۆكن. هەر لەم سەروبەندەشدا، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ئیسرائیل دان شابیرۆ نەیشاردۆتەوە كە ئەستەمە سعودیە لە ژێر دەسەڵاتی میر محەمەددا بە كەڵكی ئەوە بێت كە هاوبەشێكی ستراتیجیی ئەمریكا بێ‌.

زۆرینەی لێكۆڵیارانی ئەمریكا بەو جۆرە سەیری مەسەلەكە دەكەن كە ئەمریكا پێویستی بە هاوپەیمانی سەرەڕۆ و هەڵەشەو بێ‌ ئەزمون نییە، بەڵكو پێویستی بە هاوپەیمانی سەنگین و گوێڕایەڵە. بیری زاڵ لە ناوەندە سیاسییەكاندا ئەوەیە كە میر محەمەد هێڵە سورەكانی تێپەڕاندووە، سنورە رێپێدراوەكانی بەزاندووەو لە هەڵسوكەوت كردندا لەگەڵ نەیارەكانی لە ئاكاری سیاسی داماڵدراوە. بۆیە، بە شێوەیەكی گشتی، ئایندەی سعودیە وەك ئایندەیەكی لێڵ دێتە بەرچاو كە مایەی نیگەرانیی زۆر لایەنی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی كە هیچ كات بنەماڵەی سعودی بە قەد ئێستا لێكترازاو نەبوەو لەوەتەی سەلمان هاتۆتە سەر تەختی پاشایەتی، ئەنجومەنی بنەماڵە كۆ نەبۆتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا سێ‌ كێشە هەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە هێشتا لیژنەی لێكۆڵینەوەی توركیا راپۆرتی خۆی بڵاو نەكردۆتەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی لە ئەنجامەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی سعودیە ناچن و رەنگە دژ بەیەكیش بن.

دووەمیان ئەوەیە كە هێشتا نەزانراوە تێوەگلاوەكان تا چ رادەیەك ئامادەییان تێدایە لێپرسراوەتییەكە بگرنە ئەستۆ و هیچ ئاماژەیەك بۆ رۆڵی میر محەمەد لە پرۆسەكەدا نەكەن، بەتایبەتی كە دەشێ‌ دادگا سزای كوشتنیان بۆ دەربكا. سێیەمیان ئەوەیە كە چەندین دەوڵەت هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بە سعودیە هەیە، لەوانە فەرەنسا كە داوای لێكۆڵینەوەیەكی ریشەیی دەكاو یەكێتیی ئەوروپا كە بیر لە سزادانی سعودیە دەكاتەوە. بۆیە، وەك دەردەكەوێ‌، سعودیە هێشتا بە سەلامەتی لە گۆبەندەكە دەرنەچووە.

ئه‌م بابه‌ته 207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.