‌کەیسی خاشقچی لەنێوان تورکیا و سعودیەدا
PM:01:50:29/10/2018
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

شاراوە نییە کە کەیسی خاشقچی بۆتە بەشێک لە کێبڕکێی نێوان تورکیا و سعودیە لەسەر رابەریەتی کردنی جیهانی ئیسلامی سوننی. تورکیا پشت بە رابردووی عوسمانییانەی و سعودیە پشت بەست بە جوگرافیای سەرهەڵدانی ئیسلام و دوو شوێنە پیرۆزەکەی ئیسلام لە مەککە و مەدەینە. هەردووکیان لە پێشبرکێدان لەسەر رابەرایەتی کردنی جیهانی ئیسلامی سوننی. لەم سەرو بەندەدا کەیسی خاشقچی تێکەڵ بەم پێشبڕکێیە بووەو لێی جیاناکرێتەوە.

لە ڕاستیشدا ئەگەر تورکیا نەبوایە ، کەیسی خاشقچی هیچ دوراییەکی نێودەوڵەتیی وەرنەدەگرت و وەکو زۆر کەیسی تر بەئاسانی تێدەپەڕی و هەڵای لەسەر دروست نەدەبوو. بەکردەوە ، لاوازترین بەشی پلانی سعودییەکان بۆ کوشتنی خاشقچی لە ئیستانبوڵ، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە هیچ حسابێکیان بۆ تورکیا نەکردبوو.

لانی کەم بۆ ماوەی دوو هەفتە ، سعودیە بەهۆی لێدوانی کاربەدەستانی تورک و دزەکردنی هەواڵەکانی تاوانەکە بۆ میدیاکانی تورکیا، سەریان لێ شێوا و جگە لە نکوڵی کردن و بەرگری لە خۆکردن، هیچی تریان بۆ نەمایەوە. لە تورکیا ئەردۆغان یارییەکەی زۆر بەرێکوپێکی هەڵسوڕاند و تەنگی بە سعودییەکان هەڵچنی، لەو لاشەوە ناوبانگێکی جوانی بۆ خۆی و وڵاتەکەی وەک پارێزەری مافی مرۆڤ و پشتیوانی ئازادی رۆژنامەوانی دروست کرد.

بەڵام پاش داننانی سعودیە بە کوژرانی خاشقچی، هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا هات، ئێستا سعودیە ، تاڕادەیەکی زۆر، دەستپێشخەری بەدەستهێناوەتەوەو خەریکی شانۆگەریی لێپێچینەوە لە تیوەگلاوەکانی کەیسەکە باش بەڕێوە دەبات. لەبەرامبەردا، هەڵوێستی تورکیا خاوبۆتەوەو تەمومژی لەسەر نیشتووە. لە دوایین وتاری ئەردۆغان لە پەرلەمان ، هەڵوێستی تورکیا پێی نایە قۆناغی سڕبونەوە، وتارەکە هیچ شتێکی تازەی تێدا نەبوو.

ناوەڕۆكی وتارەکە ئەو پرسیارەی وروژاند، کە بۆچی سەرۆک ئەو قسانە دەڵێتەوە کەهەموومان دەیزانین؟ خودی وتارەکە گومانی لەسەر زانیارییەکانی تورکیا دروست کرد. ئەگەر تورکەکان زانیاریی نەوتراویان لایە، بۆچی سەرۆک لە وتارەکەی نەیوتوە؟ ئەوەی کە لە وتارەکەی ئەردۆغان کەمتر سەرنجی چاودێرەکانی راکێشاوە ئەوەیە کە ئەردۆغان لە قسەکانی لە پەرلەمان، مۆرکی سیاسی لە تاوانەکە داماڵیوەو کەیسەکەی لە کەیسێکی سیاسییەوە کردۆتە کەیسێکی جینائی.

پاش وتارەکە، دادوەری گشتی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە سعودییەکان کرد، 18 گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکەی رادەست بکەن تا لە تورکیا دادگایی بکرێن، دیارە تورکیا هەر لەسەرەتاوە دەیزانی سعودییەکان ئەم داوایە رەت دەکەنەوە، هەر واش دەرچوو، لەبەرژەوەندی سعودیەدا نییە تێوەگلاوەکان نە لە تورکیا و لە دادگایەکی جیهانیدا دادگایی بکرێن.

لەم هەلومەرجە‌ی ئێستادا سعودییەکان سەرکەوتوو بون لە مراندنی کەیسەکە تا ئەندازەیەکی زۆر، لەو بڕوایەشدان کات لەبەرژەوەندییان دایە. ئەگەر سعودیە بەردەوام بێ لە مراندنی کەیسەکە و لە کۆتایشدا دەریچەیەکی باشی بۆ بدۆزێتەوە، بەبێ زیان و بە سەلامەتی لێی دەردەچی،تورکیاش بە دەست بەتاڵی. لەم هەلومەرجەی ئێستادا سعودییەکان لە تورکەکان بەشێوەیەکی سیستماتیکیتر کاردەکەن و هەوڵیش دەدەن پێگەی خۆیان چەسپاوتر بکەن.
سعودیە هەستی کرد کەیسی خاشقچی زۆر زیانی لێ داوە، لەلایەک بۆتە مایەی بەهێزکردنی پێگەی تورکیا لە جیهانی ئیسلامیدا، لانی کەم لەرووی میدیاییەوە، هەروەک بۆتە سەقامگیرکردنی هاوپەیمانیی تورکیا و قەتەر. ئەمەش دەشێ هاندەر بێ بۆ بیرکردنەوە لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ قەتەر.

لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبوونی سعودیە بە کەیسی خاشقچی ، بەربەستی لەبەردەم بەشداربوونی سعودیە لە گەمارۆدانی ئێران دروست کردووە، جگەلەوەی کە قەیرانەکە هەموو ئەو پلانەی سعودیەی شڵەژاندووە کە بەهۆیانەوە دەیویست پشتیوانی لە پلانەکەی ترەمپ بکات بۆ سەپاندنی چارەسەرێک بۆ مەسەلەی فەلەستین لەسەر بنچینەی « گرێبەستی سەدە» سەرباری ئەوەی کە بە درێژایی ئەو ماوەیە، پاساوەکانی بەردەوامبوونی سعودیە لەسەر جەنگی یەمەن لەسۆنگەی کەیسی خاشقچییەوە هەرەسیان هێنا و راستگۆیان لەدەستدا.

بۆیە دەشێت لە قۆناغی داهاتوودا سعودیە پێداچونەوەیەک بە سیاسەتی لە یەمەن بکات، بەتایبەتی کە ئەندازایاری جەنگی یەمەن، واتە میر محەمەدی کوڕی سەلمان، هێشتا لە ریسوایی کوشتنی خاشقچی رزگاری نەبوە.
گرنگترین خاڵ لە مەسەلەکەدا ئەوەیە، کە مەلیک سەلمانی باوکی چیتر ناتوانێ پشت بە کوڕە بێ ئەزمونە هەڵەشە و سەرەڕۆکەی ببەستێ،دەبێ بگەڕێتەوە مەیدان و جڵەوی دەسەڵات بگرێتەوە دەست. ئەم خاڵە شتی تری لە پشتەوەیە، کە هێشتا رواڵەتەکانی بە رونی دەرنەکەوتون. ناوەندە سیاسییەکان پێشبینی گۆڕانێکی دیاریکراو لە سیاسەتی ریاز دەکەن، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەم لەسەر ئاستی دەرەوە.
هەرچەند ئەستەمە ئەندازەی گۆڕانەکە دیاری بکرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە سعودیە پاش کەیسی خاشقچی ، ناتوانێ دەقاودەق هەمان سعودیەی پێش کەیسی خاشقچی بێت.

ئه‌م بابه‌ته 198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.