​گێژاوی هەڵبژاردن

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

پێشبینی نەدەکرا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو تەنگژە گەورەیەی لێ بکەوێتەوە. گەورەترین کێشە ئەوەیە کە خودی ئەنجومەنی نوێنەران لە بری ئەوەی کە ببێ بە بەشێک لە چارەسەر، بۆتە بەشێک لە کێشەکە. گومانێکی زۆر لە یاساییبونی ھەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە. بەم ھەنگاوانە ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای ھەموو ئەگەرە خراپەکانی بەکراوەیی ھێشتۆتەوەو بڕیاری وای دەرکردووە کە ھیچ ئومێدێکیان بە گەیشتن بە چارەسەر نەھێشتۆتەوە.

ئەگەر ئامانجی لایەنە ناڕازییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە راگەیەندراوەکانی ھەڵبژاردن ‌و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن بێ، ئەوا ئەم ئامانجە مەحاڵە بێتە دی. ئەگەر سوریش بن لەسەر ئەم ئامانجە، ھیچ گومان لەوەدا نامێنێ کە ھەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە دوایین ھەڵبژاردن لە مێژوی عیراقدا.

ھەنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەڕووی یاسایی ‌و دەستورییەوە مایەی گومانن، کێشەکەیان پێ چارەسەر ناکرێ ‌و ئاڵۆزییەکی زۆرتر لەسەر ئاستی عیراق دروست دەکەن، چونکە ئەم ھەنگاوانە مایەی ھەڕەشەن بۆ سەر سیستمی دەستوری ‌و یاسایی دەوڵەت ‌و بەکردەوە بونەتە مایەی ئیفلیجبونی دەوڵەت.

ھەر لەو ماوەیەدا تورکیا دوو ھەنگاوی ناوە کە ھەردووکیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عیراقدا ناگونجێن. یەکەمیان، گرتنەوەی ئاوی روباری دیجلەیە بۆ پڕکردنی  بەنداوی ئەلیسۆ و دووەمیان، ناردنی ھێزە بۆ ناو خاکی عیراق بە بیانوی ھێرش کردنە سەر پەکەکە ‌و نەشاردنەوەی نیازی ھێرش کردنە سەر قەندیل ‌و مەخمورو شنگال. لە ھەردوو نمونەدا حکومەتی عیراق ھیچ ھەڵوێستێکی تۆکمەی دەرنەبڕیوە. ھۆکەش بۆ ئەو تەنگژە ناوخۆییە دەگەڕێتەوە کە ئێستا بەھۆی ھەڵبژاردنەوە لە ئارا دایە.

تا تەنگژەی ھەڵبژاردن چارەسەر نەکرێ، ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێ ھیچ رۆڵێکی ئەکتیڤ بگێڕێ ‌و حکومەتیش ھەر وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە ‌و ھیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی  نابێ. لە دۆخێکی وادا کۆمەڵگا تەنگی پێ ھەڵدەچنرێ ‌و ناچار دەبێ لە دەرەوەی چوارچێوە یاسایی ‌و دەستورییە ھەڵپەسێردراوەکان بە دوای چارەسەردا بگەڕێ.

لە دۆخی ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی راستەوخۆ و حکومەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، فشارێکی زۆریان لەسەر کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دروست کردووەو ھەر یەکەیان بە شێوەیەک تەنگی پێ ھەڵدەچنێ، لە کاتێکدا کێشەکە لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نییە، بەڵکو کێشەکە لەو یاسایانە دایە کە حکومەت وەک پرۆژە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووەو ئەنجومەنی نوێنەران دەری کردون. ئێستا ھەردولا کۆمیسیۆن بە کەموکوڕی تومەتبار دەکەن، لە کاتێکدا کە کەموکورییەکە لە خودی یاساکان دایە، نەک لە کۆمیسیۆندا.

سەرەڕای ھەموو شتێک، ئەم دۆخە نالەبارە پێویستی بە دۆزینەوەی دەریچەیەکە بۆ رێگرتن لە ھەرەسی تەواو، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە لەوە زیاتر بەردەوام بێ، سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەتی عەبادی و ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی یاسایی خۆیان تەواو دەکەن و وڵات پێ دەنێتە قۆناغی بۆشایی دەستورییەوە کە تێیدا ھیچ دامەزراوەیەک شەرعیەتی نامێنێ ‌و ھیچ بڕیارێکیش پشت ئەستور نابێ بە یاساو دەستور.

بەدڵنیاییەوە، ھێزە بنچینەییەکان ھەست بەم مەترسییە دەکەن. ئەمەش ھانیان دەدا دەریچەیەکی گونجاو بۆ دۆخەکە بدۆزنەوەو سازانێک لەسەر ئاستێکی دیاریکراو بۆ تێپەڕین بەناو مینە چێنراوەکان دا وەدی بێنن و بتوانن سەقامگیریی پێویست دەستەبەر بکەن.


PM:03:47:23/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 1570 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی