بژاردەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

ھێشتا ھیچ کام لە دوو جەمسەرە گەورەکەی عێراق، واتە سەدر-عەبادی ‌و مالیکی– عامری، ھاوپەیمانییەکی گەورەیان پێ دروست نەکراوەو ھێشتا ھەردووکیان لە قۆناغی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان دان بۆ پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران.

گەورەترین کێشەی بەردەم پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکە ئەوەیە کە جیاوازییەکی کەم لە ژمارەی کورسیدا لە نێوان ھەردوو جەمسەردا ھەیە کە ئەمەش ھەردوولا ناچار دەکا ھەوڵی راکێشانی لیستەکانی تر بەلای خۆیاندا بدەن. بەڵام کێشەی لیستەکانی تر لەوە دایە کە پشتگیریکردنی ھەر کام لەم دوو جەمسەرە دەشێ ببێتە مایەی تێوەگلانیان لە گیروگرفتی گەورە. ئەمەش ھانیان دەدا پەلە نەکەن تا ئەو کاتەی بەرچاویان بە باشی روون دەبێتەوە. دۆخێکی نزیک لە ھاوسەنگی ‌و ترس لە نێوان ھەردوو جەمسەردا ھەیە کە ئەگەری پێکدادان بەرەو ھەڵکشان دەبات. ئەمە دەستەواژەکەی "ھاوسەنگیی ترس" دێنێتەوە یاد کە لیستەر پێرسن لە ساڵی ١٩٥٥ دا لە گەرمەی ململانێی نێوان ئەمریکاو یەکێتیی سۆڤێتدا بەکاری ھێناوەو بەو جۆرە گوزارشتی لێ کردووە کە" ھاوسەنگیی ترس جێی ھاوسەنگیی ھێزی گرتۆتەوە."

ئەوەی کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، جیاوازیی تێڕوانینی ئێران ‌و ئەمریکایە بۆ مەسەلەی عێراق. عێراق بۆ ھەردوولا گرنگە و ھیچ لایەکیان نایەوێ عێراق بۆ لایەنەکەی تر بەجێ بێڵێ. لەھەمووی خراپتر ئەوەیە کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھاوکات بوو لەگەڵ خراپترین قۆناغی ململانێی نێوان ئێران ‌و ئەمریکا‌و بەدڵنیاییەوە ئەم ململانێیە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی عێراق دەبێ.

ھێزی سەدر لە شەقام دایە، لەکاتێکدا ھێزی عامری لە حەشدی شەعبی دایە. ئەمە بەم مانایە دێت کە ھەر حکومەتێک جەمسەری مالیکی- عامری پێکی بھێنێ، روبەروی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکانی سەدر دەبێتەوەو وڵات تا ماوەیەکی دورودرێژ لە دۆخێکی ناجۆردا دەژی. ھەر حکومەتێکیش سەدر- عەبادی پێکی بھێنن، دەبێ چاوەڕێی یاخیبونی حەشدی شەعبی ‌و پێکدادانی چەکدار بکات. لە ھەردوو سیناریۆدا عێراق سەقامگیریی خۆی لە دەست دەداو دەرفەتێک بۆ سەرھەڵدانەوەی پاشاگەردانی ‌و پەیدابونی گروپە چەکدارەکانی داعش دێتە ئاراوە.

ھەردولا دەزانن لایەنەکەی تر لێ ناگەڕێ بە ئاسودەیی حوکمڕانی بکات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا رەنگە ببێ بە ھاندەر بۆ کارکردن بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێکی مامناوەنجی. کەس نازانێ ئەو چارەسەرە مامناوەنجییە چۆن دەبێ، بەڵام دەشێ بگەن بە جۆرە دابەشکردنێکی دەسەڵات کە ھەردوولا تێیدا لە ژێر چەتری یەک حکومەتدا کۆ ببنەوەو ھەر یەکێکیان بۆ دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەتی لە لا بێ. ھەروەھا دەشێ ھەردوو جەمسەر لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت رێک بکەون کە سەر بە ھیچ یەکێ لە دوو جەمسەرەکە نەبێ. ھەرچەند عەبادی ‌و سەدر لە جەمسەرێکدا کۆبونەتەوە، بەڵام ھێشتا ئەوە رون نەبۆتەوە کە ئاخۆ سەدر پشتگیریی عەبادی دەکات بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرەک وەزیران یان نا. رەنگە کێشەکە لەوەدا بێ کە عەبادی وەک کاندیدی ئەمریکا ناوی دەرکردووە، لەکاتێکدا سەدر خراپترین پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکادا ھەیە. بەڵام ئێستا عەبادی، بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەکانی پێشتر، چانسێکی کەمتری بۆ بەدەست ھێنانی پۆستی سەرەک وەزیران ھەیە ‌و زۆرتر پێویستی بە پشتیوانیی سەدر ھەیە.

لەلایەکی ترەوە، زۆر ئەستەمە حکومەتی داھاتوو بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی سەدر پێک بھێنرێ. لە راستیشدا بەرژەوەندیی عێراق لەوە دایە فراکسیۆنەکەی سەدر لەکابینەی تازەدا بێ، نەک ھەر لەبەر ئەوەی فراکسیۆنی سەدر گەورەترین لیستی براوەی ھەڵبژاردنە، بەڵکو ھەروەھا لەبەر ئەوەی بونی ئەو فراکسیۆنە لە حکومەتدا مەرجێکی سەرەکیی دابینکردنی سەقامگیرییە لەماوەی چوار ساڵی داھاتوودا، بە رەچاوکردنی پێویستیی جێبەجێ کردنی ھەندێ لە مەرجەکانی سەدر. بونی نوێنەرانی سەدر لە ناو حکومەت، دەشێ رۆڵی ھەبێ لە ھیۆرکردنەوەی دۆخی نێوان حکومەت ‌و شەقامدا.

چاوەڕوان دەکرا عێراق لە چوار ساڵی داھاتوودا بەشێکی زۆری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی چارەسەر بکات، بەڵام ئەمە بەبێ دابینکردنی سەقامگیری نایەتە دی. رەنگە ئەمەش ببێ بە مایەی ھاندانی لایەنە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی دووبەرەکییەکانیان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری.


PM:02:15:20/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 2204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی