نەوتی باشور پیرۆزترە یان خوێنی باکور؟

‌کەمال چۆمانی


گەلێک قەتڵوعام دەکرێت. نزیکەی پێنج مانگە دەوڵەتی تورکیا بە قوڕسترین چەک و جبەخانەوە روبەڕوی داواکانی خەڵکی باکوری کوردستان بۆتەوە کە دواجار لە جزیر دەیان کەسیان سوتاند. پیرۆزترین ناوچەی کوردان، سوری ئامەد، خەریکە خاپوردەکرێت. بە دەیان و سەدان چالاکی مەدەنیی و سیاسیی و ئەندام و سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوی گەل، خزێندراونەتە زیندان. نزیکەی ساڵێکە هەواڵێک لە رێبەری گەلێک نییە. رۆژ نییە دەیان کورد بە دەستی سەربازانی دەوڵەتی تورکیا نەکوژرێن. دوا هەوڵەتی دەوڵەتی تورکیا هێرشکردنە سەر رۆژئاڤای کوردستانە. چەند رۆژێکە تۆپبارانی رۆژئاڤای کوردستان دەستیپێکردوە و تورکیای هەڕەشەی چونەناو خاکی رۆژئاڤا دەکات.

لەو دۆخە پڕ ستەم و خوێنڕێژییەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک سوڵتان ئەردۆغان و سەرۆک وەزیران ئەحمەد داودئۆغڵۆ، بۆ ئیدانەکردنی تەقینەوەکەی ئەنقەرە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی بە داودئۆغڵۆوە دەکات و پەیمانی هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا دژی "تێرۆریزم، لەناویشیاندا پەکەکە” دوبارەدەکاتەوە. 

پەکەکە لە ١٩٩٣ەوە ئاگربەستی تاکلایەنە رادەگەیەنێت. لەوەتەی پڕۆسەی ئاشتیی دەستیپێکردوە، دەوڵەتی تورکیا هەنگاوێک دێتە پێشەوە و دە هەنگاو دەچێتە دواوە. کاتێک لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا هەدەپە سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، دەوڵەت هەمو شتێکی وەرگێڕا. ئەردۆغان رەتیکردەوە کە پڕۆسەی ئاشتیی بەردەوام بێت و موزاکەرەی دۆڵمە باخچەی رەتکردەوە.

لە دۆخێکی وادا دەبوایە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان هەنگاوێکی نوێ بنێت. بەدڵنیایی، ئەو هەنگاوە دەبوایە لە هەمو هەنگاوەکانی دی جیاواز بوایە. 

هەنگاوی نوێی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراتیک بو. بەو قۆناغە، مێژوی کوردستان و تورکیاش پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. تورکیا ویستی وابو و وایە کە بتوانێت کۆتایی بەو بزوتنەوەیە بهێنێت و کوردان جارێکی تر ئاوارە بکاتەوە. شەڕڤانانی بکوژێت و چالاکانی زیندانیی بکا. ئەوانیدیش تەمبێ بکات و بەتەواوی بێدەنگییان بکات. پەکەکە و گەل لێکداببڕێت و هەدەپە وەک هێزێکی بێکاریگەر بهێڵێتەوە. 

هەمو ئەوانە شکشتیانهێنا.

پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکور باشترین رێگاچارەیان هەڵبژارد بە راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراتیک و بەرگریلێکردنی. 

بۆ ئەوەی تەڤگەری ئازادیی لە باکوری کوردستان فشارێک لەسەر تورکیا دروستبکات، پێویستە شادەمارە ئابورییەکانی برینداربکات هەر بۆیەشە گروپی هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان کە گروپێکی چەکدارییە و ئۆجەلان بە رابەری خۆیان دەزانن، هەوڵیانداوە مەترسیی بن لەسەر گەشتوگوزاری تورکیا. تا رادەیەک ئەمە کاریگەریی هەبوە و بە سەدان هۆتێلی گەشتیاریی تورکیا کارەکانیان لەدەستداوە. شادەمارێکی دیکەی ئابوریی تورکیا، بۆڕیی گواستنەوەی نەوت و گازە بۆ تورکیا و ئەوڕوپا، لەناویاندا بۆڕیی نەوتی کەرکوک-جەیهانی عێڕاق کە ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەگوازێتەوە.

ساڵی ٢٠٠٦، لە گەرمەی گفتوگۆکانی پڕۆژەی نابوکۆ، وەفدێکی وڵاتانی یەکێتیی ئەوڕوپا بەنهێنیی لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە دانیشتن. یەکێک لە ئەندامانی ئەو وەفدە پێی گوتم کە خۆی چۆتە قەندیل بۆئەوەی لە پەکەکە دڵنیا بن کە ئایا هەڕەشە دەبێت لەسەر بۆڕیی گواستنەوەی گازی نابوکۆ. پەکەکە لە بەرانبەردا، ئەوکات، داوای فشارخستنە سەر تورکیایان لێدەکات. یەکێک لە کارتێکەرەکانی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا و پەکەکە، پڕۆژەی نابوکۆ بو.

هەرچەندە هێشتا رون نییە کێ ئەو بۆڕییە نەوتەی تەقاندۆتەوە، بەڵام میدیاکانی ئاکپارتیی و نزیک لە پارتیی دیموکراتیی، تەنانەت ئەندام پارلەمانێکی بەڕێزی گۆڕان و یەکێکی یەکگرتویش، پەنجەی تۆمەت بۆ پەکەکە درێژ دەکەن.

ساڵی رابردوش بە وتارێک ئەوەم رونکردەوە کە ئەو بۆڕییەی تەقێنراوەتەوە، بۆڕیی نەوتی کوردستان نییە بەڵکو بۆڕیی نەوتی عێڕاقە. بە داخەوە تورکیا لە لای خۆیەوە، هیچ بۆڕییەکی نەوتی بۆ گواستنەوەی نەوتی کوردستان دروستنەکردوە. لە هەمان کاتیشدا، پاراستنی بۆڕیی نەوتەکە، ئەرکی تورکیایە و چاککردنەوەشی هەر لە ئەستۆی ئەوانە. ئەرکی قانونیی تورکیایە بۆڕییەکان بپارێزێت، ئەمە لەلایەن رونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشەوە رونکراوەتەوە کە دادەکات تورکیا باشتر ئاساییشی بۆڕییەکان سەقامگیر بکات. کەواتە؛ ئەو هێرشە بۆ لێدانە لە دەوڵەتی تورکیا و کارتێکردن لە شادەمارێکی ئابوریی. ئەگەر تورکیا سەرکەوتو نەبێت لە پاراستنی بۆڕییەکانی نەوت و گاز، ئەوا وڵاتان متمانەی پێناکەن کە بتوانێت ئاساییشی بۆڕییەکان بپارێزێت.  

حکومەتی هەرێم دەبێت ئەوە بقۆزێتەوە و بیکاتە فشارێک بۆ سەر تورکیا کە لە هەبونی پرسی کورد لەو وڵاتەدا، ئەو دو وڵاتە ناتوانن ببنە دو هاوبەشی ئابوریی نەک هەماهەنگیی بکات لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دژی پەکەکە. ئەمە جگە لەوەی، ئاماژە ناردنن بۆ یەکێتیی ئەوڕوپاش کە پشتیوانیکردنیان لە ئەردۆغان، ئاسایشی وزەیان دەخاتە مەترسییەوە چونکە دەرکەوت ئەوان هاوکار بون لەوەی جارێکی تر ئەردۆغان زۆرینەی پارلەمان بەرێتەوە بە بڵاونەکردنەوەی راپۆرتێکی پڕ رەخنە لە حکومەتەکەی داودۆئۆغڵۆ لە بواری مافەکانی ئینسان و ئازادیی رادەبڕین لەپێش هەڵبژاردنەکان.

ئێستا ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی زۆر هەراسانکەر داین؛ کامیان پیرۆزترن نەوتی باشور یان خوێنی باکور؟

هێشتا رون نییە کێ تەقینەوەکەی کردوە. هەندێک خودی دەوڵەت تۆمەتباردەکەن تا دژی پەکەکە بەکاربهێنرێت و شەرعییەت بداتە پارتیی دیموکراتیی لە هێرشکردنە سەر پەکەکە و لێدان لە پەکەکە زیاتر هاوکاریی تورکیا بکات. هەندێکیش پەکەکە تۆمەتباردەکەن. بەڵام ئەگەر هێزێکی پەکەکە یان نزیک لە پەکەکە کردبێتی، ئەوا بڕیارێکی ناوەندیی نەبوە بەڵکو بڕیارێکی ناوچەیی بوە چونکە ئەوان دەتوانن خۆیان بڕیاری لەو جۆرە بدەن بۆ لاوازکردنی دەوڵەت. ئەگەر پەکەکە کارێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات، بەشانازییەوە رایدەگەیەنێت. 

هەمومان دەزانین تەقاندنەی بۆڕییەکانی نەوت، ئەگەر هەر هێزێک کردبێتی، بۆ کۆتاییهێنان بوە بە قەتڵوعامی کورد کە دەوڵەتی تورکیا، بە سەرکردایەتیی ئەردۆغان و داودئۆغڵۆی هاوپەیمانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان. ئێمە یان دەبێت ویستێکی خۆویستانەمان بۆ باشور هەبێت لەپێناو چەند ملیۆن دۆلارێک خوێنی سەدان و هەزاران کەسی باکور لەبیربکەین، یان دەبێت فشار لەسەر حکومەتی هەرێم دروستبکەین کە ببێتە پاڵنەری ئاشتیی لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و کورددا نەک پەیمانی هەماهەنگیی بدات بۆ کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان.

زۆر ناواقیعیی و نامەنتیقییە رەخنە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان بگرین بۆ هەر جۆرە چالاکییەک دژی دەوڵەتی تورکیا کە لە ناوخۆی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامیدەدات. پەکەکە هەرگیز نەبۆتە مەترسیی و هەڕەشە بۆ سەر باشوری کوردستان، تەنانەت لە دوای شەڕی داعشەوە بەڕەسمیی سەلماندیان کە پارێزەری کوردستانن. ئەو راستییانەمان لە دەمی مەسعود بارزانییشەوە بیستن.

ئه‌م ووتاره‌ له‌سایتی‌ پاسه‌وانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌


AM:11:21:21/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی