نابێ ژەهری ناسیۆنالیزم هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بکوژێ

‌کەمال چۆمانی



ئەوەی بڕوای بە یەکێتیی گەلان نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت بۆ کورد و عەڕەب، یان کورد و تورک و کورد و فارس، دەتوانێت تەماشای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بکات. سەرەڕای ئەو هەمو فشارانەی تورکیا، ئەو هەمو هەوڵانەی تیرۆرکردن و پارەبەخشین بە عەڕەبەکان و مەسیحیی و گەلانی ناو هەسەدە، تا ئێستا تەنانەت شەڕڤانێکی هەسەدەش پەیوەندیی بە تورکیاوە نەکردوە. زیاتر لە ساڵێکیشە، رژێمی سوریا هەوڵدەدات هۆزە عەڕەبەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت، دوا دانیشتنی عەلی مەملوک، راوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی سوریا، لەگەڵ هۆزە عەڕەبەکان دیسان ئەو ئامانجەی نەپێکا. مەملوک داوای لێ کردون کە منداڵەکانیان لەناو هێزەکانی سوریا دەربێنن و پەیوەندیی بە سوپای سوریاوە بکەن. هەرچەندە ئامارێکی سەدا سەد لەبەر دەست نییە، بەڵام بەنزیکەیی، بە پێی هەندێک سەرچاوە، نیوەی شەڕڤانانی عەڕەبن.

ئەوەی جێی رەخنەگرتنە، لەوەتەی داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر هەرێمی خۆبەڕێوبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکردوە، هەندێک ئاراستەی ناسیۆنالیستیی کوردیی لەناو هەسەدە زیاتر پێشدەخرێن، لۆبییکردنیان دژی تورکیا بەو ئاراستەیەیە کە تەنها کوردە بۆتە قوربانیی و پاکتاوی نەژادیی تەنها بەرانبەر کوردە. ئەو ئاراستەیە مەترسیدارە، دەبێت هەسەدە رێی لێ بگرێت.

جەمیل باییک لە دوای چاوپێکەوتنیدا هەڵسەنگاندنێکی لە دیدی ئۆجەلانەوە بەو جۆرە هەڵدەهێنجێت: "کێشەی کورد، کێشەی ژیانی ئازاد و دیموکراتییە. کێشەی کورد، کێشەیەکی جیهانییە، بە هێڵی نەتەوەپەرستی کێشەکە چارەسەر نابێت."

ئەوەی هەسەدە بەدەستیهێناوە لەو هێڵە سیاسییەدا، پێویستە پێشبخرێت نەک کاتێک خەریکە دەگاتە لوتکەی سەرکەوتن بە هۆی هەندێک کێشەوە وەپاشەوەبخرێت. ئەو هێڵە شەڕکردنی سەد ساڵی رابردوی نەتەوەپەرستییە لە ناوچەکەدا.
ئەو ژەهری نەتەوەپەرستییە زۆر مەترسیدارە بکەوێتە گیانی هەسەدەوە. لەوانەیە هەندێک ئەو چەند دێڕە توند ببینن، بەڵام بەرلەوەی ژەهرەکە بڵاوببێتەوە پێویستە کۆنترۆڵبکرێت.


PM:02:22:13/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 4668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی