سەدا یەک بەرانبەر سەدا ٩٩

‌کەمال چۆمانی



تەنانەت جۆری خواردنەکانی سەدا ٩٩ش لە سەدا یەک جیاوازە؛ سەدا ٩٩ هێشتا دۆڵمە و ساوار و کفتە-بڕوش دەخۆی. نانی بەیانیانیش ماست و گوێز و پەنیر و چای شیرینە، یان سەمون و نۆک. کەچی سەدا یەک ئێستا پیتزا و کنتاکی دەخۆن، نانی بەیانییانیشیان بۆتە "بڕێکفاست". منداڵەکانی سەدا ٩٩ هێشتا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگەکانی گەڕەکن، هی سەدا یەک لە شوەیفات و سابیس و تیشک. 

لاوەکانی سەدا ٩٩ دەچنە زانکۆکانی سەلاحەدین و سلێمانیی و دهۆک و سۆران و کۆیە و رانیە و زاخۆ، هی سەدا یەک دەچنە زانکۆکانی ئەمریکیی دهۆک و سلێمانیی و کوردستان، یان جیۆرج واشنتن و کێیمبریج و ئێل-ئێس-سیی. سەدا ٩٩ هێشتا لە خانوێکی سادەدا دەژییێن و گەر نانی گەرم دروستبکەن، یان گەر دۆڵمەی خۆش لێبنێن، لەگەڵ دراوسێکەیان بەشی دەکەن. سەدا یەک ماڵەکانیان چوار پەرژینی لە دەورە و بە سەدان دۆنم زەویی سەدا ٩٩ داگیردەکەن، نابێت هیچ کەسێکیش لە چینی سەدا ٩٩ دراوسێی سەدا یەک بێت؛ سەرۆک قبوڵناکات ئەندامانی مەکتەبی سیاسییش لە دەوری بن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی قبوڵ ناکەن ئەندامانی سەرکردایەتییش جیرانیان بن، هی سەرکردایەتیی قبوڵیان نییە لە هەمان گەڕەک بژین کە ئەندامانی مەکتەب رێکخستنەکانی لێیە. تەنانەت مەسئول ناوچە و کۆمیتەکانیش قبوڵیان نییە هەمان تەلارسازیی گەڕەکیان هەبێت. سەدا ٩٩ لە رۆژانی جەژندا لە مزگەوتەکان لەگەڵ خەڵکی گەڕەک کۆدەبنەوە، یان دوای نوێژ سەردانی یەکتر دەکەن و پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن، سەدا یەک دەچنە هاوایی و لاس ڤێگاس و مۆناکۆ و بەرشەلۆنە. سەدا ٩٩ بۆ سەیران دەچنە پشت سەیتەڕە، یان قەرەداغ و چۆمان و هەورامان، سەدا یەک بۆ سەیران دەچنە بەیروت و ئەنتاڵیا. 

سەدا ٩٩ تەنها یەک رۆژ لە چوار ساڵدا دەنگی دەبیسترێت، سەدا یەک لە چوار ساڵ تەنها یەک رۆژ ترسی لە سەدا ٩٩ هەیە. سەدا ٩٩ هەمیشە لەلایەن سەدا یەک فریودەدرێت.

سەدا یەک بە ناوی پاراستنی سەدا ٩٩ و بەدیهێنانی خەونەکانی سەدا ٩٩، رێک ٢٨ ساڵە خەونەکانی سەدا ٩٩ دەسوتێنێت. سەدا ٩٩ هێشتاش چاوەڕێیە سەدا یەک خەونەکانی بەدیبێنێت. 

سەدا ٩٩ دەیەوێت بژیێت، سەدا یەک لەجیاتی سەدا ٩٩ش دەژیێت. 

سەدا یەک بە ناوی نەتەوەگەرایییەوە ٢٨ ساڵە کەڕامەتی سەدا ٩٩ی نەتەوە دەشکێنێت، کەچی سەدا ٩٩ هێشتاش چاوەڕێیە سەدا یەک دەوڵەتی بۆ دروستبکات.

ئەمە چیڕۆکی نیشتیمانێکی ستەملێکراوە، نیشتیمانێکە کە تا دوێنێ لەبەر کوردبون لەلایەن داگیرکەرانەوە ستەمی لێ دەکرا، کەچی هەر دوێنێ کە ستەمکارانی ناکورد نەمان، ستەمکارانی کورد هاتن و بە ناوی پاراستنی کوردایەتیی ستەمیان لێ دەکەن. 

سەدا یەک منداڵەکانیان کوردییەکی سەقەت قسەدەکەن، یان هەر ناشزانن بنوسن، بێئاگاشن لە عەلی مەردان و کامکاران، بە مامیی و دادییش بانگی دایک و باوکیان دەکەن، کەچی پێیان وایە رۆڵەکانی سەدا ٩٩ رقیان لە کوردستانە چونکە رقیان لە سەدا یەکە، لای رۆڵەکانی سەدا یەک کورد و کوردستان واتا سەدا یەک، دەبێت سەدا ٩٩ لە خزمەتی سەدا یەک بێت چونکە سەدا یەک هۆکاری مانەوەی سەدا ٩٩ یە.

ئەم چیڕۆکی دابەشبونی نیشتیمانە بۆ دو کڵاسی جیاواز کە جیاوازییەکەیان بە قەد جیاوازییەکانی ئیمپایەر بیڵدینگ و تەیراوا، بە قەد شێخەڵا و فامیلی مۆڵ، بەقەد زانکۆی ئەمریکیی سلێمانیی و زانکۆی گەرمیان، بەقەد سەری بڵند و دەباشان و ماڵی عومەری خاوەر، بەقەد هێڵی لۆڤ و نازم پێخواس، بەقەد لقی دوی پارتیی-مەڵبەندی یەکی یەکێتیی و سینەما سیروانە، چیڕۆکی کۆتایی ئەو خێزانە ناوەکییەی کوردستانە کە توانای مانەوەی بەرانبەر کۆی ستەمکارییەکان و تراژیدیاکان لە هەناویدا وەک هەڵگۆرد و قەندیل بەهێز بو.


AM:09:08:02/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی