لە پێناو عێڕاقێکی بەهێز و دیموکراتیکدا دەنگدەدەم

‌کەمال چۆمانی


کاندید و لیستە کێیڕکێکارەکان پێویستە لەو راستییە تێبگەن کە ئەوان کێبڕكێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسیی لە پارلەمانی عێڕاق و گۆڕینی واقیعی سیاسیی و ئابوریی و کەلتوریی و حوکمڕانیی عێڕاق نەک هەرێمی کوردستان. گەورەترین درۆ و کارەساتی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە کاندیدەکان و لیستەکان بە عەقڵییەتی کێبڕكێ و سیاسەتکردن بۆ پارلەمانی کوردستان هاتونەتە ناو سیاسەتکردن و کێیڕكێ بۆ پارلەمانی عێڕاق.

کاندید و لیستە بەڕێزەکان، ئێوە پێم مەڵێن چ کوردستانێکتان دەوێت، بەڵکو پێم بڵێن چ عێڕاقێکتان دەوێت. من دەنگتان پێنادەم کوردستانم بۆ بگۆڕن، دەنگتان پێدەدەم عێڕاقم بۆ بگۆڕن تا هەرێمی کوردستان تێیدا ئاسودە بێت، جینۆساید نەکرێت، گەندەڵیی نەبێت، میلیشیا نەبێت و داعش سەرهەڵنەداتەوە. ئەو هەڵبژاردنە دەبێت لە پێناو عێڕاق بێت نەک لە پێناو هەرێمی کوردستان. ئەوە سیاسەت و دونیابینیی ئێوەیە کە وادەکات لەڕێی عێڕاقەوە هەرێمی کوردستان باش بێت. ئێوە دەبێت خەباتتان بۆ ئەوە بێت عێڕاقێکی سەرکەوتو و سەرفراز و دیموکراتیک بنەمای هەرە سەرەکیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە.

دەبێت هەوڵبدەن لە پێناو عێڕاقدا سیاسەت بکەن کە تێیدا هەرێمی کوردستان و سەرفراز و بەهێز و دیموکراتیک و خۆشگوزەران دەبێت. ئێوە دەبێت لەوە تێبگەین کە جینۆسایدێکی تر لە سەدەی ٢١ەم بە هۆی لاوازیی و نادیموکراتیبونی عێڕاقەوە رویدا، ئێوە دەبێت بزانن بێهێزبون و خراپیی حوکمڕانیی عێڕاق بو وای کرد داعش دروستبێت و ئیزیدییەکان جینۆساید بکرێن و هەمو گەلانی عێڕاق جارێکی تر توشی شەڕ و نەهامەتیی ببنەوە. دەبێت بزانن بەهێزیی ئابوریی عێڕاق واتا بەهێزیی ئابوریی هەرێمی کوردستان. دەبێت ئێوە داوای عەدالەتی کۆمەڵایەتیی بۆ هەمو عێڕاقییەکان بکەن نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان. ئێوە ئەو قانونانە دەربکەن کە خزمەتی تەواوی عێڕاق و عێڕاقییەکان دەکات، ئاخر ئەوە ئیشتانە ئازیزان. دەبێت کار بۆ ئەوە بکەن عێڕاق سەقامگیر بێت تا گەشتیارانی بەسڕە و بەغداد و نەجەف رو لە سلێمانیی و دهۆک و هەولێر بکەن، نەک ترسیان لێیان هەبێت تاد...

من لە پێناو عێڕاقێکی بەهێز و دیموکراتیکدا دەنگدەدەم. دەنگ بەوانە دەدەم کە دەزانن بۆچی دەچنە عێڕاق.


PM:02:59:15/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 4088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی