لوبنان نیشتمانپەروەری جێ‌ بەتائیفیەت لێژ دەكات

‌بورهان شێخ ڕەئوف


كە قوتابی بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ئەوكات بۆ یەكەم جار بابەتی جوگرافیام بیست وبینی و خوێندمان، هەر ئەوكات وڵاتی شامم بیست، مامۆستای وانەكەو كتێبی جوگرافیاش باسی ئەوەیان دەكرد كە وڵاتی شام لە چوار وڵاتی ئێستا پێكهاتووە ( سوریا– لوبنان- ئوردن– فەلەستین).

لوبنان ئەو وڵاتەعەرەبیە یە كە كەوتوەتە خۆرهەڵاتی ناوینەوە و هەروەها كەوتوەتە خۆرئاوای كیشوەرەی ئاسیاوە، لە باكورو  خۆرهەڵاتیەوە سوریایەو لە باشورییەوە فەلەستینە كە ئێستا بە شێكی ئیسرائیلە، لە خۆرئاواشی یەوە دەریای سپی ناوەڕاست.

سیستمی حوكمڕانی 

سیستمی حوكمڕانی كۆماری دیموكراسی و پەرلەمانی یە كە كەلە سەر بنەمای تائیفەو ئتنیك بەڕێوە دەبرێت كە بەشی زۆری گەلەكەی پێكهاتووە لە عەرەبی موسڵمان و كریستیان و موسڵمانەكانیش دابەشبوون بۆ دوو ئاینزای (شیعەو سوونە). بە پێچەوانەی وڵاتانی تری عەرەبی كریستیانەكان لە لوبنان ڕۆڵی كاریگەریان هەیەو سەرۆك كۆمار هەمیشە لەوانە، وسەرۆك وەزیران لە موسڵمانی سوونەو سەرۆكی پەرلەمان لە موسڵمانی شیعە.

لە مێژە لوبنانیەكان وەكو سەرچاوە مێژووییەكان باسی دەكەن هەر لە سەردەمی فینیقیەكانەوە بە زۆری كۆچیان كردووە بە دەوری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە هەربۆیە ئێستا ژمارەی لوبنانیەكانی هەندەران دوو هێندەی لوبنانیەكانی ناو لوبنانە.

لوبنان بە حوكمی پێگە جوگرافیەكی كە لە باكورەوە ئەوروپاو لە خۆرئاواوە ئەفریقیاولە باشورەوە عەرەب و لە خۆرهەڵاتەوە ئاسیا، وایكردووە كە هەمەجۆرو فرە ئتنیك و كەلتووربێت، هەروەها لە بەر هەمان هۆكار یش زۆرجاران لە مێژوودا دووچاری شەڕو ململانێ‌ بووەتەوە.

ئەگەر ئەوە پێشەكیەكی كورت بێت بۆ ئەم وتارە كورتە ئەوا مەبەستی سەرەكی من لەم باسە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە شارستانی و هێمنانەكانی چەند ڕۆژ پێشووی خەڵكی لوبنانە بە هەموو تائیفە و ئیتنیكە جیاوازەكانیەوە كە ساڵانێكی زۆری بە شەڕی خوێناوی ناوخۆ و ململانێ‌ توند تێژ لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا تێپەڕاند، ئێستا گیرۆدەی حوكمی گەندەڵی تائیفەو ئتنیكە جیاوازەكانە كە هاوپەیمانیان كردووە بە ناوی تائیفەو ئایین و نەتەوەو ە جەماوەری بەرینی ئەو وڵاتە دەچەوسێننەوە.

بۆ یەكەم جارە لە میژووی درێژی  ئەم وڵاتە بچكۆلەدا لوبنان، هەموو لوبنانیەكان بە هەموو ڕەنگە جیاوەزەكانیەوە هاوڕاو تەبا بن و بڕیاربدەن و بێژن ئێتر گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیان دەدات و هەموویان بڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەكان و كووچەو كۆڵانەكان و بڵێن ئەوە ئێمە لێرەین و دوا وتەو دوا بڕیار بۆ ئێمەی گەلە.

وادیارە ئەزموونی حوكمڕانی تائیفیش شكستی هێنا چۆن لە عێراقیش سەرەتاكەی دەركەوتووەو تاقم و گروپە تائیفیەكانی بەلەرزە هێناوەو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵێن و پێشنیاری ڕیفۆرم دەدەن و خوازیارن ڕقی پیرۆزی گەل دابمركێننەوە.

بەڵێ‌ حوكمڕانی تائیفی ئتنیكی دەركەوت جگە لە پەرت وبڵاوكردن و لاوازكردنی گەلان هیچ نیەو ناتوانێت دادی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان دابین بكات.

هەرلەبەر ئەوەشە لوبنانیەكان ئێستا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەوان پێك نەهاتوون لە كۆمەڵێك لە ئایین و تائیفەو خێڵی جیاواز بەڵكو یەك پارچەن یەك ئازاریان هەیە و یەك ئامانجیشیان هەیە كە زۆر ڕەواو پیرۆزە ئەویش دژی برسێتی و گەندەڵی و مۆنۆپۆڵی بازاڕو بە فیڕۆدانی سامان و داهاتی وڵاتە.

لوبنانیەكان زۆر شارستانیانە گوزارش لە داواكانیان دەكەن ئەوان دەڵێن خواست و ئارەزووەكانمان لێ‌ زەوت كراوە، ئاوارەو دەربەدەری دەستی حوكمی تائیفی و لە هەندەران و غوربەت كار بۆ خەڵكی بێگانە دەكەین و وڵاتی خۆمان لێكراوەتە زیندان و ئێمە بیگانەین لە ناویدا.

لە كۆتاییدا گەلی لوبنان بە هێمنی دووركەوتنەوە لە توندو تیژی و ڕێزگرتن لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پاراستنی ماڵی گشتی،  دەتوانن بەر لە پێكادان و بەریەكەوتن بگرن و بەدەردی شۆڕشەكانی سوریا و میسرو لیبیا و یەمەن و شوێنەكانی تریش نەبرێن.
ئەو ڕاستیەش وەك خۆر دەدرەوشێتەوەلە لوبنان  كە نیشتمان پەروەری جێ‌ بە تائیفیەت لێژ دەكات.




PM:03:59:27/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی