دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەستەنبوڵ گرنگە بۆ ئایندەی توركیا

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ئەگەرچی 31 ی ئازاری ڕابردوو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە سەر تا  خواری توركیا  بۆ هەڵبژاردنی  سەرۆكی شارەوانییەكان ئەنجامدرا , بەڵام ئەوەی كێشەو ململانێ‌ ی قورسی لێكەوتەوە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی یەكەم گەورە شاری  ستراتیجی توركیا ئەستەنبوڵ  بوو كە ئەنجامەكەی بە دڵی پارتی فەرمانڕەواو سەرۆك كۆمارئەردۆگان نەبوو  چونكە كاندیدە ڕكابەرەكەیان كەلە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)  بوو بە جیاوازییەكی  كەم سەركەوتنی بە دەستهێنا.

هەرچەندە ئەكرەم ئیمام ئۆغلو لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە بە براوەی هەڵبژاردنكان ڕاگەیەنراو دەستبەكاریش بوو  دواتر بە هۆی سكاڵاو تانەو  نیگەرانییەكانی ( ئەكەپە )  واتە پارتی فەرمانڕەواوە ئاكامەكان هەڵوەشێنرایەوە لە ئەستەنبوڵ   بڕیار درا كە 23/6/2019 واتە ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكان دووبارە بكرێنەوە.

جارێكی تر هەردوو كاندیدی بە هێزی هەڵبژاردنەكانی پێشووی 31 ی ئازار لە لایەن حزبەكانیانەوە جارێكی تر كاندید كراونەتەوە  واتە بیناڵی یەڵدرم وەزیر و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا لە ( ئاكەپە) و ( مەهەپە )  ئەكرەم ئیما ئۆغلو سەرۆكی یەكێك لە شارەوانیە  لاوەكییەكانی ئەستەنبوڵ لە ( جەهەپە) و ( ئی پارتی ) .

هەرچەندە ئیمام ئۆغلو تا كاتی كاندید بوونی بۆ هەڵبژاردنەكانی 31 ی ئازار كەسایەتیەكی هێندە دیارو ناسراو نەبوو وەكو ڕكابەرەی بینالی یەڵدرم كە دووەم كەسایەتی ناو ئەكەپە بوو گەلێك پۆست و بەرپرسیارێتی گەورەی هەبووە لە دەوڵەتی توركیادا , بەڵام ئێستا ئیمام ئۆغلو دوای سەركەوتنی هەرچەندە بە جیاوازییەكی كەمیش بوو لە هەڵبژاردنەكانی 31ی ئازاری پێشوو و دواتر هەڵوەشانەوەی ئاكامەكان و لابردنی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ كە گرنگیەكی گەورەی هەیە و سەرۆك كۆماری توركیا لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا وتبووی هەركەس حوكمی ئەستەنبوڵ بكات ئەوا حوكمی هەموو توركیا دەكات , ئێستا بووەتە ژمارەیەكی گرنگ لە هاوكێشەو ململانێ‌ ی سیاسی توركیادا لە لایەك وەكو ستەملێكراوێك و دوور خراوەیەك لە پۆستەكەی و قایل بوون بەو بڕیارەی ئاستی جەماوەر بە شێوەیەك بەرز بووەتەوە تەنانەت سنووری پارتەكەی خۆیشی بەزاندووە و سەرتاسەری توركیا دەگەڕێت و داوای دەنگ و هاوكار یو پاڵپشتی لە خەڵكی توركیا دەكات.

تەنانەت ئاستی جەماوەر ی بە ڕادەیەك سەركەوتووە كە هەر لە ئێستاوە بە ڕكابەری ئەردۆگان لێ‌ ی دەنواڕن بۆ هەڵبژاردنەكانی 2023 ی سەرۆكایەتی توركیا , هەر لە بەرئەوەشە هەردوو لایەنی دەستەڵات و ئۆپۆزەسیۆنیش زۆر بە گرنگیەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن و زۆر بە چارەنووسسازی دادەنێن .
پارتی دادو گەشە واتە ( ئەكەپە ) گۆڕانكاری گرنگ و ستراتیجی لە سیاسەتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی دا كردووەبە جیاوازی هەڵبژاردنەكانی ئازاری ڕابردوو , ئەویش ناوزەدكردنی پرۆسەكە بە چارەنووسسازی لە نووسین و وتارو ڕیكلامەكان لابردووە و ناوی كاندیدی ئۆپۆزەسیۆن ئیمام ئۆغلو بە هیچ شێوەیەك لە میدیاكانیاندا ناهێنن تاوەكو زیاتر ناو و ناوبانگی بۆ دەرنەكەن و زیاتر گەورەی نەكەنەوە, هەروەها سەرۆك ئەردۆگان لە سەرەتای ئەم هەڵمەتی بانگەشەوە خۆی دەرنەخست و چالاكی زۆری نەنواند وەكو جاری پێشوو هەموو ڕۆژ دەگەڕاو وتاری هەبوو گۆڕەپانەكانی بۆ خودی یەڵدرم چۆڵكرد و ئەمیش گەشتی زۆر كرد بۆ زۆر شوێنی وڵات هەرچەندە هەڵبژاردنەكان لە ئەستەمبوڵیشە بە تایبەتی بۆ دیاربەكر كە لەوێندەر هەندێ‌ قسەی بە زمانی كوردی كرد كە ئەمەش ماناو مەدلوولی خۆی هەیە , چونكە ئەستەنبوڵ توركیای بچووكەو لە هەموو ئتنیكە جیاوازەكانی توركیای تێدایە بە تایبەتی كورد ,  هەرچەندە لە ڕۆژانی كۆتایی هەڵمەتەكەدا جارێكی تر  ئەردۆگان دەركەوتەوە و لێدوانیشی داو هەڕەشەی لە ئیمام ئۆغلو كرد,
لەوانەش گرنگتر ئەمجارە زمانی بانگەشەو وتارەكانی ئاكەپە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتبوو كە وازیان لەو وشەو ڕستە ئاگراوی و زبر و بریندار كەرانە هێنابوو كە هەموو ڕكابەرەكانیانی كردبوو بە شەیتان.

هەر ئەوەش بوو وای كرد كە كاندیدی ئاكەپە قایل بێت بەوەی بچێتە  پانیلێكی تەلە فزیۆنی لە گەڵ كاندیدی جەهەپە ئیمام ئۆغلو دوای ڕەزامەندی پارتەكەی  دوای حەڤدە ساڵ لە نەمانی ئەو نەریتە .

لە كۆتاییدا هەرچەندە قورسە لە هەڵبژاردنێكی وا گرنگ و چارەنووسازدا پێشبینی ئەنجامەكان  بكرێت بەڵام  زۆرێك  لە ناوەندەكانی چاودێر ی و ڕاپرسی هەڵبژاردن پێشبینی سەركەوتنی ئیمام ئۆغلو دەكەن جیاوازییەكی كەمیش بێت .
بورهان شێخ ڕەئوف



PM:01:39:23/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی