​ چارەنووسی چەکدارە دیلەکانی داعش

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ئەوەی بووەتە بابەتی ڕۆژەڤو ڕووبەرێکی زۆر ی میدیاکانی جیھان و ناوچەکەشی داگیرکردووە چارەنووسی چەکدارە دیلەکانی دەوڵەتی ئیسلامی یە لە عێراق و شام چونکە  پێکھاتەی ئەو ھێزە ڕەشپۆشە  فرە ڕەگەزە کە لە ھەموو کون و قوژبنێکی ئەم جیھانەوە ھاتبوون  بۆ عێراق و سوریا  ئێستا لە دوای تێکشکانی ئەفسانەکەیان  بوونەتە بارێکی قورس بۆ وڵاتەکانیان و کەس خۆی ناکات بە خاوەنیان و مرۆڤایەتی شەرمەزارە لە ئاست تاوانەکانی ئەو تاقم و باندە توند ئاژۆ و خوێن ڕێژانە.

ئێستا ئیتر وڵاتە ئەوروپیەکان دەبێت ھەڵوێستی خۆیان یەکلایی بکەنەوە لەمەڕ چارەنووسی ئەو سەدان چەکدارەی کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون  کاری توندو تیژی یان ئەنجامداوە ھاوڵاتی ئەوروپین و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیەن پێ یە  و لە زیندانەکانی ھەسەدە دان لە باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا یان ھەندێکیشیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستانن و یان لە لایەن ھەسەدەوە ڕادەستی حکومەتی عێراق کراونەتەوە  .

لە کاتێکدا ئەمریکا فشار دەکات لە وڵاتە ئەوروپیەکان کە ئەو ھاوڵاتیانەیان تێوەگلاون بە کاری توندوتیژی لە ڕیزەکانی داعش وەربگرنەوەو ڕێکاری یاسایی یان لەبەرامبەر  بگرنەبەر لە ھەمانکاتدا وڵاتانی ئەوروپی وەکو ئەڵمانیاو فەرەنساو بەریتانیا لە ھەوڵی دۆزینەوەی ئەڵتەرنەتیفێک دان کە ئەو چەکدارانە نەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان لە بەر چەند فاکتەرێک بە پلەی یەکەم سیاسی یە  .

ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات گەمارۆی تەواویان خستۆتە سەر چەکدارەکانی داعش لە ناوچەی باغۆز کە پێدەچێت لە ھەرئان و ساتێکدا تەواوی بنکەو بارەگاکانیان ئازاد بکەن ھەرچەندە شەڕەکە زۆر سەختەو ھیچ مەودایەک لە نێوانیاندا نەماوە و تێکەڵ بە یەک بوون تەنانەت ڕۆڵی ھێزی ئاسمانی و ڕۆکێت و تەکنۆلۆجیاش نەماوە و ھەموو  پاشماوەی چەکدارە تاوانبارەکان خۆیان بۆمب ڕێژکردوەو لە تۆنێلەکانیاندا خۆیان حەشارداوە بەڵام گەمارۆن و ھێچ کۆمەک و ئیمدادێکیان پێ ناگات بۆ یە لە کۆتاییدا ھەر دەبێت خۆیان بدەن بە دەستەوە یان بجەنگن تا دەکوژرێن .

بۆ یە لە ئێستادا چارەنووسی ئەو چەکدارانە بەگەرمی کەوتۆتەوە بەرباس بە تایبەتی چارەنووسی ژن و مناڵەکانیان چ ئەوانەی ڕەگەزنامەی ئەوروپی و بیانی و ئەوانەی ڕەگەزنامەی عێراقیان ھەیە , لە نێو ئەو وڵاتانەدا فەرەنسا بڕیاری خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە لە عێراق و بە گوێرەی یاسای عێراقی ھەموو ئەو ھاوڵاتی یە فەرەنسانەی کە لە ڕیزەکانی لەشکری ڕەشپۆشی داعشدا بوون دادگایی بکرێن بەڵام وڵاتانی تری وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا لە نیوەی ڕێگادا وەستاون خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە  ئایان پێشوازیان لێ بکەن وەرین بگرنەوە و ڕوبەڕوی یاسایان بکەنەوە یان ڕەگەزنامەکانیان لێ بسەننەوە بێبەری یان بکەن لە مافی ھاوڵاتی بوون ؟
لە ساڵی ٢٠١٤  ەو لەڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی داعشەوە ڕێژەیەکی زۆری ھاوڵاتی ئەوروپی بە تایبەتی ژن پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیەو کە ڕێژەکە ی لە  ١٦ – ١٧ % لەو شەش ھەزارکەسەی کە لە ھەموو وڵاتانی ئەوروپاوە کۆچیان کردووە ژنن .

لەلایەکە تریشەو ڕوسیا ش ھەمان کێشەی ھەیە کە ئەوانیش نزیکەی ٤٠٠٠ ژن   پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی داعشەوەلەسەر زاری سەرۆک پوتین خۆیەوە , بێجگە لەوەی ٥٠٠٠ ژنی تر لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەو پەیوەندییان کردووە بە داعشەوە , جگە لەوەی باس لەوەش دەکرێت ١١٠٠ منداڵیشیان لە گەڵدایە .

لە کۆتاییدا ئەوەی دەبینرێت ھەموو حزب و تاقمە پۆپۆلیستەکانی ئەوروپا کە تازە ھەڵکشاون  دژ بەوەن ئەو جەنگاوەرە تیرۆریستانەبگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان ھەر ئەوەش وای لەو وڵاتانە کردووە کە بیر لەوە بکەنەوە کە ڕەگەزنامەکانیان لەو ھاوڵاتیانەیان بکشێننەوە , لەلایەکی تریشەوە فشارەکانی ئەمریکاش لەو وڵاتانە کە ھاوڵاتیەکانیان وەربگرنەوە و ھەڕەشەی ئەوەی کە ئەگەر وەریان نەگرنەوە ئەوا ھەسەدە ئازادیان دەکات ئەوەش ھەڕەشەیەکی جددیە کە ئەوانەبە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان کە ئاسایش و ئارامی ئەو وڵاتانە دەخەنی مەترسیەوە و دوورنی یە چەندین کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن و لە کاتێکدا ھەمووان دەزانین کە داعش سیاسەت و تاکتیکەکانی گۆڕیوە بۆ گورگی تاک کە بە تەنیا لە ھەر شوێن و ڕێ یەکدا بۆیان لوا گورزی خۆیان بوەشێنن .


PM:01:28:10/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 1080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی