ئاوڕێک لە ساڵی ڕابردوو ڕوانینێک بۆ ئەمساڵ ٢٠١٩

‌بورهان شێخ ڕەئوف

سەرەتا پێمخۆشە ئەوە بڵێم کە کاتەکان  ھیچ جیاوازیان نیە ساڵی ڕابردوو ساڵی نوێ  ئەوە خولەک و سەعات و ڕۆژ و ھەفتەو مانگ و ساڵ و سەدەیە وەکو یەکەی پێوانەی کات لە لایەن مرۆڤەوە لە دێرزەمانەوە دانراوە بۆ زانین و یاداشتی  مێژوو و  ڕوداوەکان و دانانی پلان بۆ داھاتوو .
ڕۆژھەڵاتی ناوین.

ئەم ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە چۆن لە ڕابردوو دا چەقی ململانێ و قەیران بووە  پێدەچێت لە ساڵی داھاتوویشدا بە ھەمان شێوە بمێنێتەوە , بەھۆی بوونی زۆر گروھو تاقمی توندئاژۆو و میلیشیاتی جۆراوجۆر لەوانە (ئەلقاعیدە و داعش و حزبوڵا) کە سەرکردەکانیان تا ئێستا ئازادن  وەکو ئەیمەن زەواھیری و ئەبوبەکر بەغدادی و زۆری تریش .

ئەگەرچی لە سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ دا بانگی سەرکەوتن بە سەر داعشدا درا، بەڵام ھەموو ئەو پاساوو فاکتەرانەی کە زەمینەیان ڕەخساند بۆ سەرھەڵدانی ئەو ڕەوتانە ھێشتا ھەر ماون و ھەوڵ بۆ زەمینەسازی بنبڕکردنیان وەکو پێویست نەدراوە ھەرچەندە لەوەیە بۆ ماوەیەکی کورت ئارامی و بووژانەوەی بازاڕو ئاوادەنکردنەوە لەم ناوچەیەدا ڕووبدات و کاریگەری بۆ سەر وڵاتانی تورکیا و لوبنانیش ھەبێت.


ڕۆژھەڵاتی ناوین سێ وڵات سێ ھێزی مەزن کاریگەریان لە سەری ھەیە ئەوانیش وڵاتانی ئەمریکاو چین و ڕوسیایە وڵاتانی  ڕۆژئاوای  ئەوروپایش کاریگەریان لەوان  کەمتر نین ھەرچەندە ئەمریکا بە توێتەکانی ترەمپ بێت پاشەکشە دەکات لە سوریا بەڵام ڕوسیا ئەگەرچی بە دبلۆماسیەتی ھێمن و لە سەرخۆ دەستی پێکرد دەستوەردانەکانی لە سوریا بەڵام ئێستا توند تر و ڕاشکاوانەتر ھاتۆتە پێش و لە ڕێگەی ئەو مافی ڤیتۆانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەکاری ھێنا بەرامبەر ئەوەی ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا لە قەیرانی عێراق و لیبیادا پەراوێزیان خست، سێ وڵاتی ئیقلیمیش لە پەراوێزی ئەواندا ستراتیج و بەرنامەی خۆیان ھەیە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە ئەوانیش ئێران و ئیسرائیل و تورکیان کە چۆن لە ساڵی ڕابردوودا درێغیان نەکردووە لە دەستوەردان و ململانێ ی سەپاندنی ھەژموونی خۆیان بە سەر وڵاتانی ناوچەکە لەم ساڵیشدا واپێشبینی دەکرێت گوڕوتینی نوێ بەخۆیەوە ببینێت .

ئەمریکا

ئەمریکا وەکو بزوێنەرێکی سەرەکی ڕووداوەکانی جیھان دەمێنێتەوە لە مساڵدا چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی پۆلیسی جیھانی وازی دەکرد، ھەرچەندە ترەمپ لە توێتێکدا وتی ئێمە ئیتر پۆلیسی ڕۆژھەڵاتی ناوین نابین بەڵام پێناچێت ئەو وتانە بۆ ترەمپ بچێتە سەر چونکە ئەمریکا ھێشتا خاوەنی ئابوورییەکی بەھێزە ھەرچەندە باسی قەرزاری زۆریان دەکرێت , لەلایەکی ترەوە دوور نیە ترەمپ ڕووبەڕووی زۆر کێشەی گەورە بێتەوە لەوانە کێشەی دادوەر مولیر تایبەت بە مەسەلە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و دەستوەردانی ڕووسیا و بردنەوەی زۆرینە لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە ھەڵبژاردنی تەواوکار ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە ئیتر ترەمپ بە ئاسانی ناتوانێت زۆر ھەنگاو بڕیار بدات .

چین

پێشبینیەکان باس لە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین دەکەن  چونکە ئەو وڵاتی بەنیازە گرنگی بە بواری سەربازی و گەردوونی بدات .
ئەوروپا کیشوەرە پیرەکە.

ئەوروپا سەرەڕای ئەوەی بەریتانیای مەزن بەھۆی برێکیستەوە چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی کێشە و قەیران وململانێی گەورە بووەتەوە لە نێوان ھەردوو حزبی سەرەکی پارێزگارانی فەرمانڕەوا  و کرێکارانی ئۆپۆزەسیۆن لە سەر چۆنیتی دەرچوون و ئەو ڕێکەوتنەی لەمدواییە تیریزامەی سەرۆک وەزیرانی لەگەڵ ئەوروپیەکاندا ئەنجامیدا، فەرەنسا ش بە دەست ھێلەک زەردەکانەوە حکومەتەکەی ئیمانۆئیل ماکرۆن گیری خواردووە سەرەڕای جێبەجێکردنی ھەموو داخوازییەکانیان لە کاتێکدا ماکرۆن دەنگی لە ٦٦% فەرەنسیەکانی ھێناوە، کەچی کەمینەیەک کە خۆیان لە سەد ھەزارکەسێکدا دەبیننەوە دەخوازن خواستی خۆیان بە سەر ماکرۆن و حکومەتەکەیدا بسەپێنن.

ئەڵمانیاش  پەنابەران ئەو شاڵاوە گەورەی کەڕووی لەو وڵاتە کردووە کێشە و قەیرانی قووڵی بۆ دروست کردوون.

بەگشتی ئەوەی مەبەستمە بیڵێم دەربارەی ئەوروپا بە گشتی سەرھەڵدانی تاقم وگروپی پۆپۆلیستی ڕاستڕە و کە دەخوازن یەکێتی ئەوروپا ھەڵبووەشێننەوە و ئەمانەش تۆمەتبارن بەھاندانی  دەستی دەرەکی بەتایبەتی ئەمریکاو ڕووسیا لە پشتیانەوە بن  کە ئەمەش ئالنگارییەکی زۆر مەترسیدارە بۆ یەکێتی ئەوروپا سەرھەڵدانی گیانی نیو نازییەتی کە سەرەتاکانی لە زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا دەرکەوتووە کە ئەمەش کاریگەری دەبێت بۆ پاشەکشەی ململانێ ی ئابووری و گرنگی دانی زیاتر بە سکتەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی .


AM:11:36:07/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 814 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی