ئیدلیب دوا قەڵاو دوا پێگەی تیرۆریستان لە سوریا

‌بورهان شێخ ڕەئوف

شاری ئیدلیب ناوەندی پارێزگای ئیدلیبە كە دەكەوێتە باكووری سوریاو باشووری ڕۆژئاوای شاری حەلەب تەنها 60كم دوورە لێوەی و بە شاری سەوز ناسراوە بەهۆی زۆری و چڕی داری زەیتوونەكانیەوە و دانیشتتوانەكەی لە عەرەبی سوونەو كوردو توركمان و دورزی پێكهاتوون كە ژمارەی هەموویان بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2010 بریتیە لە 164.983 كەس . بەڵام ئێستا نزیكەی 3 ملیۆن كەسی تێدایە بەهۆی ئەو بارودۆخەی هاتۆتە ئاراوە هەرچەندە ئەمە خەمڵاندنە و ئاماری ورد لە بەردەستدا نیە .

بۆ هەموو ئەوانەی ئاگاداری دۆخی سوریان و چاودێری بارودۆخی شەڕی حەوت ساڵەی ڕابردووی ئەو وڵاتەن ئاشكرایە كە هەموو ڕێككەوتن و سازش و سات و سەودای نێوان وڵاتانی تێوەگلاو بە قەیرانی سوریا هەر لە روسیا و ئەمریكا و ئێران و توركیا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەرو ئەوروپیەكان و نەتەوەیەكگرتووەكانیش هەر لە كۆبوونەوەكانی جنێف و ئەستانە و دامەزراندنی ناوچەكانی كەمكردنەوەی گرژیو ئالۆزی هەموو تاقمو گروهە چەكدارە تیرۆریستەكان بە هەموو باڵەكانیەوە لە كۆتاییدا بە پاس دەگوێزرانەوە بۆ ئیدلیب.

بەڵێ‌ ئێستا ئیدلیب دوا قەڵاو دوا پێگەی قایمی هەموو ئەو تاقمانەیە هەر لە میانڕەوەكانەوە تاوەكو تاقم و گروهە توندڕەوەكان كە دەستیان سوورە بە خوێنی خەڵكی سڤیل و بێتاوانی ئەو وڵاتە هەرلە كوردو عەرەب و توركمان و هەموو كەمینە و ئتنیكەكانی تریش .
تاوانێكی تری ئەم تاقم و گروهە توند ئاژووانە جگە لە كوشتن و بڕین و ڕفاندن و تاڵان ….تد , ئەوەبوو كە سواری شەپۆلەكانی شۆڕشی گەلانی سوریابوون كە ساڵی 2011 و لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دا دەستیپێكرد بە هیوای كۆتایی هێنان بە ڕژێمی كۆماری پشتاوپشتی بنەماڵەی ئەسەد و جۆرێك لە دیموكراسی و دادپەروەری و ژیانێكی شایستە بە مرۆڤ دابین بكەن بەڵام ئەم گروهانە ڕێڕەوی شۆڕشەكەیان گۆڕی بۆ شەڕی ناوخۆو ململانێیەكی چەكداری ناڕەوا كە نیوەی خەڵكی ئەو وڵاتە ئاوارەو دەربەدەر ی وڵاتانی دراوسێ‌ و تەنانەت ئەوروپاش بوون .

خەڵكی سوریا نەك ئازاد نەبوون و هیچ دەستكەوتێكیان وەدەست نەكەوت لەو شۆڕشە بەڵكو دۆخێكیان خوڵقاند كە خەڵك خۆزگە بە ڕژێمەكەی ئەسەد بخوازێت و هەموو وڵاتانیش بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو تەنانەت كۆمەك و هاریكاریەكانیان بڕی لە هێزە ڕاستەقینەكانی ئۆپۆزەسیۆن .

لە ئێستاشدا كە هێزەكانی حكومەتی سوریا بە هاوكاری و پشتیوانی روسیا و ئێران كە بەشی هەرەزۆری خاكی سوریایان لەو تاقم و گروهە تیرۆریستیانە پاك كردۆتەوە و تەنها پارێزگای ئیدلیب ماوە بە دەستیانەوە لەگەڵ هەندێ‌ ناوچەی كەمی پارێزگاكانی حەماو حەلەب بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا جەنگی یەكلاكەرەوەو كۆتایی لەوناوچەدا دەست پێ بكات و كۆتایی بە دوا پێگەو قەڵای ئەو تیرۆریستانە بهێنرێت كە بەشی زۆریان نەك هەر خەڵكی سوریا نین بەڵكو ئەو تیرۆریستانەن كە لە زۆر شوێنی جیهانە و هاتوون بۆ جیهاد كە خەڵكی ئەفغانی و فلیپینی وبیبابانی گەورەی ئەفریقیا و توركمانستان و گەلێك شوێنی تریشن .

بەڵی ئیتر ڕوون و ئاشكرایە دوای لێدوانی كاربەدەستانی ڕوسیا و سوریا كە هێرشی كۆتایی و یەكلاكەرەوە بۆ سەر ئیدلیب نزیك بووەتەوە دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی توركیا و ئەردۆغان بە تایبەتی لە دوای كۆبوونەوەی لووتكەی سێ‌ قۆڵی تاران بۆ دوورخستنەوەو ڕوونەدانی ئەو هیرشە كە ڕوسیا و سوریا زۆر سوورن لە سەرئەنجامدانی و زۆر بە پێویستی دەزانن بۆ سەركەوتن بە سەر هەموو ئەو تاقمە توند ئاژۆو تاوانبارانەدا و كۆتایی پێهێنانیان .

لە كۆتاییدا چاوی هەموو جیهان ومیدیاكان و چاودێرانی سیاسی و بەئاگایان لە جمووجووڵی تاقمە توند ئاژۆكان لە سەر چەكدارە بیانیەكانە لە سوریا ئەوانەی لە هەموو كون و قوژبنێكی جیهانەوە هاتبوون بۆ سوریا بەتایبەتی زۆرێكیان پێناس و ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپییان هەیە بە تایبەتی فەرنسی كە هەر لە سەرەتاوە باسی بوونی 900 كەسی بەڕەگەز فەرەنسی زیاتر دەكرا لە ڕیزەكانیاندا ئێستا كە هیچ دەروازەیە كیان لەبەردەمدا نەماوە مەگەر توركیا بتوانێت دەربازیان بكات یان دەبێت تا دوا هەناسەو دوا فیشەك شەڕی مان و نەمان بكەن .
بۆیە ئێستا ڕایەكی وا سەری هەڵداوە كە وازیان لێنەهێنن و تا بە تەواوی لە گۆڕەپانی شەڕدا حسابی كۆتایی یان لە گەڵدا یەكلایی دەكرێتەوە .


PM:02:42:17/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1485 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی