تورکیا لە کەمالیەتەوە بۆ ئەردۆگانیەت

‌بورهان شێخ ڕەئوف

تورکیای نوێ لە سەردەستی کەمال مستەفا پاشا ئەتاتورک لە ١٩٢٣ ڕاگەیەنر ا و کۆتایی بە شەش سەدە حوکمڕانی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی ھێنا بە دروشمی یەک میللەت و یەک ئاڵاو یەک دەوڵەت لە ژێر ناوی دیموکراسی سیکوێلاریزم دژی کۆنەپەرستی بەڵام ئەوەی بینیمان ئەگەر دیموکراسی ھەبووبێت تەنھا بۆ نەتەوەی تورک بووە نکوڵی کردنە بووە لە مافی گەلانی تری ئەو وڵاتەی پاشماوەی عوسمانی کە زۆر بۆ دواوە گەڕانەوە ئەگەر دەوڵەتی خەلافەت تەنھا باج و خەراج و سەربازگیری لە گەلانی تر دەخواست و زۆر دەستی وەر نەدەدا لە کاروباری بەڕیوەبردنی میرنشینەکان .

بەڵام سەردەمی کۆماری کەمالیست ھەموو ئەو مافانەی سەندەوە لە گەلانی تر کە لە سنووری دەوڵەتی تورکیای نوێ دا مانەوە وەکو بەشێک لە کوردستانی باکور و ئەرمەن و عەلەوی و شەرکەس و عەرەب ...هتد.

من نامەوێت باسی مێژووی سەردەمی حوکمڕانی تورکیا ی کەمالی بکەم وا لە ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە سەد ساڵ چونکە ئەو بابەتێکی درێژە بە چەند کتێبێکیش تەواو نابێت نەک بە وتارێک بەڵام والە ٢٤ حوزەیرانی ئەمساڵەو بە پراکتیک ئەردۆگان لە ھەوڵی گۆڕینی ئەو سیستەمەدایە لەم ھەڵبژاردنەشدا بە تەواوی کۆتایی بە سیستەمی حوکمڕانی پەرلەمانی کەمالی ھێنا سەرەڕای ناڕەزایەتی زۆرێک لە ھێزوو لایەنە ئۆپۆزەسیۆنەکان.

ئێستا دەتوانین ناوی بنێین سەردەمی ئەردۆگان چونکە تەنھا ئەم توانی زۆربەی بنەماکانی سیستەمی کەمالی بگۆڕێت سوپای  ئەو وڵاتە کە پێشتر لە ھیچ کام لە سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانەکانی ئەو وڵاتەی قبوڵ نەکردووە دەستکاری بنەماکانی دەستووری ئەو وڵاتە بکەن و خۆیان بە پاسەوانی دەستورو عیلمانی زانیوە بەڵام ئێستا دەستەمۆی ئەردۆگانن دەزگاکانی دادوەری و بانکەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر پاکسازی کراون لە نەیارانی ئەردۆگان پێشتریش بە بیانووی کودەتاکەی ١٥ تەمووزی ٢٠١٦ بەشێکی زۆر ی نەیارەکانی لە ھەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت چ لە سوپا و ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس  دادگاکان و پەروەردەو ...هتد دوورخرانەوە لە کارەکانیان یان ڕاپێچی زیندانەکان کران بە شێوەیەک کە ھەموو زیندانەکان سیخناخ کراون.

بەڵێ ئەردۆگان ھەر ڕۆژی ٢٤ ی حوزەیران دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دەنگدان لە وتاری سەرکەوتن دا وتی|، چۆن پێشووتریش لە وتاری سەرکەوتن لە ڕاپرسی گۆڕینی دەستوور پیرۆزبایی لە گەلی تورکیا و دواتریش پیرۆزبایی لە گەلانی ناوچەکە کرد وتی، پیرۆزبایی لە خەڵکی سوریا و عێراق و ئەفغانستان و پاکستان و ھەموو زۆرلێکراوان دەکەم ئەمجارەش وتی: پشت بەو متمانەی پێتان بەخشین ئەمڕۆ لەم ھەڵبژاردنەدا بەیەکەو پشت بەخوا دەگەینە ھەموو ئامانجەکانمان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە دەکاتە یادی سەد ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا دیارترین و گرنگترینی ئەو ئامانجانە ئەوەیە تورکیا ببەینە ڕیزبەندی یەک لە و دە دەوڵەتە زەبەلاح و خاوەنی ھێزو داھاتی ئابووری لە سەر ئاستی جیھان لەم پێناوەشدا دیدگای سیاسی شوێن و ڕێی پێویست گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی تا ئەو بەروارە تورکیا ببێتە خاوەنی داھاتی نەتەوەیی دوو تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.

لە ھەمانکاتدا بەڵێنی دا کە بەھەموو توانایەکیەوە بە گژ ھێزە تیرۆریستەکاندا بچێتەوە ئەوەی بۆ کورد جێگەی نیگەرانیە و لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیشدا بە دەنگی بەرز ھاواری دەکرد کێشەیەک نیە بەناوی کێشەی کورد بەڵکو کێشەی تیرۆرمان ھەیە ئەمە بۆ ناوخۆی تورکیا.

ئەوەی پەیوەندی بە دەرەوەی سنورەکانی تورکیاشەوە ھەیە وتی ھەوڵدەدەین بۆ ڕزگارکردنی زیاتری خاکی سوریا و قایم کردنی پێگەی نێو دەوڵەتی تورکیا لەم پێناوەدا کاتمان نیە بە فیڕۆی بدەین.

ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن تورکیا یەکەم فڕۆکەی F٣٥ لە ئەمریکا وەرگرت لە چوارچێوەی ئەو بۆندەدا کە سەد فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو بکڕێت کە ڕۆکێتەکانی دەگاتە ھەموو شوێنەکانی ڕۆژھڵاتی ناوین کە ئەمە یەکێک لەو خاڵە بەھێزانەیە کە ئەردۆگان زۆر شانازی پێوەبکات و ئەو ھەڕەشانەی پێوە  بکات.

بەڵام لە بەرامبەردا ئەوروپیەکان و ئەمریکا خۆشحاڵ نین بەرامبەر بەم لێدوان و ھەڵسووکەوتانەی  ئەردۆگان ھەربۆیە کۆنگریسی ئەمریکا لە ھەوڵی ئەودایە ئەو بۆندی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی  F٣٥ ڕابگرێت لە بەرامبەر دەستوەردانەکانی لە سوریا و ھاوپەیمانێتیەکانی لە گەڵ ڕوسیا و ئێران  بێجگە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ھەروەھا کرێنی سیستمی ڕۆکێت و ڕاداری S٤٠٠  ڕووسی ئەوەش کێشەو نیگەرانییەکی تری ئەمریکا و پەیمانی ناتۆیە.


PM:01:42:02/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1546 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی