كوردستانی سەربەخۆ لەنەخشەیەكی ئەمریكادا

‌توانا ئەحمەد



ئەم نەخشەیە كەهی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازەیە، لەلایەن شارەزاو راوێژكارێكی ستراتیژی سەربازی ئەمریكا (رالف پیتەرس) دروستكراوە، لەساڵی 2006 لەگۆڤاری سەربازی ئەمریكا(Armed Forces Journal) بەناوی ( سنورەكانی خوێن) بڵاوكراوتەوە.

بەپێی ئەم نەخشەیە، كوردستانی سەربەخۆ لەباشوورو بەشی زۆری باكوورو بەشێكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێكدێت، بەتایبەت لەباكورەوە دەچێتە سەر دەریای رەش.

ئەم نەخشەیە لەكۆلیژی ئەفسەرانی باڵای ناتۆو چەند ناوەندێكی تری سەربازی لەبواری پلانی ستراتیژی و سەربازی وەكو مەنهەج دەخوێندرێت، ئەفسەرێكی تورك كاتێك لەو كۆلیژە دەخوێنێت لە رۆما، نمایشكردنی ئەو نەخشەیە تووشی شۆكی دەكات كاتێ وڵاتەكەی بەپارچەكراوی دەبینێت.

هەرچەندە وەزارەتی بەرگری و حكومەتی ئەمریكا تەئكیدیان نەكردۆتەوە كەئەو نەخشەیە گوزارشت بێت لەبیروبۆچوونی ئەوان سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بڵاوبوونەوەی لەلایەن جەنەراڵێكی ئەمریكی لەگۆڤاری سەربازی ئەمریكا، هەڵگری ماناو دەلالەتی گەورەیە، جگە لەوەش نەخشەكە پشتی بەچەند نەخشەیەكی كۆنتر بەستوە، یەكێك لەوانە هی سەردەمی سەرۆك ودرۆ ویلسن و شەڕی جیهانی یەكەمە.

مانگێگ دوای بڵاوبونەوەی ئەم نەخشەیە، وەزیری ئەوكاتی ئەمریكا كۆندۆلیزا رایس لەتەلئەبیب چەمكی رۆژهەڵاتی نوێی راگەیاند، كەبریتی بوو لەستراتیژی ئیدارەی سەرۆك بوش سەبارەت بەرێكخستنەوەی ئەو ناوچەیە، بڕیاربوو پڕۆژەكە لە لوبنانەوە دەست پێبكات، بەڵام شەڕی عیراق و ئەفغانستان و دەرەنجامەكانی، نەك هەر خەیاڵی سیاسی و ستراتیژی ئەمریكای توشی پاشەكشەكرد، بەڵكو ناوچەكەی بردە سەر لێوارێكی ترو لەگەڵیشدا خەونی رۆژهەڵاتی نوێ وەك لەنەخشەكەدا هاتبوو پێچرایەوە.

دوای تێپەڕبوونی نزیكەی دە ساڵ بەسەر حیكایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و نەخشەكەی رالف پیتەرس، سنورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم زەبری هەڵوەشان و كەوتنێكی راستەقینەدان، ئایا ئەو نەخشەیە ئێستا هێزی ئەوەی هەیە جێبەجێ بكرێت؟

وەڵامی ئەو پرسیارە دەچێتەوە لای هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و حیكمەتی سیاسیان، دەچێتەوە لای هۆشیاری سیاسی خەڵك و چۆنیەتی بەرخورد لەگەڵ پێشهاتەكانی ئەو ناوچەیە كەبۆتە مەیدانی بەریەكەوتنی زلهێزەكان، كەرەنگە بەسەر ئەوەدا بشكێتەوە كە ئەو سنورانەی كوردستانیان بەسەر چوار وڵاتی ستەمكار دابەشكرد، هەڵبوشێنەوە.
  


PM:06:17:07/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 2377 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی