كێ ئاگای لەم زیانە ئابوریانە هەیە؟

‌شوان بەرزنجی

كاتێك قەیران و شەڕ  دەبێت ئیتر بەشێك لە داموو دەزگاكانی حكوومەت و دەزگای‌ چاودێریش سست دەبن،هەروەكو چەند بەیانیەك  لە ڕادیۆ گوێم لێ بوو لە هەمبەر كەموو كوڕیەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و هەبوونی سەرپێچیەكان بەرپرسانی ئیداریی و خزمەتگوزاریی دەیانگوت چی بكەین بێ بودجەین!.

ئەگەر گوزەرێك بە شار بكەیت ئەوەت بۆ دەردەكەوێت كە لە بێ ئاگایی و نەبوونی چاودێریی و قەیرانی دارایی چەند زیانی دارایی بەر خزمەتگوزاریەكان  كەوتووە، بۆ نمونە  لە چەندین شوێنی شار خەڵك بۆ راكێشانی ئاو  یان  مەبەستی تر شەقامی قێرتاویان تێكداوە و چاكیشیان نەكردۆتەوە، یانیش بۆڕی ئاویان شكاندوە و زیانیان بەمافی  گشتی گەیاندووە.

رۆژانێك ئەو شەقام و بۆڕیە ئاوانە بە پارەی  گشتی دروستكراون و بەستراون نابێت هاوڵاتیان بە خەم ساردی لێیەوە بڕوانن و هەركات  ویستیان تێكی بدەن و فەرامۆشیان بكەن، چونكە دواجار هاوڵاتیان زیانی داراییان بەردەكەوێـت و هەرخۆیان زیانیان بەردەكەوێت.

لە سەرێكی تر سەرپێچی و زێدەرۆِیی لەسەر شەقام و زەوی  كشتوكاڵی و زەوی شارەوانی زۆر زیادی كردوە كە  ئەگەر خەمڵاندنی بۆ بكەیت  زیانەكانی بە ملیۆنەها دۆلارە، كێشەكەش ئەوەیە دیاردەكە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە جۆرێك زیادی كردوە كە ئەستەمە بەراورد بكرێت. ڕەنگە خەڵكێك .

لە ئاڵۆزی  دۆخەكە و چوونی هێزی ئاسایش و زێرەڤانی كەڵكی وەرگرتبێت، بەڵام ناكرێت ئەوەندەش بە خەم ساردی لەو پرسە بڕواندرێت كە مەترسیەكی زۆر گەورەی ئابوری و كۆمەڵایەتیە.

هەروەها بەشی زۆری شەقامە گشتیەكان و شەقامە خێراكان بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست چاڵ وچۆڵی گەورەیان لێ دروست بووە بە جۆرێك بەشێك لەو چاڵ و چۆڵانە زیانی گەورەی گیانی و داراییان لە خەڵك داوە و  كورد گوتەنی :سەروماڵ ماڵمان چووە. ناكرێت بیانووی نەبوونی بودجه‌ لە لایەن  حكوومەت و داموو دەزگا ئیداریەكان وا بكات ئەو زیانە گەورە لە پرۆژەكانی رێگاو بان بدەین كە هەموویان لە چەند ساڵی ڕابردووی پڕ پارەیی زۆری بودجەی  گشتیان بۆ خەرجكراوە.


PM:05:47:28/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 3148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی