دیسان زەكات!؟

‌شوان بەرزنجی

چەند بارە ساڵانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان باسی  زەكات و نەبوونی سندوقێك یان دەزگایەكی تایبەت  دەكەین بۆ كۆكردنەوەی زەكات لە هەرێمی كوردستان، دیارە وەكو زۆر بابەتی تر ئەو پرسەش وەكو قەوانی كۆن لێ دەدرێتەوە، ئایا لەو قەیرانە داراییە باشترین  كات  ئەوە نەبوو دەزگایەكی تایبەت بە زەكات  دابمەزرێت؟.
 
بە پێی  گوتەی  بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف لەهه‌رێمی کوردستان ئەمساڵ بەپێی  خەمڵاندن  30 ملیۆن دۆلار زه‌کات و سه‌رفیتره‌ هه‌یه‌، ئەوەیش بەم خەمڵاندنە" ئەگەر تەنیا1 ملیۆن کەس سەرفیترە بدات و 2000 دەوڵەمەندیش زەکات بدەن، بۆ ئەمساڵ کۆی داهاتەکەیان 30 ملیۆن دۆلار".

كێشە لەسەر خەمڵاندن و قەبارەی  بڕی زەكات نیە ، به‌ڵكو  كێشەكە  لە نەبوونی مکانیزمێکە كە چۆن‌ ئه‌و پارانه‌ کۆ بكرێنەوە، پێنج ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی ئەوقاف پرۆژەیەکی بۆ دامەزراندنی سندووقی زەکات و داهاتە خێرخوازیەکان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تۆزی لەسەر نیشتووە و  پەسند نەکراوە.

نەبوونی ئەو سندوقە و په‌سند نه‌کردنی گلەیەكە دەمێكە قسەی لە سەر دەكەین و كەسیش نیە  بە كردار هەنگاوی بۆ بهاوێژێت.

لە كاتێكدا كە  سندوقێك نیە و دەزگایەك  نیە ، بێگومان زەكات  زۆر بە پەرتەوازەیی  دەدرێت كە ئەوەش وا دەكات  ئامانجە گەورەكەی  نەپێكێت، چونكە  حیكمەت لە  واجب بوونی زەكات بۆ ئەوەیە زۆرترین  موسڵمان لە هەژاریی  رزگار بكرێت و هاوكاری بكرێن.

لە غیابی ئەو سندوقەدا بۆ ئەمساڵ پێشنیازم بۆ سەرمایەدار وخودا پێداوەكانە پێكەوە لە رێگەی ئەنجومەنێك یان گروپێك  زەكاتەكانیان  دابەشی سەر ماڵی پێشمەرگە كەم دەرامەتەكان و  بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعش بكەن و لە پاڵ ئەوەشدا بەشێكی بەو هەژارانە بدەن كە قەیرانی دارایی تەنگی پێ هەڵچنیوون و نیوە مەعاشی بێ ئۆقرەی كردوون.

هەبوونی ئەنجومەنێك یان گروپێكی لەم  جۆرە هەر چیەك بێت دەتوانێت كۆكەرەوەی سەرمایەی  زەكات بێت و سودی گەورەش بگەیەنێت بەو كەسانەی كە پێویستی زۆریان بە هاوكاری و دەستباركردن هەیە. با لەم رێگەیەوە هەم فەرزەكەی خوا بە رێكوپێكی ئەدا بكرێت هەمیش لەم  قەیرانی داراییەدا زەكاتەكان  شوێنی خۆیان بگرن و ئەو ماڵانە ئاوەدان بكرێنەوە كە 3 ساڵی قەیرانی دارایی وێرانی كردوون.


PM:03:12:04/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 3383 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی