رەمەزان و پارە رژان و نیوە معاشی!!!

‌شوان بەرزنجی

جارێكی تر میوانی خودای  گەورە هاتەوە لامان و رەمەزان  پێمان شادبویەوە، لە  كاتێكدا مانگی رەمەزان  مانگی  رەحمەت و خێرو خۆشیە،بەڵام بەداخەوە ماوەی 2 ساڵی راَبردوو كە ئەمساڵیش دەبێتە  ساڵی سێیەم بەهۆی  قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و نەهامەتیەكان و نەبوون و دواكەوتنی مووچشە كە   پاشەكەوتیشی هاتە سەر ئەو مانگە رەنگەكانی خۆشی جارانی كاڵ بۆتەوە و كەمبۆتەوە.

بەداخەوە  وەكو ئەوەی  نە بای  بێت و نەباران لای  هەندێك  وەكو  ساڵی  ساڵان چەند دیاردەیەك بۆتە نەریت و سەیری  گیرفانی خەڵك و دۆخی خەڵك ناكەن.  تەنانەت  زانیاریم  هەیە  خەڵكی بێویژدان  هەبووە  دەستگیر كراوە  چەندین تەن  خۆراكی شاردرتەوە بۆ ئەوەی لە رەمەزاندا بە گرانی  بیفرۆشێتەوە!.

بەرزكردنەوەی نرخی شتومەك و خۆراك لە  بازاڕ یەكێك لەو دیاردانەیە ، كە بە داخەوە  هەرگیز یەكناگرێتەوە لە گەڵ پیرۆزی و بەرەكەتی ئەو مانگە پڕ لە خێرە و پڕ لە پیتە.پرسیار ئەوەیە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە هەموو رەمەزانێك بە تایبەت لەم  رەمەوانەدا دووبارە نەبێتەوە؟
كاتێك نرخی كاڵاو خۆراك لە لایەن خەڵكی بێویژدان ‌ چەند قات دەبێتەوە دەبێت  لایەنە حكومیەكانیش سزاكانیان چەند قات بكەنەوە بە شێوەیەك  ئەوەی گران جانی كرد تا رمەزران تەواو دەبێت  دوكان و سوپەرماركێتەكەی لێ دابخەن و ناوەكەشی بڵاو بكەنەوە.

رەنگە لەو مانگە پیرۆزە 70% ی بازار و بازاڕكردن زیاد بكات و خەڵك روو لە بازار بكەن، هەربۆیە خەڵكانێكی ئیستیغلال چی و  و قۆرخكار دەكەونە خۆیان و نرخەكان بەرز دەكەنەوە بۆیە دەبێت لەو رەمەزانە لایەنە حكومیەكان و لیژنەكانی بەدواداچوونی نرخ بڕیاری توند لە دژی ئەو كەسانە بدەن كە خۆراك قۆرخ دەكەن و ئیستیغلالی بازار دەكەن.چونكە خەڵكانێكی بەناو بازرگان لە روانگەی گیرفانە قوڵ و بێ بنەكانی خۆیان دەڕواننە ئەو مانگە پیرۆزە، ئەوەش وای كردووە قۆرخكاری و گرانی لە راددە بەدەر لە بازارەكان دروست بێت تەنانەت بە جۆرێك دەكەوێـتەوە هەندێك خواردن و خواردنەوە وەكو تلیاكی لێ بێت و لە هەموو شوێنێك دەست نەكەوێت.

با پرسیارەكانی ساڵی  رابردوو نەكەینەوە كە بەندە بەر لە هاتنی رەمەزان كردویەتی  با نەڵێین حكومەت و لیژنەكانی چاودێری حكومەت ئەركیان چیە و چی بۆ گرانفرۆشی و قۆرخكاری دەكەن؟ بۆچی رێگە دەدەن ئەم هەموو گران جانی و گران فرۆشیە روو بدات؟

چاوەروانی ئێمە ئەوەیە ئەمساڵ وەكو  چۆن  هەندێك  بازرگان دەستیان داوەتێ نرخەكانیان  زیاتر داشكێنن و قازانجیان  كەمتر بكەنەوە هەر چ نەبێت ئەو فەرمانبەرانەی  نیوە مووچە وەردەگرن یانیش ئەوانەی ژیانێكی كولەمەرگیان هەیە سفرەكانیان لە رەمەزاندا وەكوە رەمەوانانی ساڵی 2011 و 2012 و 2013  بێت كە ئەو كاتە وەكو دەیانگوت پارە رژا بوو.

پێویستە بازرگانان و خودا پێداوەكان  جیاوازتر لە رەمەزانەكان ئەم رەمەزانە  لە سەنگەری پێشمەرگە لە ماڵی پێشمەرگە هەژارەكان و فەرمانبەرە نەدارەكان و كرێچیەكان و ماڵی كەسوكاری شەهیدان بە  پارە و خۆراكی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە و سفرەكانیان بۆ پڕ بكەن،بۆ ئەوەی  هەموو دەستەكان روە و ئاسمان دوعای  خێریان بۆ بكەن.


PM:06:10:13/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 3170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی