حكوومەت چی نەكردوە؟.!

‌شوان بەرزنجی

حكومەتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا دەیتوانی بەو پارەیەی لە بەغداوە دەهات، بناغەی ئابوورییەكی پتەو دابمەزرێنێت‌و چەندین سەرچاوەی داهاتی تری ئابووری وەگەڕبخات. تا لەكاتی وشكبوونی هەر سەرچاوەیەكی تری داهات، بیخاتە كار بەو پێودانگەی كوردستان خاوەنی كەرەسەی جیاجیای دروستكردنی سەرچاوەی ئابوورییە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان  دەیتوانی كشتوكاڵ بكات بەسێكتەرێكی بەهێزی ئابووری لەڕێگەی دروستكردنی گوندی هاوچەرخ‌و رەخساندنی هەلی كشتوكاڵی‌و بەزانستی كردنی كشتوكاڵكردن‌و خۆشەویست كردنی خاك لای لادێنشین‌و جووتیاران.

حكومەتی هەرێم لەبواری كشتوكاڵدا دەیتوانی سوود لە ئەزموونی كەڵەكەبووی وڵاتان وەربگرێ، بۆ نموونە لەوڵاتێكی وەك مەكسیك كە توانیویەتی زەمینە بڕەخسێنێ بۆ هاووڵاتیانی‌و هانیان بدات بۆ چاندنی دانەوێڵە بەگشتی‌و گەنم بەتایبەتی، كە دواتر بووە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی گەنم. هەروەها وەك ئوستورالیا كە توانیویەتی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی سەرقاڵ بكات بە بەخێوكردنی مەڕو ماڵاتەوە. تا ئەو ئاستەی ببێت بە یەكەم وڵاتی جیهان لە بەخێوكردنی مەڕو ماڵات‌و هەناردەكردنی گۆشت‌و زیندە ماڵات‌و خوری‌و سپیایی؛ هەروەها وەك بەرازیل كە یەكەم وڵاتی جیهانە لە بەخێوكردنی رەشەوڵاخ‌و هەناردەكردنی بەرهەمەكانی ئەو ئاژەڵە.

حكومەتی هەرێم دەیتوانی لەبواری پیشەسازیدا هەنگاوی گەورە بهاوێت لەڕێگەی هێنانی دەستی شارەزاو پسپۆڕانی بیانی‌و رەخساندنی هەلی وەبەرهێنان بۆ خاوەن سەرمایەكانی كوردستان‌و دەرەوە. تا سەدان كارگەی جۆراوجۆر دروست بكەن،هەم بۆ بەگەڕخستنی دەستی كاری ئەو هەزاران گەنجەی كە دەرچووی كۆلیژو پەیمانگەكانن‌و قورسایی دامەزراندیان لەسەر شانی خۆی سووك دەكرد، هەمیش بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان‌و توانا جۆراوجۆرەكانی هاونیشتیمانیان بەسوود وەرگرتن لەو دەیان جۆرە كانزایەی كە لەژێر خاكدا هەن. بەمەش پیشەسازی دەبووە سەرچاوەیەكی تری دارایی.

لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم دەیتوانی كاروباری بازرگانیكردن بەیاسا رێكبخات‌و كاری بازرگانی لەڕێگەی هەناردەو هاوردەوە ئاكتیڤ بكات‌و هەرێم بكات بەناوەندێكی گەورەی بازرگانی ناوچەكە، بۆ ئەوەش دەیتوانی سوودی لەئەزموونی بازرگانی سەنگافورە وەربگرتایە. بەمەش بازرگانی كردنی دەكردە زایمانێكی تری ئابووریی كوردستان.

ئەگەر بە وردی سەیری هەمو ئەو ڕستانە بكەیت كە گووتومە حكوومەتی هەرێم دەیتوانی وا بكات، ئێستاش نەچووە بچێت حكوومەت دەتوانێت وا بكات بە مەرجێك ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت و شتە نوسراوەكان لە لاپەڕەكان دەربهێنێت و بیخاتە سەر ئەرزی واقیع تا هەموومان بەرەنجامەكانی ببینین و دڵمان پێی خۆش بێت.


PM:04:45:01/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 2887 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی