كاتی كشتوكاڵە!؟

‌شوان بەرزنجی


 داشكانی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە و كزبوونی بازار و شكستهێنانی زۆرێك لە پرۆژەكان، وامان لێ دەكات بگەرێینەوە بۆ ئەو سەردەمانەی كە لە چەندین كەرتی خۆماڵی خۆمان خۆمان بەرێوەدەبرد و داهاتیشمان هەبوو. كوردستان لە مێژە لانكەی كشتوكاڵ بووە، بەڵام ئەوەی ئێستا من دەڵێم كاتی كشتوكاڵە مەبەستمە كە لە رووی ئابوری گرنگی زیاتر بە كشتوكاڵ بدەین چونكە ئەو كەرتە دەتوانێت پاێزەرێكی باشی ئاسایشی ئابوری و نشتیمانیمانیمان بێت. ئەگەرچی لە سایەی مووچەخۆریدا زۆرێك لە گوندەكان چۆڵكران و جوتیارەكانمان بوونە ئەفەندی و فەرمانبەر، شوان و گاوانەكان بوونە پۆلیس، كێڵگەكان بوونە شوێنی مەزرەعەی خۆشی و سەیران، بەڵام ئێستاش ئومێدی زۆر بە كشتوكاڵ هەیە.

 بەم دواییانە ئەوەم زانی تەنانەت بچاوی خۆشم هەندێك لە كاریگەریەكانم بینیووە، كە زۆرێك لە خەڵكی بەهۆی قەیرانی دارایی پەنایان بۆ كشتوكاڵ و گرنگیدان بە بەرهەمی كشتوكاڵی بردووە، تەنانەت ئێستا هەندێك لە فەرمانبەرەكانیش بۆ كاری پێشووی كشتوكاڵیان گەراونەتەوە بۆ ئەوەی داهاتی خێزانەكانیان بە دەست بخەن. ته‌نانه‌ت زانیاریم له‌ به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رگرت كه‌ له‌م دوساڵه‌ی‌ دواییدا رێژه‌ی‌ جوتیاران 4% زیادی‌ كردووه‌. بێگومان گەرانەوە بۆ كشتوكاڵ كارێكی گرنگە بۆ ئابوری كوردستان چونكە دەتواندرێت باری حكوومەت سووك بكات و داهاتی خەڵكیش بەرز بكاتەوە و بێكاریش كەم بكاتەوە.

لە زۆرێك لە وڵاتاندا كشتوكاڵ سێكتەری یەكەمە بۆ دروستكردنی ئابووری وڵات و لەسەرپێی وەستاون و پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆیی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان سێكتەری تر كرانە یەكەم و كشتوكالیش كرایە خوارەوە وەكو ئەوەی ئێمە هەر كشتوكاڵمان نەبوبێت و هەر بە نەوت ژیابین.

 كەرتی كشتوكاڵ بە پێچەوانەی هەموو كەرتەكانی تر هیچ كات بەهاكەی لە دەست نادا، بەڵكو هەمیشە وەكو بەهار دەمێنێتەوە بە تایبەت لە وڵاتێكی وەكو كوردستان كە هەموو وەرزەكانی گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی بەروبەرمی جیا جیای كشتوكاڵی. لەگەڵ ئەوەی گرنگی پێدانی كشتوكاڵ لە ئاستی پێویست نەبووە، بەڵام بە گوتەی وەزیری كشتوكاڵ ، هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی گەنم و پەتاتە و پیاز و هەندێك بەروبوومی دیكە گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی كە بەشی ناوخۆی پڕ كردۆتەوە،

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە كوردستان 60 تا 70 لەسەدی بەرهەمی كشتوكاڵی دەرەوەی بۆ دێت و ناتوانێت خۆی دابینی بكا. ئیتر كاتی ئەوەیە لە پاڵ چاكسازیەكانی تردا حكوومەت چاكساز لە كەرتی كشتوكاڵ بكات و خەڵك هان بدات كشتوكاڵ بكەن و پەرلەمانیش لە خەو رابێت و هەموو پرۆژەكانی بخاتە خزمەتی كەرتی كشتوكاڵ.


PM:05:06:27/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی