كامه‌یان چاكسازیه‌ ؟ّ

‌شوان بەرزنجی

دواجار حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەخشە رێگای  چاكسازی بە كەمكردنەوەی خەرجیەكان و  زیادكردنی داهات  دەست پێ بكات و بڕیاریدا چەند رێكارێك بۆ ئەو پرسە بگرێتە بەر.

ئەگەرچی رەنگە درەنگ بێت ئەم هەنگاوە، بەڵام زۆر لەوە باشترە هەر نەكرێتن وەكو دەشگوترێت هەزار میل بە هەنگاوی یەكەم دەست پێ دەكات، بەڵام دەبێت بپرسین  ئایا چاكسازی چۆن  دەكرێت و مەبەست لێی چیە؟.
كاتێك  حكوومەتێك نزیكی 18 ملیار دۆلار قەرزار بێت و مووچەی  چەند مانگی نەدابێت و پرۆژەكان هەموو وەستا بن و جولەی  بازرگانی وەستا بێت، جگە لە چاكسازی  راستەقینە  رێگایەكی ترمان لەبەردەم نیە.

ئەو چاكسازیەی كە دەبێت حكوومەت بیكات چەشنی شێرپەنجەیەن بۆ نمونە كەسێك شێرپەنجەی لە  دەستی داوە، بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە  هەموو جەستە نەگرێتەوە، دەبێت دەستەكە ببڕین، بۆیە ئەوەی ئێستا حكوومەت بڕیاری لێداوە ئازاری  زۆری  دەبێت و چاكسازیەكی  ئاهەنگ ئاسا و لیژنە دروست كردن و پیادا هەڵگوتن بە هیچ جۆرێك دەرمانی كێشەكانی ئێمە نابێت.

 حكوومەتی هەرێمی كوردستان  دەبێت باش لەوە ورد بێتەوە  كە ئەو بڕیارانەی  داویەتی چاكسازی  ئابوری  نیە، بەڵكو پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە، بێگومان چاكسازی  زۆرجیاوازە لە پركردنەوەی كورتهێنانی بودجە.
راستە ساڵ بەساڵ كورتهێنانی بودجە لە هەرێمی كورستان  بودجە زیادی كردوە لە ئێستادا زۆرترین  كورتهێنان هەیە كە بە چەندین  تریلیۆن  دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام چاكسازی ئابوری بەوە دەكرێت كە گرنگی بە ژێرخانی ئابوری بدەیت و پشت بە یەك  بوار نەبەستیت بۆ دەستخستنی داهات، دەبێت  بایەخ  بدەیت بە  كەرتی كشتوكاڵ  و پیشەسازی  و كەرتی تایبەت.

كەمكردنەوەی خەرجیەكان چارەسەرێكی  كاتیە و نابێت  حكوومەت بە تەنها پشت بەو بوارە ببەستێت، بەڵكو  دەبێت  چاكسازی  رەها و راستەقینە بكات.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە  چاكسازی ئابوری بكەین و واز لە ململانێی سیاسی بهێنین، كێ شمولی  چاكسازی كرد هەرچیەك بوو نابێت پرسەكە بە كەسی و بە حزبی بكرێت، بەڵكو  دەبێت ئازایانە قۆڵی لێ هەڵمالین و  هەموومان هاوكاری یەكتر بین.

ئەگەر سەرەتا  حكوومەت  دەیەوێت خەرجیە زۆرەكانی خۆی  كەم بكاتەوە و  قەبارەی  خۆی  بچووك بكاتەوە،  دەبێت هەنگاوەكانی تری پێوەست بێت بەوەی  چاكسازی گەورەی بكرێت  لە پێشخستنی بەرهەمی خۆماڵی  بۆ نمونە ‏ دەیان كارگەی  خۆماڵی  داخراون ئەركی حكوومەت  ئەو كارگانە هان بدات و ئیمتیازیان پێ بدات و یاسا و بریاری  باشیان بۆ دەر بكات، بۆ ئەوەی  بكەونە سەرپێ و چیتررلە ژێر قاچی بەرهەمی بیانی نەتلێنەوە، ئەگەر ‏چاكسازی لەم بوارەدا كرا ئەوا كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵیش پێشدەكەوێت ‏وئابووری كوردستانیش گەشەدەكات و بێكاریش كەم دەبێتەوەو نرخی شمەكی بازاڕیش ‏كەم دەبێتەوە. ‏


PM:03:46:14/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3021 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی