قەرز بكەن چونكە فەرزە!

‌شوان بەرزنجی


یەكێك لەو بابەتانەی  وا دەكات هەلی كار لە نێو گەنجان و دەرچووانی تازە بێتە كایەوە پێدانی قەرزی بچوكە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی َو  گەشتیاری،چونكە گەنج و دەرچوان پێویستیان بە پارەیەك هەیە بۆ ئەوەی لەسەرپێی خۆیان بوەستن و پشت بە داهات خۆیان ببەستن.

لە ساڵی 2011  پێدانی قەرزی پڕۆژە بچوكەكان بە لاوان  دەستی پێكرد تاوەكو  كۆتایی ساڵی 2015   نزیكەی 24 هەزار كەس كە زۆریەنەیان لاون لە پێدانی قەرز سودمەند بوونە كە كۆی قەرزەكە 77 ملیار دینار بووە، بەڵام بە هەزاران پرۆژەی بازرگانی و ئابووی پێ بونیاتنراوە.
  ئەو قەرزە كە لە  ملیۆنێك تاوەكو 15 ملیۆن دینارە بۆ گەنجێكی بێكار بڕە پارەیەكە كەم نیە و دەتواندرێت هاوكاری بێت بۆ بیرۆكە بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاریەكان بە تایبەت لەسەردەمێك كە دامەزراندن نیە و قەیرانە و خەڵك بە زەحمەت قەرز بە یەكتر دەدات. 

ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە حكوومەت لە كاتی قەیرانی دارایی پێدانی ئەو قەرزەی راگرتووە، لە كاتێكدا پێویست بوو لەو قەیراندا كە مووچە كەم كرایەیەو  و پڕۆژەكان زۆربەی زۆریان وەستان ئەو قەرزە بەردەوامی پێ بدرایە بۆ ئەوەی رۆڵی هەبێت لە كەمكردنەوەی بێكاری كە لە چەند ساڵی قەیرانی دارایی بەربۆتەوە، بۆ نمونە  لە  لە ساڵی 2013 رێژەی بێكاری 7% بوو، بەڵام ئێستا باسی  15% دەكرێت، هەروەها ئەو چەند ساڵەش دامەزراندنی دەرچووان نەبووە و ئاستی بێكاری و كەمی داهات زۆر بووە كە زۆرترین زەرورەت هەبوونی ئەو قەرزەیە كەبە داخەوە ئێستا وەستاوە.

لەبەر ئەوەی  پارەی قەرزەكە بەردەوام دەگەڕێتەوە و تەدویر دەبێت بۆیە كەمێك هاوكاری حكوومەت هەبوایە پێدانی ئەو قەرزە رانەدەوەستا. 

سندوقی قەرزی بچوك بڕی 30 ملیار دیناری وەكو حیساب تێدایە ئەویش پارەی ئەو قیستانەیە كە خەڵك گەڕاندویانەتەوە دەبوو مانگانە تەرخان بكرێتەوە بۆ بەردەوامی پڕۆژەكان و پێدانی قەرز، بەڵام  داخەكەم ئەوە نەكراوە.
زیاتر لە 500 كەس كە مامەڵەكانیان تەواو بووە و فەرمانی وزاریان هەیە و چاوەڕوانی پێدانی قەرزەكانیان دەكەن، جگە لەوەی بە هەزرانی تریش چاوەڕوانن و مامەڵەیان ئامادەیەن بۆیە نابێت حكوومەت خەم سارد بێت ئەگەر قەرزی كردبێت دەبێت قەرزی لاوان دەست پێ بكاتەوە، ئەمیش لە پێناوی كەمكردنەوەی بێكاری و زیاد بوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمكردنەوەی فشار لەسەر بودجەی گشتی.


PM:04:10:22/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی