خەجێ خانم بە نمونە!

‌شوان بەرزنجی

شوان بەرزنجی 
كاتێك باس لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری و دروستكردنی پیشەسازی بچوك دەكەین نابێت بە بچوك و كەم سەیری هەندێك دەستكەوت بكەین، بەڵكو  دەبێت گەورەتر پیشانیان بدەین بۆ ئەوەی ئیرادەی تاكی كورد بەرزتر بڕوانێت لەو هەموو سوكایەتیانەی پێی دەدرێت و ێیان وایە تاكی كورد تاكێكی مشەخۆر و بێ بەرهەمە.

خەجێ خانم كارگەیەكی كەرتی تایبەتە لە سلێمانی ،چەندین جۆرنانی تیری بەرهەم دەهێنێـت توانیویەتی هەلی كاركردن بۆ ٢٥٠ هاووڵاتی برەخسێنێت كە ٧٥%ی ژنن‌و بەرهەمی كوردواری بەرهەم دەهێنن و خۆشبەختانە نانیان ناردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تایەبت بۆ كەنداو، تەنانەت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان نێچیرڤان بارزانی زۆر ستایشی ئەو ئافرەتەی كردووە و  لەسەر داوای ئەو وەزیری كشتوكال سەردانی كردووە.

راستە خەجێ خانم  كە بەرێوەبەرەكەی پیاوە،چوارچێوەیەكی دیاریكراوی بچوكی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی كاری هەیە و كاریگەری گەورەی نیە بۆسەر پڕۆسەی وەگەڕخستن و پارە پەیداكردن، بەڵام نابێت لەیادمان بچێت ئەوانە دەستپێكی هەنگاوی مەزنن بۆ وەگەڕخستنی تواناكانی خۆمان و وەبەرهێنان كردن لە دەست و قامی ئافرەتی دەستڕەنگینی كورد و هەناردەكردنی بەرهەمەكانیان بۆ ئەوسەری دونیا.

ئەگەر سەیری وڵاتانی پێشكەوتووی ئابوری دونیا بكەین بۆ نمونە چین، ئێستاشی لەگەڵدا بێت پشت بە پڕۆژەی بچوك و پڕۆژە مام ناوەندیەكان و كاری دەستی دەبەستن، چونكە لەم رێگایەوە توانیویانە لە بڕی مشەخۆری و بێ بەرهەمی وەبەرهێنان لە تاكی خۆیان و بەرهەمی سادەی خۆیان بكەن.

بۆ نمونە بەپێی ئەو زانیارانەی لەبەردەستدایە بە تەنیا لەساڵی ٢٠١٥ بڕی یەك ملیارو ٢٠٠ هەزار دۆلار بۆ بەرهەمەكانی شیرنەمەنی چۆتە دەروە، ئەگەر چەندین خەجێ خانم هەبن و پەرە بە بەرهەمی شیرنەمەنی ناوخۆیی بدەن ئەو پارە ئەستوورە لە بازار و گیرفانی خۆمان دەبێت و بە سەدان و بگرە هەزاران هەلی كاریش لەم بوارە دەستبەر دەكەین.

ئەگەر كارگەیەكی بچوكی لەم جۆرە مانگانە بەبڕی ١٠٠ ملیۆن دینار مووچە بداتە كرێكار وكارمەندەكانی، خۆ حكوومەت و كارتی تایبەت و خەڵكانی تر لە هەموو بوارەكانی تریش دەتوانن بە بەرهەمی خۆماڵی و توانای  خۆماڵی كاری لەم جۆرە بكەن و لە بڕی 100 ملیۆن دیناری مووچەی مانگانە چەندین ملیار دینار مووچە بۆ خەڵك فەراهەم بكەن، چونكە شوكر بۆخودا كوردستان ئەوەندە سەرچاوەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و لایەنەكانی تری هەیە، توانای دروستكردنی هەزاران خەجێ خانمی هەیە.


PM:02:27:08/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 2374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی