رەقەمێكی دڵخۆشكەر، واقیعێكی بێ ئومێد

‌شوان بەرزنجی

بەرپرسێكی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێ گوتم كە 4 ملیار و 940 ملیۆن  دۆلار  وەبەرهێنانی پیشەسازی لە كوردستان كراوە.

ئەوە رەقەمێكی دڵخۆشكەرە و  مایەی ئەوەیە دڵمان پێی خۆش بێت و لەوە تێ بگەین لە كوردستانیش سەرمایەگوزاری پیشەسازی تێدایە و شوكر بۆ خودا شتێك هەیە. بەڵام كاتێك سەیری  واقیعەكە دەكەین بە داخەوە شتی تر دەبینین كە زۆر دوورە لەو رەقەمە دڵخۆشكەرە.
بە رەقەم بێت نزیكی 4 هەزار كارگەی خۆماڵی لە كورستان هەیە، بەڵام بە واقیع بێت، سەدان كارگەیان  قوفڵیان لێدراوە و داخروان و نزیكی 80%یان بێكارن، ئەوانەشی كار دەكەن وەكو ئەوە وایە هەر كار نەكەن.

بە رەقەم بێت 33 هەزار كەس لەو كارگە ناوخۆییانە كاردەكەن و هەلی كاریان بۆ رەخساوە، بەڵام بە واقیع بێت ئێستا 700 هەزار كەس لە كەرتی تایبەت بێكار بوونە  لە یەك ملیۆن  خانەوادەی  كوردستانیش 100 هەزار كەس لە هێڵی هەژاری دەژین.

بە رەقەم بێت ساڵانە 20 ملیار دۆلار كاڵا لە دەرەوە دەهێندرێتە كوردستان،بەڵام لە واقیعدا كارگە و پیشەسازی كوردستان نەیتوانیوە وەكو پێویست بەرهەم هێنەر بێت و پێداویستی ناوخۆ پر بكاتەوە.

بە رەقەم بێت حكومەت 25 كارگەی  هەیە،بەڵام بە واقیع بێت  تەنها چەند كارگەیەك كار دەكەن ئەوانیش بەرهەمێكی ئەوتۆیان نیە و خەرجیان لە قازانج زیاترە!؟.

بۆیە پیشەسازی و كارگە لە كوردستاندا  لە ئێستادا ناتوانێت وەڵامی داواكاری خەڵك بداتەوە و لە  ئاستی چاوەورانیە زۆرەكانی ئێمە دابێت،هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی پلان و پاڵپشتی و كەسانی شیاوە لە شوێنە گرنگەكانی ئابوری و پیشەسازی ئەم ووڵاتە.

كێشەی  كارگەكانی پیشەسازی لە كوردستان بۆ خراپی ژێرخان و نەبوونی هێزی كێبڕكێی بەرهەمی دەروە و نەبووونی كەرستەی خاو لە نێو هەرێم دەگەڕێتەوە دەبێت ئەو واقیعە تاڵە چارە بكرێت.

كاتی ئەوە هاتووە بەرپرسانی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی ئەم وڵاتە واز لە گوتنی رەقەمە زەبەلاح و دڵخۆشكەرەكان بهێنن، بەڵكو لە بڕی ئەوە بێن  دەست بخەنە سەر برینەكانی ئابوری و پیشەسازی ئەم وڵاتە.

كاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەك بە پرۆژە و پلان چارەسەری تازە بخەنە روو بۆ رزگاركردنی كەرتی پیشەسازی كوردستانن ئەو كەرتەی دەتوانێت نەك 5 ملیۆن ،بەڵكو  10 ملیۆن كەسیش بەرێوە ببات، بەڵام ئەوە  بە رەقەم و قسەی زل ناكرێت، بەڵكو بە كارو تێكۆشان و پرۆژە دەكرێت.




PM:05:58:07/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3049 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی