ئامادەین قسە لەسەر جێگاکەی دکتۆر یوسفیش بکەین!

‌پەيمان عيزەدين

"ئێمە ئامادەین قسە لەسەر جێگاکەى دکتۆر یوسفیش بکەین" ئەمە قسەی ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بو کە دوێنێ شەو لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ئێن ئاڕ تى) دا کردی.

لە دوای قوڵبونەوەی قەیرانەکان و شکستی پارتی لە دەستەمۆکردنی هێزە سیاسیەکان بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی هەتاهەتایی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای "شۆرشی پێنەکرێت پێی تێکدەدرێت".

سەراپای پرۆسەی سیاسی پەکخست و ئۆباڵی سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی لەسەر سەرۆکی پەرلەمان گیرسانەوە بۆیە لابردنی دکتۆر یوسفی کرد بە کلیلی کردنەوەی گرێ کوێرەکان.

ئەمە بۆ پارتی ئاساییە وەک حیزبێک بگەڕێت بەدوای دەرەچەیەکدا بێ داننان بە هەڵە سیاسیە کوشندەکەیدا، بەڵام بۆخودی گۆڕان و کادر و بەرپرسەکانی زۆر نائاساییە بە هەمان نەفەسی پارتی باس لەو بابەتە بکەن، چونکە ئاشکرایە کە قەیرانە سیاسیەکانی هەرێم لە سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، دکتۆر یوسف هۆکاری بەستەڵەکی گەندەڵی هەرێم نیە، لە هێچ بۆنە یەکیشدا ئاماژەی بە پێشێلکردنی یاسا نەداوە بۆ لەباوەشگرتنی کورسیەکەی.

بۆیە بیرکردنەوە لە سازشکردن بە سەرۆکی پەرلەمان درێژە دانە بە عەقڵی خێڵەکی خوێن خۆشکردن، کە لەبری سزادانی تاوانبار سەرانی خێڵ کۆدەبونەوە و بە ناوی خوێن خۆشکردنەوە کەسێک دەکرایە قوربانی و خوێنەکەی پێ ئەکوژایەوە. 

ڕەنگە ئەمە بۆ قۆناغی سەرەتای خێڵەکی ئاسایی بوبێت، بەڵام زۆر ناجائیزە لە پرۆسەی دەوڵەتداری و ئیدیعای سەربەخۆ بوندا جێبەجێکاری قانون بکەیتە قوربانی و ئەوەی بە تۆپزی قانون ئەهاڕێ و بە بەری خۆی دروستی ئەکاتەوە سوڵحی بۆ بکەیت.

ئەمە کۆتایی ئەو ڕێگا چەوتەیە کە ساڵانێکە چوارچێوەکەی کێشراوە، لێرە بە دواوە هێزە سیاسیەکانن کە دەتوانن لە ڕێی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی دژە گەندەڵیەوە کۆتایی بە و ڕێگایە بێنن.

هیوادارم ئەو بەڕێزە قسەکەی لەدەست دەرچوبێت و گەیاندنی بەرنامەی گۆڕان نەبێت.


PM:01:09:27/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 3439 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی