لە نێوان مافی دەنگدان و دەنگ پێداندا

‌پەيمان عيزەدين

لە نێوان مافی دەنگدان و دەنگ پێداندا
ئیمانوێل ماکرون ، بە نمونە
زۆربەمان و بە تایبەتی لەو چەند ساڵەی ڕابردودا ، نیگەرانی و گلەیمان هەبوە لە ئەدای ئەو کاندیدانەی دەنگیان دەدەینێ و نوێنەرایەتیمان ئەکەن، جار هەبوە پێمان وابوە پارتەکان موەفەق نەبون لە دەستنیشانکردنی کاندید و تەنیا دەنگ کۆکردنەوە ئامانجی سەرەکیان بوە، جاریش هەبوە هەستمان کردوە خۆمان بەهەڵەدا چوین لەوەی فڵانە کاندیمان بە شایستە زانیوە ، لە هەمو حاڵەتەکانیشدا هەمومان پێکەوە، حیزب و دەنگدەر و دەنگپێدراو زەرەرمان کردوە ، حیزب بەهۆی کاندید و دواتر پەرلەمانتار و وەزیری خراپەوە ڕوبەڕوی بێمتمانەیی بۆتەوە لەلایەن دەنگدەرەکانیەوە و دەنگدەریش هەستی بە خەڵەتاندن کردوە و دەنگ پێدراویش ناهەقی لە خۆی و حیزب و دەنگدەر و کۆی پڕۆسەی سیاسی کردوە.

بەڵام ئەمە بۆ وایە؟
بۆ ئاساییە هیچ ماوەیەک لەنێوان مافی گەنگدان و دەنگپێداندا نەمێنێ؟ بۆ بۆتە شانازی کاندیدێکی پەرلەمان بڵێت من لە ژیانما سیاسەتم نەکردوە و ئەمە یەکەم کاری سیاسیمە و بڕیارم دا خۆم کاندید بکەم؟ بۆ بەتەنیا ژن بون و گەنج بون بونەتە تاکە کارتی وەرگرتنی پۆستی سیاسی؟ لە کوێی زانستی سیاسەتدا ئەوەی هەواڵێکی سیاسی بخوێنێتەوە یا سرودێکی نیشتیمانی بچڕێ یا شەکر وچا بۆ بارەگایەکی حیزبی بکڕێ یا جوان و قەشەنگ بێ ، دەبێتە سیاسی و کاندیدی حیزب؟

لەم بەینەدا و بۆ تەبریری هەمو ئەو پرسیارانە هەندێ نمونەی گەنجە سەرکەوتوەکانی دنیا دەهێنرێتەوە، سەرۆکی فەرەنسا بە نمونە.

ڕاستە ئیمانوێل ماکرون گەنج و سەرکردەیەکی سەرکەوتوە ، بەڵام ئایا ڕاستەوخۆ لە مومارەسەکردنی مافی دەنگدانەوە بوە دەنگ پێدراو؟ تا چەند ئەم سەرکردەیە لە نێوان ئەو دو مافەدا مومارەسەی ژیانی ئیداری و سیاسی وڵاتەکەی کردوە؟
\
سەرۆکی ئێستای فەرەنسا کە لەدایک بوی ساڵی ١٩٧٧ ە ، لە تەمەنی ٢٩ ساڵیەوە بوە بە ئەندامی پارتی سوسیالست ، لە ٣١ ساڵی بوە بە پشکنەری دارایی، لە ٣٥ ساڵی بوە بە جێگری ئەمینداری گشتی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا ، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ بوە بە وەزیری دارایی و پیشەسازی، پاشان بۆتە سەرۆکی وڵات.

واتە لەنێوان هەردو مافی دەنگدان و دەنگپێداندا بە زنجیرەیەک کار و ئەزمونی ئیداری و سیاسیدا تێپەڕ بوە ، کە ئەو ئەزمونەی دەیکاتە نمونەی سەرکەوتنی گەنج لە پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا.

ئەوەی لای ئێمە بۆتە مۆدێل بەداخەوە نە خزمەت بە گەنج و نە بە ژن و نە بە پرۆسەی سیاسی ناکات، کاتێک حیزب تەنیا بۆ زیادبونی دەنگەکانی گەنج و ژن ڕیز دەکات و گەنجێتی و ژنێتی جێگای ئەزمون و لێهاتویی دەگرێتەوە، قەیرانی سیاسی لەناو هەمان بازنە دەخولێتەوە ، چونکە نە بوار بە گەنج و ژنەکان ئەدرێت بەر لە کاندید بونیان شارەزایی وەربگرن و ژیانی ئیساری و سیاسی تاقیبکەنەوە، نە ئەوانیش بەو کەم ئەزمونیەوە دەتوانن پڕۆسەی سیاسی ببەنە پێشەوە، لەم بەینەشدا تا دێ بەناو دامەزراوە شەرعیەکان لاوازتر دەبن و لەبەرامبەریشیاندا حیزب تا دێ باڵا ئەکات.

بۆ دەرباز بون لەم دۆخە و بەڕاستی ڕۆڵدان بە ژنان و گەنجان لە بواری سیاسەت و بەڕێوەبردندا، ئەبێت لەناودەستەو شوێنی بڕیاردانی حیزبەکانەوە دەست پێبکرێت، ئەبێت حیزب ببێتە شوێنی پێگەیاندنی گەنج و ژنی سەرکەوتو، حیزب سیاسی بەتوانا بەرهەم بێنێ و بینێرێتە پەرلەمان و حکومەتەوە ، نەک پەرلەمان و حکومەت بکرێنە خولی پێگەیاندنی سیاسی، گرنگە سەرکردایەتی و جومگەکانی دروستکردنی بڕیار لە حیزبدا بدرێن بە گەنجان و ژنان و لەوێوە شارەزایی و ئەزمون کۆبکەنەوە و ئاڕاستە و بەڕێوەبردنێکی نوێ بۆ حیزب و روئیای سیاسی مسۆگەر بکرێت.


PM:06:02:17/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی