ڕێبازی کاک نەوشیروان و دوبارە کاندیدبونەوە

‌پەيمان عيزەدين

لەگەڵ دەرکەوتنی سەرەتاکانی ناوی کاندیدەکانی پەرلەمان و تا ئێستاش کە ناوەکان ئاشکرا بون، قسەیەکی زۆر کرا و دەکرێ لەسەر خراپی دوبارە کاندید بونەوەی هەندێک پەرلەمانتاری خولەکانی ڕابردوی پەرلەمان، ڕەخنە و گلەییەکانیش زیاتر لەسەر کاندیدەکانی گۆڕان چڕدەبێتەوە ودەکەونە بەراوردکاری ئاڕاستەی ئێستای گۆڕان و ڕێبازی کاک نەوشیروان.
مەسەلەی دوبارە کاندیدبونەوە بۆ پەرلەمان بابەتێکی نوێ و نامۆ و تایبەت نیە بە هەرێمی کوردستان و یەکێکە لەو باسانەی کە لای خۆمان خەریکە ئەبێتە بابەتێکی ڕای گشتی  بۆیە و بەتایبەتیش کە کاندیدی هێچ لیست و حیزبێک نیم ، بە گرنگم زانی لەسەری ڕابوەستم.

ئەسڵی دوبارە کاندیدبونەوە:

ئەسڵ وایە لە سیستمی پەرلەمانیدا ، پەرلەمان باڵاترین دەسەڵات و دامەزراوەی تەشریعی بێت و لە چوارچێوەی ئەرکەکانیدا ، داڕێژەری یاساکان و چاودێری حکومەت بێت، پەرلەمانتارەکانیشی دەبێت نوێنەری گەل بن و لەبری گەل هەستن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، جا ئەگەر لەسەر ئەم ئەسڵە سەیری پەرلەمان بکەین ئەوا دەبێت هەم نوێنەر ئازاد بێت لە خۆ کاندیدکردنەوە یان نا و هەم دەنگدەریش ئازاد بێت لە دوبارە دەنگدانەوە بەو کاندیدانە یان نا، لەسەر ئەم بنچینەیەشە کە لە هەمو سیستمە پەرلەمانیەکاندا ڕێگری لە دوبارە کاندیدکردنەوە ناکرێ و پەرلەمانتار هەیە بۆ زیاتر لە ٤ خولیش  متمانەی دەنگدەرانی وەرگرتۆتەوە.

ئەسڵی کێشەی خۆکاندیدکردنەوە لای ئێمە:

ئەسڵی کێشەکە و خراپ سەیرکردنی دوبارە خۆکاندیدکردنەوە لە چەند خاڵێکدا کورت ئەکەمەوە.

١-پەرلەمان لای ئێمە لەسەر دەستی ئەم حیزبانەی هەن نەبۆتە دامەزراوەی تەشریعی و چاودێری و هیچ پێگەیەکی لە بڕیاری سیاسی و چارەنوسسازی هەرێمدا نەبوە و نیە .

٢-بەهۆی کاندیدکردن و پشتیوانیکردنی چەندین کادری حیزبی بێتوانا و ناردنیان بۆ پەرلەمان ، پەرلەمان وەک ناوەندێک بۆ چنینەوەی ئیمتیازات کەوتۆتە بەرچاو ، بۆیە لە ڕوانگەی عەدالەتەوە وا سەیردەکرێت کە با هەر ٤ ساڵ جارێک کۆمەل و دەستەیەکی تر سودمەند بن، کە ئەم بۆچونەش ئەوەندەی تر پەرلەمانی بێ بەها کردوە.

٣-بزوتنەوەی گۆڕان و بە تایبەت کەناڵی کەی ئێن ئێن ، ڕۆڵی سەرەکیان هەبو لە هێنانە ئارای ئەم بۆچونە،کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕای کەسیی و ڕق و حەسودی بەشێک لە کادری ئەو بزوتنەوەیە و بەرپرس وبەشێک لە ڕۆژنامەنوسانی کەی ئێن ئێن لەو کاتەدا کە بەداخەوە زیاتر لە یەکێتی و پارتی دژایەتی فراکسیۆنی گۆڕان و پەرلەمانتارەکانیان دەکرد و ڕۆڵی سەرەکیان هەبو لەداڕشتنی کەلتوری سوکایەتیکردن بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران کە ئێستا خۆیان گیریان خواردوە بە دەستیەوە.

ڕێبازی کاک نەوشیروان:

کەس ناتوانێت نکۆڵی  لە توانای سیاسی و فراوانی بیری سیاسی کاک نەوشیروان بکات ، ئەگەر بەتەنیا بەم هۆکارەش بێت ناکرێت بڕوا بەوە بکەین سیاسیەکی بەتوانای وەک کاک نەوشیروان وەک ئیمتیاز سەیری پەرلەمانی کردبێت و بڕوای وابوبێت کە دەبێت هەر ٤ ساڵ جارێک کۆمەڵێک  سودمەند بکات ، سەرباری ئەوەش من چەند بەڵگەیەک دەخەمە ڕو کە تەواو پێچەوانەی ئەو قسەیەیە کە دوبارە کاندیدکردنەوە دەرچون بێ لە ڕێبازی کاک نەوشیروان:

١-لە خولی سێیەمی پەرلەماندا.خاتو کوێستان محمد عبدوڵا کاندیدی لیستی گۆڕان بو و کە لە خولی دووەمیشدا ئەندامی پەرلەمان بو، بەڵام کاک نەوشیروان نەیوت نابێت دوبارە کاندید بکرێتەوە بەڵکو کردیشی بە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان.

٢-لەدوای تەواو بونی خولی سێیەمی پەرلەمان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و خودی کاک نەوشیروانەوە بە فراکسیۆنەکەمان ڕاگەیەنرا کە هەمو ئەندامانی فراکسیۆن بۆیان هەیە خۆیان کاندید بکەنەوە، بەڵام کەس نەیویست فۆرمی کاندید بونەوە وەربگرێت کە ڕەنگە لە کات و دەرفەتی تردا ئەو باسانە و هۆکارەکانی گرنگی خۆیان هەبێت.

بۆیە گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە تێکەڵ و پێکەڵە شتەکان وەک خۆیان ببینین و هیچ کەسێک بار نەکەین بە خەیاڵ و ئەندێشەی خۆمان،خۆ کاندیدکردن و خۆکاندیدکردنەوە مافی هەمو کەسێکە، گرنگ چۆن ئەو کەسانە دەتوانن متمانەی دەنگدەر بەدەست بێنن.


AM:11:43:17/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 4234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی