ئەمە ڕۆژەکە بوو کە لێی ئەترسام!

‌پەيمان عيزەدين




بە دڵنیاییەوە هەمولایەک تێبینی بێدەنگی بەڕێزانی خانەی ڕاپەڕاندنی لە بزوتنەوەی گۆڕانی کردووە هەم لە ژیانی کاک نەوشیرواندا و هەم لەدوای نەمانی ئەویش. کە حاڵەتێکی تەواو ناسروشتی و دەگمەنە بۆ هێزێکی سیاسی خاوەن سەدان هەزار دەنگدەر، دید و بۆچون و پلانی کار و ئاراستەی سیاسی حیزبەکە تەنیا لە وتەکانی کاک نەوشیروانەوە ببیستیت. 

لەسەروبەندی ڕیفراندۆمدا و بە دیقەتدانی کەناڵی KNN کە بەردەوام وتەکانی کاک نەوشیروانیان بڵاوئەکردەوە ئەو بێ پەیامیەی خانەی ڕاپەراندن هێندە زەق دیاربوو کە باناچاری خەیاڵم بۆ ئەوە چو ئەگەر رووداوێک یان بابەتێک هاتە پێشەوە و کاک نەوشیروان قسەی لەسەر نەکردبوو، خانەی ڕاپەڕاندن چی ئەکەن؟

ڕەنگە ئەمە لە ژیانی کاک نەوشیرواندا زۆر جێگەی تێبینی نەبوبێت، چونکە بەڕێزیان وەک ڕێکخەری گشتی بەو ئەرکە هەستابن و بۆشاییەکیان جێنەهێشتبێت (ئەگەرچی لەوکاتەشدا زانینی ڕاو سەرنج و دڵنیابوون لە ئەگەری بوونی سەلیقەی سیاسی سەرکردەکانی گۆڕان کاریگەری خۆی دەبوو) بەڵام لەدوای نەمانی کاک نەوشیروان ئەو بۆشاییە زۆر بە کراوەیی دیارە.

ئێستا لەوبڕوایەدا نیم ئەندامانی گۆڕان و دەنگدەرانیان هیچ لەسەرئاست و ئاراستەی فیکری و توانای گەیاندنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بزانن جگە لەوانەیان کە لە ژوورەکانی خۆیاندا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن (بۆ ئەمانەش باش بن یان خراپ وەک یەکە و بیروڕایان لەسەر ئەو بەڕێزانە ڕێژەی نەگۆڕە)، ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەت و ڕابەرایەتیکردنی حیزبی سیاسی پێویستی بە گەیاندنی پەیام و کارکردنە سەر دەنگدەرانی هەیە.
دەنگدەری نامولتەزیم پێویستی بە دڵنیابوون هەیە لە ئاستی سەرکردەکانی ئەو پارتەی متمانەی پێیەتی کە ئەمەش بە لێدوان و گفتوگۆکردن دەبێت. 

ئەوا ئەو ڕۆژەی لێی ئەترسام هات، عیراق و دەورووبەر و دنیا دژی ریفراندۆم وەستاونەتەوە، بارزانی لەبەر نەشیاویی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکی هەرێم وا ئەنجومەن و دامەزراوەی تر بۆ بێقیمەتکردن سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان درۆست دەکات و سەرلەبەری پەیکەرەی سیاسی ئەگۆڕێت، کە هیچ کام لەمانە لە ژیانی کاک نەوشیرواندا نەبوون، ئەی ئێستا چی؟

ئاشکرایە ئێستا هەرێم بە خراپترین و هەستیارترین کاتیدا تێپەڕدەبێت، کە هەم زۆربەی پارتەکان و هەم خەڵکیشی توشی دڵەڕاوکێ و ڕاڕاییەکی زۆرکردۆتەوە و گرنگترین ڕۆڵی حیزب لەم کاتانەدا بەدەردەکەوێت، بەڵام خانەی ڕاپەڕاندنی بوتنەوەی گۆڕان نەک هەر بێدەنگن بەڵکو تا ئێستا بەڕێزێکیشیان خۆیان ماندو نەکردوە وتەیەک لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەکانەوە بدات، تا ئێستا تەنیا ئامادەیی گۆڕان بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی بزوتنەوەکە وتە و چاوپێکەوتنەکانی کاک نەوشیروانە، کە ئەمە کارەساتێکی سیاسی گەورەیە بۆ گۆڕان بە گشتی و بەڕێزانی خانەی ڕاپەڕاندن بە تایبەتی.

هیوادارم ئەو بەڕێزانە لەو سوڕی بێدەنگیە بێنە دەرەوە چونکە نە دەنگدەر تا سەر بەدوای بێدەنگیەوەیە و نە پرۆسەی سیاسیش هۆنراوەیە ماناکەی لە دڵی شاعیردا بێت.










PM:01:50:02/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 9745 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی