کە بو بە دوجار.. . خوا خۆت بگرێ

‌پەيمان عيزەدين

کە جارێک خەڵەتای،خوا بیانگرێ
کە بو بە دوجار.. . خوا خۆت بگرێ

ساڵی ١٩٩٢ خەڵک بە خوێنی خۆی دەنگی دەدا، پێمان وابودەنگدان درێژەدانە بە پێشمەرگایەتی و خەبات،کە دەنگەکانمان کەڕەتی سفر کرا ئەو کاتە یەکەم خەڵەتاندنمان بو ،ئەوان سوار و ئێمە پیادە ئەیانزانی بەرەو کوێمان ئەبەن و ئێمەش گێل گێل بە ناوی نەتەوەو مەترسی دەرەکیەوە شوێنیان کەوتین.

لەو کاتەوە تا ئێستا پارتی و یەکێتی سوار و خەڵکی بەشمەینەت پیادە بە دوایانەوەیە، شەرمان پێدەکەن بڕوایان پێدەکەین، ئاشتمان دەکەنەوە هەر بڕوایان پێدەکەین، موچەمان دەدەنێ ڕازین، ناشماندەنێ و برسیمان دەکەن هەر ڕازین، ئەڵێن لەگەڵ عیراقین ڕائەکەین بۆ دەنگدان بە دەستورێک کە نازانین سنورەکەمان تا کوێیە، ئەڵین ڕیفراندۆم ئەکەین هەر دوایان ئەکەوین بێ ئەوەی بڵێن دەوڵەتەکەمان چۆنە؟.

ئەگە لەخەڵەتانی یەکەمماندا خوا پارتی ویەکێتی بگرێت ئەوا لە ئێستادا خوا خۆمان بگرێت کە پلانێکی وا گەورە بەسەرماندا تێدەپەڕێت.

ئەو کاتەی بڕوامان کرد دەسەڵاتدارێک ٢٥ ساڵ بە گەندەڵی بیهێنێت ، بە بەرچاوی خۆمانەوە سامان و سەروەتمان ببات، خەڵک برسی و خۆیان شاهانە بژین و هێشتا پێمان وابێت ئەم دەستە و تاقمە ئەتوانن دەوڵەتمان بۆ دروست بکەن .

ئەگەر دروستیشیان کرد هەمومان خۆشگوزەران و ئاسودە دەبین و مناڵی پێشمەرگەیەک و مناڵی سەرۆکی دەوڵەت لەیەک نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و ولە یەک خوێندنگا دەخوێنن و..... و ، ئەوا تا ماوین ئەوان سوار و ئێمە پیادە ئەبین.


PM:04:31:08/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 8332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی