د.یوسف نەك كەم تەجربە بو بەڵكو هەر بێ تەجربەش بو!!!

‌پەيمان عيزەدين


لەبەشێك لە لێدوانی سیاسەتمەدارانی كوردو بەرپرسی حزبەكان سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەكان و پەككەوتنی پەرلەمان، بەشێك لە ئۆباڵی ئەو قەیرانانە ئەخەنە ئەستۆی كەم ئەزمونی دكتۆر یوسف. گوایە بەڕێزیان بەهۆی نەبونی ئەزمونی كاری پەرلەمانیەوە نەیتوانیوە ململانێكان رابگرێت.

ئەم قسەیە زۆر راستەو ئەو سیاسیانە باش و بە قوڵی رۆچونەتە ناو بارودۆخە سیاسیەكانی هەرێم. بۆ ئەوەی بزانین كەم ئەزمونی دكتۆر یوسف بە وردی لە كوێدا بو، ئەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەزمونی دامەزراوەی پەرلەمان و سەرۆكەكانی پێشتری بۆئەوەی بە بەراورد بە ئەزمونی ئەوان، كەم ئەزمونی دكتۆر یوسف ئاسانتر دەركەوێت.

پەرلەمانی كوردستان لە سەرەتای دروستبونیەوە واتا لەساڵی ١٩٩٢ وە بە تەوافوق لەسەر وەلانانی دەنگی هاووڵاتیان دروست بو، یەكێتی ئەنجامی دەنگەكانی بەدڵ نەبو و پارتیش بۆ بێدەنگكردنی یەكێتی و لەپێناو لەدەستنەدانی دەستكەوتی داهاتوی قەبەتر، بەنیوە بەنیوە رازی بو، ئەوەی لە سندوقی دەنگدانیشدا بو لە ماندوبونی سەرەی دەنگدانی هاووڵاتیان بەولاوە هیچیتر نەبو، ئا لەو كاتەوە سەرۆكی یەكەم خولی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان چاویان لە راستی ئەنجامەكانی دەنگدان داخست و وەك ئەكتەری لێهاتوی حیزبەكانیان سیناریۆی پەرلەمانیان بەڕێوەدەبرد.

كە حیزبەكانیان شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند، ئەمانیش بونە دوژمنی یەكتر و ئامادەبون هۆڵی پەرلەمان بكەنە مەیدانی جەنگ، یەكێكیان دەبابەی بەعسی ئەهێنایە ناو پەرلەمان و ئەوی تر هەوڵی دروستكردنی پەرلەمانی خۆی دەدا و بەم شێوەیە. جێبەجێكاری سەرەكیش سەرۆكەكانی پەرلەمان و ئەندامانی بون، نە رۆژێك یەكێكیان وتیان ئەمە پێچەوانەی پەیڕەو و یاسایەو نە حیزبەكانیان سزادا لەبەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ .

لە دوای جەولەی شەڕیش، جارێكی تر پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، ئەمجارە سەردەمی ئاشتی نێوان یەكێتی و پارتی بو، ئاشتیەك كە بنەمای بەرقەراربونی دابەشكردنی سەروەت و سامانی هەرێم بو لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا، دیسانەوە بە پشتیوانی پەرلەمان و لەو خولەشدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بونەوە، هەمان ئەكتەری بە توانای حیزب و بەرژەوەندی و بڕیارەكانی حیزبیان ئەكرد بە قانون، هەر بە قانون هەمو دزی و جەردەییەكانیان رێكخست. بە قانون بۆ دەیان ساڵی داهاتو زەمانەتی بەرژەوەندیەكانیان كرد، بە قانون حیزب و ئەندامانی حیزبیان كردە خاوەن كۆمپانیای گەورە گەورە، بونە خاوەن ئەزمون لە دورینی یاسا و بە قانونی كردنی گەندەڵی و ژێرپێخستنی پەیڕەوی ناخۆ.

جا كاتێك دكتۆر یوسف دێت و دەست لەسەر ناقانونیەكان دادەنێت، دەستدەگرێت بە پەیڕەوی ناوخۆوەو جێبەجێی دەكات، كاتێك كە نە پێشتر و نە كاتی پەرلەمان كۆمپانیای دروستكردبێ و نە بوبێتە شەریكی ئەم مەكتەب سیاسی پارتی و ئەوی یەكێتی، كاتێك نە باڵەخانەی گەورەی هەبێت یاسای بۆ بگۆڕێت و نە كۆمپانیای دەرمان دەستكاری تەندەرەكانی بۆ بكات، چۆن كەم ئەزمون نابێت؟!

پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا بۆ پێشێلكاری یاساو بە قانونی كردنی گەندەڵیە بۆیە هەر كەسێك لەو بوارەدا پسپۆڕی و ئەزمونی پێشتری نەبێت نەك كەم ئەزمونە بەڵكو هەر بێ ئەزمون و لێنەزانیشە.
لەئێستای قەیرانەكان و پەككەوتنی پەرلەمانیشداو لەگەڵ شاهیدی زۆرینەی خەڵك لەسەر ئەو راستیانە، هەق نییە ئەوانەی لە دڵیشیاندا مونكەریان پێناگۆڕێت، بە دەم پشتیوانی ئەو هەمو مونكەرەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بكەن و چاویان لە ئاست ئەم تەجروبە نوێیە بنوقێنن و ویژدانیان بخەوێنن.


PM:05:34:10/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 10467 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی