‌مەسەلەكە مەتەڵێكی فیكری نییە
PM:12:09:23/06/2019
ستران عەبدوڵا


پرۆسەی سیاسیی عیراق لە وەختێكی خراپدا دەستی داوەتە مەسەلە هەستیارەكانی كە بیچمی سەرەكیی دەوڵەتی عیراق پێكدەهێنن. وەختی خراپ نەك هەر بۆ كورد كە چەند ساڵێكە هەوڵی پاشەكشێپێكردنی دەدرێت لە راڕەوەكانی سیاسەتی عیراقدا. بەڵكو خراپ تەنانەت بۆ رەوتی دیموكراسی ‌و مەدەنی ‌و دەستووری وڵات، ئەوی لە بنچینەدا لاوازە نەخاسمە كە ئێستا لەبەر دۆخەكەی كورد ئەویش ناتوانێت پاڵبدا بە فاكتەرێكی پشت قایمەوە. لەم دۆخە شڵەژاوەی كە كاری لەسەر پێكهاتنی ما باقی كابینەی حكومەتیش كردووە ‌و هێشتا خەڵك لە شەڕی داعش نەحەواوەتەوە گرژیی تاران ‌و واشنتۆنیشی هاتۆتەسەر، كە دوو ووڵاتن بە گۆشت ‌و خوێن تێكەڵی جووڵەی سیاسیی عیراقن، ئا لەم وەختەدا داڕێژەرانی یاسا ‌و كۆمسیۆنە تایبەتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ یاسای نوێی دادگای فیدراڵی دەستپێكردووە.
دادگای فیدراڵی (محكمەی ئیتحادی) یەكێك دەبێ لە كۆڵەكەكانی دامەزراوەی دەستووری وڵات و لە تەنگانەدا هەم فیدراڵیخوازان ‌و هەمیش لێقەوماوان دەتوانن هانای بۆ بەرن تا لە دەستی هێزداران بیانپارێزێ، ئەگەر هیوایەك ما بێ بە پاراستن ‌و پارسەنگ راگرتن. پڕۆژەیاسای نوێ چوار فوقەها و شارەزای یاسایی نووساندووە بە پێكهاتەی دادگای فیدراڵییەوە كە پێویستە لە سەرۆك ‌و جێگرەكەی ‌و پێنج ئەندام پێكبێت ‌و گەرەكە گشتیان قازی بن. لەكاتێكدا بڕگەی دوو لە مادەی 92 لە دەستووری عیراق ئێژێ بوونی شارەزا ‌و فوقەهاكان بەشێكە لە دامەزراوەكە، نەك بەشێك لە پێكهاتەكەی. واتا رۆڵێكی راوێژكارییان هەیە، نەك رۆڵێكی بڕیاردەر.
بێگومان هەر كەسێك رەخنە لە پڕۆژەیاساكە بگرێت داڕێژەرانی دەڵێن جا ئەوە پڕۆژەیە ‌و شێوەی كۆتایی وەرنەگرتووە، بەڵام مەعلومە ئەم بڕگەیە لە پڕۆژەكە كە سەرپێچییەكی ئاشكرای دەستوورە لە وێستگەی هەرە هەستیاری داڕشتنی پێكهاتەی نوێی دادگای دەستووریدا هەر بۆ وەرزشێكی فیكری دانەنراوە. بۆ ئەوە دانراوە لە غافڵگیرییەكدا قەول ‌و قەراری لێ بدرێت، یان لە سەفقە ‌و سەودای گوژمە یاسایەكدا بگۆڕدرێتەوە بە یاسایەكی تر.
ئەم پڕۆژەیاسایە كە بیچمی دەوڵەتی عیراق دەگۆڕێ ‌و دەیكاتە حوكمێكی ئیسلامیی بڕیاردەر، لە ژینگەیەكی سیاسیی خراپدا خراوەتە بەر باس ‌و گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. دیقەتی دەوێ لە هەلومەرجێكدا كە هیچ لەبارنییە بۆ دیقەتدان 

ستران عەبدوڵڵا
23/06/2019
کوردستانی نوێ 




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.