بەهەشتی دایك‌و داعش ‌

‌ستران عەبدوڵا


بەهەشتی ژێر پێی دایك یان دۆزەخی ناو مێشكی داعش؟ كامیان راستی ئیسلامەتی‌و دیندارین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبێ موسڵمانەكان جارێكی تر لەخۆیانی بكەنەوە. ئەمە چەندەمین جارە لەوەتەی داعش خەلافەتی دامەزراندووە موسڵمانەكان رووبەڕووی پرسیاری وا دەبنەوەو رووبەڕووی پرسیاری وا دەكرێنەوە.

وتە مژدەبەخشەكە ئەوەیە پێغەمبەر (د.خ) وتوویەتی: بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە. ئەمە بەڵگەیە لەسەر مەزنی دایك‌و هاندانیشە بۆ بەندەكانی خودا كە رێز لە دایكیان بگرن‌و رەفتار جوان بن لەگەڵیاندا. چونكە ئەو بەهەشتەی ئومێدی هەموو باوەڕمەندێكە، خراوەتەوە ژێر پێی دایكانەوە. دایكت بەكۆڵ هەڵبگرە، پێڵاوی بخە سەرسەرت تا لەو شوێنەی ئەو لێی راوەستابوو ئاسەواری بەهەشت ببینی‌و لەمیوانانی هەمیشەیی باخچە نەمرەكەی خودا بیت.

ئەمە ئیسلامەتییە، ئەمما ئیسلامی داعش، دایك دەباتە دۆزەخی خەلافەتەوەو لەوێش رەجمی دەكات‌و لەسێدارەی دەدات. گوایە دایكەكە داوای لەكوڕەكەی كردووە دەستبەرداری ریزەكانی داعش بێت‌و لەگەڵ دایكی قەڵەمڕەوی وەحشەت‌و دڕندەیی جێبێڵن.

كەچی پاداشتی نەسیحەت لای كوڕی بێ وەفا ئەوەیە خەبەر لە دایكی بدات تا لای هاوشێوەكانی، خۆی خۆشەویست بكات.

دایك كە بەهەشت لەژێر پێیەتی، لەدونیای داعشدا وا پاداشت دەكرێتەوە رەجم بكرێ‌و مردن چارەنووسی رەشی بێت. رققە بۆتە پایتەختی رق‌و كینە، بۆتە دۆزەخێك بۆ ئەو دایكانەی ئیسلامی میهرەبان بەهەشتی خستۆتە ژێر پێیانەوە.

كوردستانى نوىَ



PM:05:41:16/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی