ناوی كوردستان لە بودجەدا

‌ستران عەبدوڵا



كوردستان چقڵی چاوی دوژمنان ‌و داگیركەران بوو، لە مێژووی نەوەت ساڵەی دەوڵەتی عیراقی مەركەزیدا قینیان لێ بوو و حەزیان بە ناوهێنانی نەدەكرد. ئەمما ببێتە فۆبیا لە عیراقی دەستووری و ئیتحادیدا، حكومەتی حەیدەر عەبادی لە خشتەی بودجەدا ناوی نەهێنێ ‌و پەرلەمانی زۆرینەش خۆی لە پێشێلی ناونیشانی دەستووری لابدات. ئەمەیان لاپەڕەیەكی تازەیە لە تۆماری رق ‌و قینە، كە بەس تایفەگەران ‌و شۆڤێنیستە تازە پیاكەوتووەكان لە روویان دێت كاری وا بكەن.

جاران ئەدەبیاتی كوردایەتی بۆ جێگیركردنی ناوی كوردستان لە یادەوەری سیاسیی گەلدا هەمیشە لە بۆنە ‌و وتار‌و ناودا تەشویقی تێكۆشەرانی دەكرد بنووسن: بژی كورد‌و بژی كوردستان. لەبەردەم هەڵمەتی رژێمی حەرەسی قەومی ‌و بەعسی شۆڤێنیدا، مام جەلال (یان كوردستان، یان كوردستان)ی جێگیر كرد. سەرەنجام كوردستان وا بووە واقیعێكی راستەقینە كە تەنانەت سەدام لە حوكمی زاتییەكەی خۆشیدا ناچار بوو دانی پیابنێت و ناوی بهێنێت. رەنگە حكومەتی عەبادی كە هیچی لە مەركەزیەتی جاران چارەسەر نەكردووە، پێی وابێ بەمە تۆڵە لە سەدام دەكاتەوە!!

***
ئەی دەستوور ‌و دادگای دەستووری كە هەمیشە بۆ كورد ‌و كوردستان لەسەر پێیە، تەكلیفی چییە لە ئاست ئەم پێشێلە زەقەدا؟ قەینا واز لە برین ‌و زامی كورد بێنێت، بەڵام ئایا قبوڵێتی زام بخاتە دڵی دەستووری هەمیشەیی وڵاتەوە؟

ئەی نوێنەرایەتیی رەسمیی كورد ‌و سەركردایەتیی كوردستان بە حزب ‌و حكومەت ‌و پەرلەمانیشەوە، لەسەر ئەمە چی دەڵێن؟

بۆ سودفە ‌و ئەولەویاتی تر جێی دێڵن؟ تەنها بە ئەركی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، لە قەڵەمی دەدەن؟

لە دەورانێكدا كە هەندێك خیتابی سیاسیی هەندێك لایەن وا لوتبەرز بوون لە نووسین ‌و داڕشتنی عەرەبیشدا (كوردستان)یان بەسەر ئیملای عەرەبیشدا فەرز دەكرد، گوایە هەمزەی (كردستان) ناتوانێ كەڵكەڵەی نەتەوەیی ئەوان تێر بكات، ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم هەڵمەتە شۆڤێنییەدا داخۆ بۆچی خۆیان بێدەنگ كردووە؟

كوردستان راستییەكی مێژووییە، نابێ رێ بدرێت رۆژگارە هەڵەكانی عیراق و كوردستان دەرفەتی بێت.

وتمان جارێ لە عیراقی فیدرالی دەمێنینەوە، قەینا وتمان خەتەنە، بەڵام مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم وتەنی: خەتەنە، نەك لەبنا.


PM:04:47:08/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1155 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی