كەركوك قۆناغی شۆك بەسەربچێت

‌ستران عەبدوڵا


ئەوی لە غەفڵەتێكی زەمەن دەقەومێت، قەت نابێتە راستیی جێگیر و هەرگیز لەسەر بنچینەی ئەو بەدەستهاتووەی زادەی غەفڵەت و بەسەرهاتی ناجۆری سیاسی و سەربازییە، راستی نوێ بنیاتنانرێت. ئەوی بە زۆر دەسەپێنرێت، سەرەنجام دەبێ رادەستبكرێتەوە. جا بە سیاسەتی ژیر، یان بە رەوایی هێز و هێزی رەوایی هەقدارەكان. مێژووی كوردستان و رەوتی دۆسێی تەعریب و تەرحیل و پاكتاوی رەگەزی لە كەركوكیش هەروا دەڵێن.

كورد، بەتایبەتیش بزووتنەوەی كوردایەتی، ئەم راستییە دەزانێت و لەسەر بنچینەی ئەو راستییەش لە وێستگە جیاجیاكانی پرسی كەركوكدا، سەبری ئەیوبی نواندووە، بەڵام لە كات و ساتی بڕیاردا، سەبری ئەیوبی بە سەبری شۆڕشگێڕی سپاردووە.

بەڵێ وایە كە پاشەكشێ لەدوای هەلومەرجی ریفراندۆم و پەلاماری حەشدی شەعبـی بۆ سەر كەركوك، شۆكێكی كوردستانیی لە ئاستی سیاسەتی رەسمی و میللیش دروستكردووە، بەڵام شۆك نییە كە ئیحتوا نەكرێت و خاوەن مەسەلە بۆ ئیعتباری خۆی و خاوەندارێتی لە مەسەلەیەكی رەوا، خۆی لێ رانەپسكێنێت و جارێكی دیكە لەسەری نەیەتە جواب و بەرپەرچی نەداتەوە.

ئەوی لە كەركوك روودەدات، لە نوێبوونەوەی تەعریب و لە پەنگخواردنی رەوشی ئیداری و بێ چارەسەر مانەوەی كێشەكان و كەین‌وبەینی شەوانەی عروبە و تۆرانیزم بە رەنگی مەزهەبی تازەوە، شتێك نییە بە كوردستانیان قبوڵ بكرێت.

ئەوانەی دەستوور بە تەرجەمەی قۆڵبەستكردنی كوردستان و كورد دەخوێننەوە، فێری خوێندەواری و سیاسەت نەبوون و نازانن كورد بۆیە نەخشەڕێی دەستووری قبوڵە، چونكە دەزانێ راستییە مێژووییەكان لەگەڵ راستییە دەستوورییەكاندا یەكدەگرێتەوە و ئەهلی هەقداریش هەمیشە حورمەتی بنەما دەستوورییەكان دەگرن، بۆیە زەرورە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركمانیش پێیان بوترێ؛ كەركوك جێپەنجەی دەستی شەهیدانە لە مامەڕیشەوە تا شێركۆ و حسێن مەنسوور.

هەروەها جێی خۆیەتی و ئەولاتریشە، بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و كارەكتەرەكانیشی كە لە دۆسێی كەركوكدا، یەكێتی كارەكتەری سەرەكی بەرەنگاربوونەوەیەتی، خۆیان زوو مشتوماڵ بكەنەوە و خاوەندارێتی هەمەلایەنە، لە (حەتاكەی) مام جەلال بكەنەوە، كە هەمیشە دەیووت: دەمرم و داخێك، حەتایەكی كەركوك لە دڵما دەمێنێت.
قۆناغی شۆك بەسە.

كوردستانى نوىَ


PM:01:12:31/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 1247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی