گرنگیی هاوبەشیی ئەمریکا و عێراق بۆ خەڵکی عێراق

‌ئەلینا رۆمانەوسکی

رەمەزانتان پیرۆزبێت. هیوادارم ئەم وتارە هەندێک بیرۆکە بخاتەڕوو بۆ رەچاوکردن لەماوەی ئەم مانگەی تێڕامان لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان.

پاش راگەیاندنی لیژنەی باڵای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، سەرکردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق دانوستان لەسەر گۆڕانکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن و بەدیاریکراوی بوونی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە ماوەیەکی درێژە پاڵپشتی هاوبەشە عێراقییەکان دەکەن لە تێکشکاندنی داعش. لەکاتێکدا کە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە فرە چەشنەکانیەوە لەنزیکەوە چاودێری ئەم گۆڕانکارییە گرنگە دەکەن، چەندین کەس دەپرسن ئەمە واتای چییە بۆ پەیوەندی ستراتیژیی فراوانی ٣٦٠ پلەییمان. تەنانەت هەندێک دەپرسن بۆچی گرنگە ئەم هاوبەشییەمان بمێنێتەوە.

من تێدەگەم کە هەموو عێراقییەکان بەهەمان شێوە سەیری پەیوەندییەکەمان ناکەن، هەروەها هەبوونی رای جیاواز لەسەر ئاراستەی وڵاتەکەتان شتێکی سروشتییە – بگرە ئاماژەیە بۆ دیموکراسییەکی پێگەیشتوو. لەبەرئەوە، دۆخی ئێستا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ رەچاوکردنی ئەوەی چ جۆرە پەیوەندییەکی ستراتیژی درێژخایەن ئێوە دەتانەوێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیاد بنێن. تێچووەکانی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر بەرزن – نەک تەنها بۆ پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، بەڵکو بۆ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ جیهان.
وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، من شکۆمەندم بە کارکردنی رۆژانە لەگەڵ خەڵکی عێراق و نوێنەرەکانیان بۆ خستنەڕووی روانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی هاوبەشیی ستراتیژیی. لە ناو چوارچێوەی رێککەوتنی مێژوویی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراقی ساڵی ٢٠٠٨ کە رێنوێنی پەیوەندییەکەمان دەکات، من ئەوە دەبینم کە عێراق چەند بەدەست دەهێنێت لە هاوبەشییە ستراتیژییە بەردەوامەکەمان، چونکە دەسکەوتەکانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەمان بۆ عێراقییەکان. ئەمانە ئەو شتانەن کە من دەیانبیم.

ئێمە پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەرەوەری عێراق و شان بەشان وەستاین لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان بۆ رزگارکردنی عێراق لە بەڵای داعش. پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دەرکەوتنی داعش و پێنج ساڵ بەسەر شکستی مەیدانی داعش، پێویستە بەرچاو ڕوون بین سەبارەت بەوەی هەڕەشەی داعش هێشتا لەسەر عێراق ماوە – لە ناو عێراق و لە سوریاوە. ئێمە دەخوازین هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانای پێویستیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئایندە، لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە، کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردوە بۆ بونیاتنانەوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداویستییە گرنگەکانی وەکو چەکی پێشکەوتووی فرۆکەی ئێف ١٦ و زرێپۆشی جەنگی ئەبرامز و هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی فرەچەشنی عێراق بکەن و وەڵامدەرەوەی حکومەتی خاوەن سەروەری عێراق بن و بتوانن بەرگری بکەن لە عێراق و رۆڵی عێراق لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڵام پێویستیمان بە پەیوەندی زیاترە نەک تەنها پەیوەندی ئاسایش. پێویستمان بە پەیوەندی ئابووریی، کەلتوریی، پەروەردەیی و پەیوەندی خەڵک بۆ خەڵک هەیە کە عێراقی نوێ بنیادەنێن کە عێراقێکی مۆدێرن و سەقامگیر و ئارام و خاوەن سەروەری و گەشەسەندوو و بەستراو بە جیهانەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا گەورەترین کۆمەکبەخش و پاڵپشتی عێراقە. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی"USAID" زیاتر لە ١١ ملیار دۆلاری ئەمریکی وەک کۆمەکی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگەکان پێشکەشکردووە. ئەمە هاوکاری عێراقییەکان بووە بۆ دامەزراندنی سەدان بزنس و دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بونیاتنانی ١٥٠ قوتابخانەی نوێ و ٢٥ بنکەی خزمەتگوزاری تەندروستی و ١٣٠ پرۆژەی ئاو. لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە سێ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیمان دابینکردوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە عێراقییەکان و پەنابەرانی کەمدەرامەت لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاوەڕۆی باشتر. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە وەبەرهێنانمان بە بڕی ١٥٧ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە پرۆژەکان کردوە بە سەرپەشتی عێراقییەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ١٢ ملیۆن عێراقی.

هەزاران عێراقی سوودمەندن لە پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕییە پەروەردەیی و کەلتورییەکانمان. لەوکاتەوەی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕییەکانمان بۆ قوتابیانی ئامادەیی و زانکۆ ١٧ ساڵ لەمەوبەردەستی پێکردووە، زیاتر لە ٥٠٠٠ گەنجی عێراقی گەشتیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئەمجاندانی کاری گەورە لە عێراق. لە ساڵی (٢٠٢٤)، ٤٠٠ گەنجی تری عێراقی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی پرۆگرامە ئاڵوگۆڕەکانمان دەکەن لەوانەش پڕۆگرامی ناوازەی فولبرایت و پرۆگرامی ئاڵوگۆڕیی سەرکردەکانی گەنجی عێراقی و پرۆگرامی نێودەوڵەتی سەرکردەی سەردانکەر. هاوکات لەناو عێراق پرۆگراممان هەیە، لەوانە وانەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕاهێنانی مامۆستا و دەرفەتەکانی تواناسازی بۆ کارخوازان و کارسازان و چالاکوانانی ژینگە. پرۆگرامەکانمان دەرفەتی بونیاتنانی توانا هەمەجۆرەکان دابین دەکەن بۆ ئافرەتان و کچان، لەوانەش بەدەستهێنانی بڕوانامەی کەرتی تەکنەلۆژیا لەلایەن کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و گوگڵەوە. باڵوێزخانەکەمان لە بەغداد و کۆنسوڵخانە گشتییەکەمان لە هەولێر ساڵانە هەزاران ڤیزا دەدەن بۆ کارئاسانی گەشتی عێراقییەکان بە مەبەستی بەیەکگەیشتنەوەی خێزان و خۆتۆمارکردن لە زانکۆ و ئەنجامدانی توێژینەوە و دروستکردنی پەیوەندیی کار و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی یان تەنها بۆ چێژوەرگرتن لە گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەبوونی ئێمە وای کردووە ئەم پەەیوەندییانە دروست ببێت.

بازرگانی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق واتا جوتیارە ئەمریکییەکان خۆراکی پێویست بەرهەمدەهێنن بۆ خێزانە عێراقییەکان. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وزە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای تۆڕی کارەبا پێشکەش دەکەن بۆ دەستنیشانکردن و تەنانەت دوورکەوتنەوە لە پچڕانی کارەبا و نوێکردنەوەی تۆرباینی کارەبا و دانانی توانای بەرهەمهێنانی نوێ و بەکارهێنانی گازی سروشتی دەرچوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای خۆماڵی. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دەرمان پێکوتەی کواڵیتی بەرز دەهێنن بۆ عێراقییەکان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، هاوکات کۆمپانیاکانی تر وەبەرهێنان دەکەن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی عێراق لە ڕێگەی کەرەستەی پزیشکی ژیانپارێز و تەکنەلۆژیای نوێی تەندروستی منداڵی ساوا بەمەبەستی بایەخدان بە منداڵانی عێراق. ئێمە پاڵپشتی بانکی ناوەندییمان کردوە لە فراوانکردنی ژمارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بانکە نێوەندەکان، کە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ عێراق لە بواری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی بازرگانی بەشێوەیەکی پارێزراو بە دۆلاری ئەمریکی. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووردا کۆی پارەی هەڵگیراو لە بانکە بازرگانییەکانی عێراق بەڕێژەی ٪٤٠ بەرزبۆتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ متمانەی بەکاربەر بە دامەزراوە بانکییەکانی عێراق، لەکاتێکدا کە پێکەوە کاردەکەین بۆ زیادکردنی شەفافییەت و بنبڕکردنی گەندەڵی و دزی و بەستنەوەی کەرتی بانکی عێراق بە ئابووری کێبڕکێکاری جیهانی.

بە دڵنیاییەوە وڵاتانی تری لە دەرگای عێراق دەدەن و بانگەشەی جێگرەوە دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشانمان پێشکەشی دەکەن. بەڵام وەک باڵێۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، من نابینم هیچ یەکێکیان ئەوەندەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو رۆژێک پێشکەشی خەڵکی عێراق دەکات ئەوان پێشکەشی بکەن. هەروەها هیچ یەکێکیان ناتوانن هاوبەشییەکی هاوتای راستەقینە و یەکسان پێشکەش بکەن کە عێراق ببەستێتەوە بە جیهان و گەشەسەندنی عێراق بەهێز بکات. ئێمە پردی پەیوەندی لەنێوان خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی عێراق دروست دەکەین کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.

کاتێك لەگەڵ گەنجانی عێراقی قسەدەکەم کە نوێنەرایەتی بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە ئایندەی ئەم وڵاتە دەکەن، پێم دەڵێن خزمەتگوزاری پشتپێبەستراوتر و پەروەردەی باشتر و کاری زیاتر و کواڵیتی بەرزتری ژیان و دەرفەتی زیاتریان دەوێت. لەبەرئەوەی دەزانین کە پێکەوە دەتوانین هەموو شتێک لەڕێگەی هاوبەشییەکی بەهێزی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق بەدەستبهێنین، دەتوانین خەونەکانیان بکەینە ڕاستی.


PM:04:47:18/03/2024

ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی